سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان، خەڵکی شۆرشگێری شاری دیواندەرە بۆ پشتیوانی لە بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان سەبارەت بە مانگرتنی گشتی هاتنە سەر شەقامەکان؛ بەڵام لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە هێرشیان کرایە سەر.
لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی شاری دیواندەرەدا هێزەکانی ڕژیم هەوڵیان دا لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە پاشەکشە بە خەڵکی ناڕازی بکەن بەڵام خەڵکی وەگیان هاتوو بە ئیرادەی بەرزی شۆڕشگێڕیی خۆیان بەگژ هێزەکانی ڕژیمدا چوونەتەوە. تا ئێستا چەند کەس لە خەڵکی ئەو شارە بە تەقەی هێزەکانی ڕژیم بریندار بوون و بەداخەوە هەواڵی گیانلەدەست دانی چەند کەسیش باسی لێدەکرێ. خەڵکی ناڕازی بە دروشمی “ئازادی، خوێنی دەوێ” بەرەوڕووی هێزەکانی ڕژیم بوونەتەوە و تێکهەڵچوونەکان تا ئێستاش هەر بەردەوامن.
لە شاری سەقزیش سپای سەرکوتگەری پاسداران بە کڵاشینکۆفەوە خەڵکی داوەتە بەر دەستڕێژ و تا ئێستا چەند کەس بەهۆی دەستڕێژیی هێزەکانی سپا بریندار بوون .
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن لەنێو خەڵکدا کچان و ژنانی شۆرشگێڕ پێشەنگن و بەبێ لەچکە و سەرپۆش بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردوە.