
ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤، پۆلیسی بەغدا ڕاگەیاند، لە گەڕەکی شەهیدانی ناوچەی سەیدیەی بەغدا، شەڕ و پێکدادان لە نێوان حەشدی شەعبی و لیوای حەوتی پۆلیسی فیدراڵی ڕوویداوە.
سەرچاوەکەی پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە، شەڕەکە لە سەر زەوی کشتواڵی بووە، لە ئەنجامدا نۆ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون. لەوبارەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندووە، گرووپێکی چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر فەرمانگەیەکی حکوومی لە بەغدا و دواتر پێکدادان لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارە ڕوویداوە و بووەتە هۆی برینداربوونی ئەفسەر و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان. ئاماژەی بەوەش کردووە، “پۆلیسی فیدراڵی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ڕاستەوخۆ لەلایەن چەکدارانەوە هێرشیان کراوەتە سەر، لە ئەنجامدا ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.” لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزە ئەمنییەکان توانیان ١٤ کەس لەو چەکدارانە دەستگیربکەن کە دەستیان لە ڕووداوەکەدا هەبووە.