ڕۆژی هەینی ٣ ی سەرماوەز، ئاگربهستی نێوان ئیسرائیل و گرووپی تێرۆریستی حهماس دهستی پێكرد و بڕیاره چوار رۆژ بخایهنێت.
چوارشەممەی رابردوو گرووپی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە گەیشتنە رێککەوتنێک و ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی چوار رۆژ راگەیاند، بەو مەرجەی ئیسرائیل ١٥٠ ژن و منداڵ لە زیندانەکانی ئازاد بکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی ٥٠ ژن و منداڵی بە بارمتەگیراو لە کەرتی غەززە. هەروەها چوونە ناوەوەی زیاتری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە. دوێنێ پێنجشەممە نووسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە ئاشکراشی كرد، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە، بههۆی هێرشهكانی ئیسرائیل گەیشتووەتە ١٤ هەزار و ٨٥٤ کەس، هەروەها لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و ١٥٠ منداڵ و چوار هەزار ژن بوونیان هەیە.
نووسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە ئاماژەی بهوهش كردووە، ژمارەی بریندارەکان بۆ زیاتر لە ٣٦ هەزار کەس بەرزبووەتەوە کە سێ بەشیان ژن و منداڵن. هەروەها زیاتر لە حەوت هەزار کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بێ سەروشوێنن. جێگای ئاماژەیە، زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکداری گرووپی تێروریستی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە ١٤٠٠ ئیسرائیلی کوژراو و زیاتر له ههزار برینداریشی لێ كهوتهوه، هەروەها زیاتر لە ٢٤٠ ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو گرووپەوە دهستبهسهر كراون.