
بەپێی زانیارییەکان، چالاکێکی مەدەنی بە ناوی “فواد مورادی” خەڵکی ئاوایی “کێلەکەوو”ی سەر بە شاری دیواندەرە، بە هۆی کەمتەرخەمی بەرپرسانی زیندان و ڕاگیرانی لە بارودۆخی نەشیاودا، توشی دڕانی دیسکی کەمەر بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر ئەو چەندین جار داوای ناردنی بۆ لای پزیشکی کردبوو بۆ چارەسەری، بەڵام ئەو داواکاریانە جێبەجێ نەکرابوو و ڕەزامەندی لە سەر نەدرابوو. جێگای ئاماژەیە، فواد مورادی سەرەتا بۆ ماوەی ٣٢ ڕۆژ لە زیندانی “شەهرانفەر” لە شاری سنە و پاشان ١٠ ڕۆژ لە زیندانی دیواندەرە ڕاگیرا و دواجار بە دانانی بارمتە بە مۆڵەتی پزیشکی ئازاد کرابوو. شایانی باسە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤، لە نەخۆشخانەی “ڕەزا”ی کرماشان نەشتەرگەری دیسکی کەمەری بۆ کراوە. بەپێی زانیارییەکان، دوای تەواوکردنی ماوەی چارەسەرکردنی دەرمانی، بۆ تێپەڕاندنی سزای شەش مانگی زیندانەکەی دەبێت بگەڕێتەوە بۆ زیندانی بیجاڕ. شایانی باسە، فواد مورادی یەکەمجار لە رێکەوتی ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣، دەستبەسەر کرا و ماوەی مانگێک لە زیندان بوو. دووهەم جاریش لە رێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤، دەستبەسەر کرا و لە رێکەوتی ٣١ی پوشپەڕی هەمان ساڵ بە شێوەی کاتی مەرەخەسی دەرمانی پێدرابوو.