فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

جەماوەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر سێبەری هەڕەشەی شەڕخوازانەی ترامپ و سیاسەتی شەڕەنگێزانەی خامنەییدا
شەممە ۰۲-۱۲-۱۴۰۴   |  21-02-2026

لە کاتێکدا کە دووهەمین خولی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندان لە ئارادا بوو، عەلی خامنەیی لە حەشارگەکەی خۆیەوە، بە مەبەستی تێکدانی ڕەوتی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا، دەستی کرد بە هەڵیت و پەڵیت. ناوبراو بە وتاری هاندەرانە و بێ‌بنەما، جەختی لەسەر بێ‌ئاکام‌بوون و بنبەستی دانوستانەکان کردەوە و دەستی کرد بە هەڕەشەکردن لە ئەمریکا. ئەو وتی: “سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام دەڵێت سوپای ئێمە بەهێزترین سوپای جیهانە. بەهێزترین سوپای جیهان لەوانەیە زللـەیەکی وای بەرکەوێت کە نەتوانێت لە جێی خۆی هەستێتەوە؛ بەردەوام دەڵێن ئێمە کەشتیی جەنگیمان ناردووە، دیارە کەشتیی جەنگی مەترسیدارە، بەڵام مەترسیدارتر لەو کەشتییە، ئەو چەکەیە کە دەتوانێت کەشتییەکە بنێرێتە قووڵایی دەریاوە” و هتد. لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ڕێبەندان، ترامپ‌یش لە دانیشتنی شاندێک بەناو «ئاشتیی غەزە»، لە وەڵامێکی ناڕاستەوخۆدا بۆ قسەکانی خامنەیی، بە دووپاتکردنەوەی هەڕەشەکانی و دیاریکردنی وادەیەک وتی: “کۆماری ئیسلامی دەبێت لە ماوەی ١٠ ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ ئێمە بگاتە ڕێککەوتنێکی مانادار، ئەگەرنا ڕووداوی زۆر خراپی بەسەردا دێت”.

لەم پەیوەندییەدا جەی دی ڤەنس، جێگری ترامپ، ڕۆژی سێشەممە دوای گفتوگۆکانی ژێنێڤ ڕایگەیاند: “ڕژێمی ئێران هەموو ئەو هێڵە سوورانەی کە ترامپ بۆ چارەسەرێکی دیپلۆماتیک دیاری کردبوون، قبووڵی نەکردووە”. ئەمە بەو مانایەیە کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بەشێک لە داواکارییەکانی ترامپدا ڕەزامەندیی نیشان داوە. بەڵام نیگەرانی لە هەڵگیرسانی ئەو شەڕەی کە ترامپ وەسفی دەکات و خامنەیی وەڵامی دەداتەوە، تەنیا لە ئاستی شەڕێکی دەروونیدا نەماوەتەوە، بەڵکوو هەردوولا لەم ڕاستایەدا دەستیان داوەتە کۆمەڵێک کردەوەی عەمەلی. لە لایەکەوە ئەمریکا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووەتە جبەخانەی چەکی جەنگی؛ ناردنی گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا (واتە جێرالد فۆرد) و کەشتییە هاوڕێکانی و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (ئابراهام لینکۆڵن) بۆ ناوچەکە و نیشتنەوەی ٦٠ فڕۆکەی جەنگیی ڕادار-گورێزی ئێف-٣٥ی ئەمریکی لە بنکەیەکی ئاسمانی لە بەریتانیا، جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی پاتریۆت و تاد لە ناوچەکە، داخستنی هەندێک لە بنکەکان و کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی خۆی لەوێ، وەک ئامادەکاریی کردەیی ئەمریکا بۆ زەمینەخۆشکردنی جەنگ هەژمار دەکرێن. چونکە کەڵەکەبوونی ئەم قەبارە گەورەیە لە تەقەمەنی و چەک بەو تێچووە زەبەلاحەوە، ناکرێت تەنیا بۆ مانۆڕ و نمایشی هێز بێت. تۆڕی هەواڵی “سی‌بی‌ئێس”ی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕێبەندان بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ئاشکرای کرد کە بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، لە دانیشتنێکدا بە ترامپیان ڕاگەیاندووە کە سوپای ئەمریکا ئامادەی دەستپێکردنی هێرشی سەربازییە دژی کۆماری ئیسلامی.

لە لایەکی ترەوە، لە دۆخێکدا کە گفتوگۆکانی دوو دانیشتنی ڕابردووی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا پێشکەوتنێکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە، کۆماری ئیسلامی لە هەمان کاتدا کە تۆقیوە لە هێرشی سەربازیی ئەمریکا، لە بیری کڕینی کاتی زیاتردایە. لەم بوارەدا ئاسۆشێتدپرێس لە زاری یەکێک لە بەرپرسانی ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە: “شاندی دانوستانکاری ئێران ڕایانگەیاندووە کە لە دوو هەفتەی داهاتوودا پێشنیاری وردتر دەخەنە ڕوو”. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژنامەی وۆڵ‌ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کە سەرانی ڕژێمی ئیسلامی سەرەڕای ئەوەی بە دوای بەدەستهێنانی ڕێککەوتنی ئەتۆمین لەگەڵ ئەمریکا، هاوکات هەوڵ دەدەن لەم دەرفەتە درێژخایەنەدا خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا لە ئەگەری شکست‌هێنانی دانوستانەکان ئامادە بکەن. بۆ ئەم مەبەستە، میدیاکانی ڕژێمی ئیسلامی ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ڕێبەندان هەواڵی بەڕێوەچوونی مانۆڕی سەربازیی هاوبەشی ساڵانە لەگەڵ ڕووسیا لە گەرووی هورمز و مەشقەکانی بە “تەقەی ڕاستەقینە” بڵاو کردەوە و بە ئاب و تابەوە تەبلیغیان دەکرد کە ئامادەی شەڕن.

هەڵبەت ژمارەیەک لە دەوڵەتانی ناوچەکەش هەر یەکەیان لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە دەستیان داوەتە جموجۆڵ بۆ پێشگرتن لە هەڵگیرسانی شەڕ. دەوڵەتانی کەنداو، میسر، عێراق، ئوردن و سووریا نیگەرانی تەشەنەسەندنی ئاگری شەڕن بۆ ناو وڵاتەکەیان. چونکە کۆماری ئیسلامی کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاگری شەڕی ئەمریکای نییە، بە هەڕەشەی هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئەو دەوڵەتانە، هەوڵ دەدات ناچاریان بکات گوشار بخەنە سەر ئەمریکا بۆ ئەوەی پێش بە هێرشی سەربازی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بگرن. بەڵام لە لایەکی ترەوە، سەفەری پێشوەختەی نەتانیاهوو بۆ ئەمریکا و دیدار لەگەڵ ترامپ لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان، بە ئامانجی هاندانی ناوبراو و دروستکردنی هەماهەنگی لە شەڕی ئیحتمالیدا ئەنجام درا.

بێگومان هەڵگیرسانی شەڕ و بەردەوامی و فراوانبوونی گەمارۆکان دژی کۆماری ئیسلامی، ژیان و گوزەرانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش تووشی کارەساتی زیاتر دەکات. کۆماری ئیسلامی کە مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەردەوامی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بەرۆکیان گرتووە و لە باری ئابووریشەوە ڕووبەڕووی قەیرانی قوڵ و هەمەلایەنە بووەتەوە، توانای وەڵامدانەوەی بە داخوازی و داواکارییەکانی ئەوان نییە. درێژەکێشانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی سەرانسەری سەرەڕای کوشتار و کۆمەڵکوژیی دڕندانەی مانگی ڕابردوو، نیشانەی ئەوەیە کە خەڵکی ناڕازی لە سەرکوت و جینایەتی ڕژێمی ئیسلامی نەترساون و مەرعوب نەبوون. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کرێکاران، مامۆستایان، خوێندکاران، ژنان، خانەنشینان و لاوانی وەزاڵەهاتوو لە هەژاری و بێکاری و هەڵاواردن و نایەکسانی، لە مەودایەکی کورتدا، بە خستنەڕووی داخوازییەکانیان دووبارە هاتوونەتەوە مەیدان و بە پشت‌بەستن بە هێزی خۆیان خوازیاری ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامین.

لە دۆخێکی وادا، ڕەنگە سەرانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل و شەڕێکی کورتخایەن وەک نیعمەت و دەسکەوتێک بۆ خۆیان ببینن، بەڵام هیچ زەمانەتێک نییە کە ئەگەر شەڕێک ڕوو بدات، نەبێتە شەڕێکی فەرسایشی و درێژخایەن.

ئەگەر میلیتاریزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشەکانی ئەمریکا و درێژەی سیاسەتی شەڕەنگێزانەی کۆماری ئیسلامی ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ، بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان دەخاتە پەراوێزەوە. شەڕ هەرچەندەش کە «زیرەکانە» و ئامانجەکانی لە پێشەوە دیاری کرابێت و بە زاراوەی ئەوان «مرۆڤ‌دۆستانە» بێت، وەک هەر جەنگێکی دیکەی کۆنەپەرستانە، کوشتار، وێرانی و ئاوارەیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لەژێر کاریگەریی ئەم واقیع و دۆخە جەنگییەدا، پاراستنی ئەمنییەت و درێژەدان بە ژیان، دەبێتە ئەولەویەتی یەکەمی خەڵک و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان پەراوێز دەخرێن. بەدوای ئەوەشدا ئەولەویەتی کار و چالاکیی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕێت و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی شوێنەوارە وێرانکەرەکانی جەنگ لەسەر کار و ژیانی خەڵک، دێتە سەرووی لیستی ئەولەویەتەکانیانەوە. ئاشکرایە لە دۆخێکی وەهادا، سۆسیالیستەکان لە وێڕای ئەوەیکە دەبێت دەست بدەنە ڕوونکردنەوە و ئاشکراکردنی ماهییەتی سەرمایەدارانە و کۆنەپەرستانەی شەڕ و ئاکامەکانی لەسەر ژیانی خەڵک، دەبێ خەباتی ڕێکخراو بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیش چڕتر بکەنەوە. لەم هەلومەرجەدا، ڕاگرتنی شەڕ تەنیا لە ڕێڕەوی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییەوە تێدەپەڕێت.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv