بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی گەلاوێژ سزای سێدارەی مەنووچێهر خەزایی، هاووڵاتیی بەندکراوی خەڵکی گوندی “دێلۆر”ی سەر بە شاری کەنگەڤەری پارێزگای کرماشان، لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە بەر لە دەستبەسەرکردنی لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە، خۆی ئەندامی هێزی ئینتزامیی ڕژیم بووە و بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە بەناوی ئەحەد هاشمی، خەڵکی شاری “هەرسین”ی سەر بە پارێزگای کرماشان، لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کرا.
ئەحەد هاشمی، ٧ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری هەمەدان سزای سێدارەی بەسەردا سەپا بوو.