بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی گوڵان، سزای سێدارەی سێ بەندکراو بەناوەکانی عەبدولحوسێن ئیمامی موقەدەم خەڵکی کۆیەشتی پارێزگای لوڕستان و بابەک ئاقایی و حوسێن پەنجەک، هەردووک خەڵکی تاران لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێکرا.
ئەم سێ بەندکراوە ماوەی ١٠ ساڵ بەندکرابوون و لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
شیاوی ئاماژەپێدانە، کە شەوی ڕابردوو بنەماڵە و کەسانی نزیکی ئەم سێ بەندکراوە لەبەردەم بەندیخانەی قزڵحەسار کۆبوونەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەی ئەم سێ بەندکراوەیان کردبوو. بەڵام هێزەکانی ڕژیم بە باتۆم و لێدان هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی ئەم بەندکراوانە و بەمەبەستی کۆتاییهێنان بەم کۆبوونەوەیە کەڵکیان لە گازی فرمێسکڕێژ وەرگرت. لە لایەکی دیکەوە و هاوکات، سزای لانیکەم ٤ بەندکراوی دیکە کە پێشتر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج جێبەجێکرا.