
وڵاتی عێراق لە ڕیزبەندی وڵاتانی جیهان لە ڕێژەی بێکاری لە پلەی ٣٢ەمیندایە و زیاتر لە ١٤ لەسەد لە هاووڵاتییانی بێکارن. بە گوێرەی ڕیزبەندییەکە ڕێژەی بێکاری لە عێراق زیاتر لە کۆرەی باکوورە و لە ناو وڵاتانی عەرەبیشدا، لە پلەی نۆیەم دایە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە عێراق جارێکی دیکە تیشك دەخاتە سەر بەردەوامیی کێشە ئابوورییەکان. لەبری ئەوەی لە باشی خزمەتگوزاری و سەقامگیریی ئابووری لە ڕیزبەندی یەکەمەکانی جیهان بێت، عێراق لە پێشەوەی ڕیزبەندی ڕێژەی بێکارییە لە جیهان. بەگوێرەی ڕۆژنامەی “سی ئی ئۆ وۆڕڵدی ئەمریکی”، لە ٢١٢ وڵات و ناوچە لە جیهان، سوودان لە پلەی یەکەم دێت و ڕێژەی بێکاریی لەو وڵاتە ٤٩ و نیو لەسەدە. هەروەها پاکستان لە پلەی دووەمدایە و ڕێژەکە لە ٤٨ لەسەد دایە. ئەفریقای باشوور لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی ڕێژەی بێکارییە و ڕێژەکە ٣٣ و نیوە. عێراق لە ڕیزبەندی وڵاتانی جیهان لە ڕووی ڕێژەی بێکاری لە پلەی 32ـەمین دێت و ڕێژەی بێکاری لە ١٤ و ٢ لەسەدە، لە کاتێکدا ڕێژەی بێکاری لە کۆریای باکوور لە %2.7ـە.
هاوکات لە وڵاتانی یەکەمی ڕیزبەندییەکە لە ڕووی ڕێژەی بێکاری، چواریان وڵاتانی عەرەبین، هەروەها حەوت وڵات لە قارەی ئەفریقان. لە ڕیزبەندی وڵاتانی عەرەبی، سوودان لە یەکەمی ڕیزبەندییەکەیە و جیبوتی لە پلەی دووەمە، فەلەستین لە پلەی سێیەمە و عێراق لەپلەی نۆیەم دێت. لە ڕووی نزمی ڕێژەی بێکاری، قەتەر لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندییەکەیە و ڕێژەی بێکاری لە %0.3ـە