شۆرای سینفیی خوێندکاران ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٢ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاند کە دوای مەمنوعولورود کردنی نزیکەی ٤٠ خوێندکاری زانکۆی هونەر بەبیانووی پۆششی نەگونجاو، ئەمجارەیان لە هەوڵێکی نوێدا هێزەکانی حەراسەت ئەم خوێندکارانەیان تەعلیقی مەشروت کردووە. بەو مانایەی کە ئەگەر بۆ جارێکی دیکە بە بێ پۆشینی مەقنەعە بێنە زانکۆ، حوکمی تەعلیقیان ئیجرا دەکرێت. هاوکات چالاکانی خوێندکاریی زانکۆی بەهەشتی باسیان لە “موزاحمەت و هەڕەشە لە خوێندکاران لەسەر جەلەسەی ئیمتحان” بەخاتری “لەسەر نەکردنی مەقنەعە” کردووە. شۆرای سینفیی خوێندکاران ڕایگەیاند کە سەرۆکی زانکۆی ئابووری و زانستی سیاسیی زانکۆی بەهەشتی، لە کاتی بەڕێوەچوونی ئیمتحاندا موزاحمەتی بۆ خوێندکارانێک دروستکردووە کە مەقنەیان لەسەردا نەبووە و هەڕەشەی لێکردوون کە ئەگەر دووپاتی بکەنەوە ناهێڵێ لە ئیمتحاناتدا بەشداری بکەن. ئەمانە لە حاڵێکدان کە شۆرای سینفیی خوێندکاران لە ١٥ی مانگی جۆزەرداندا ڕایگەیاند کە ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆی علم و سەنعەت بەخاتری موقاومەت لە بەرابەر حیجابی ئیجباریدا ئەزیەت و ئازار دراون و بۆ کۆمیتەی ئینباتی بانگکراون.
هاوکات لەگەڵ درێژەی تەهاجومی سازماندراو بۆسەر ژنانی بێ حیجاب لە زانکۆکان و شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران، نوێنەرانی حکوومەتی ئیسلامی لە مەجلیس، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی مانگی جۆزەردان وێڕای ڕەتکردنەوەی دوو فەوریەتیی “لایەحەی پشتیوانی لە فەرهەنگی عفاف و حیجاب”، تاوتوێکردن و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتەیان خستە دەستووری کاری مەجلیسەوە. موجادلات لەسەر دو فەوریەتی یان یەک فەوریەتی بوونی لایەحەکە نیشانی دەدات کە خۆڕاگری و موقاومەتی بوێرانەی ژنان بەرانبەربە حیجابی ئیجباری، سەران و یاساداڕێژەرانی ڕژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامیی لەگیانی یەکتر بەرداوە. لە حاڵێکدا کە هێندێک لە سەرانی ڕژیم و نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامی لە ترسی ڕووخانی دیواری بەرلینی حیجابی ئیجباری و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ بەسەر جەستەی ژنان، باس لە زەروورەتی گونجاندنی سزای توندی وەک شەللاق و تەبعید لەم گەڵاڵەیەدا دەکەن، هێندێکی تر بەخاتری ڕەعایەتی حاڵی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و دڵپەرۆشانی نیزام، باس لە گرینگیی “کاری فەرهەنگی” لەم گەڵاڵەیەدا دەکەن. هەواڵنێریی فارسی سەربە سپای پاسداران لەسەر زاری جەلیل ڕەحیم ئابادی، نوێنەری تۆربەتی جام نووسیی: “بە ڕای من ئەم لایەحەیە زیاتر لەوەیکە کێشەی حیجاب چارەسەر بکات پێگەی مەجلیس لاواز دەکات. دەزگای قەزایی ئەم گەڵاڵەیەی داوەتە دەر بەڵام لەم چەند ڕۆژەدا تەنیا هێرش دەکرێتە سەر مەجلیس. ناکرێ ئەحکامی فەرهەنگی بەحاڵی خۆیان ڕەها بکرێن و لە مزگەوت و کەسانی بە ئیمان پشتیوانی نەکرێ و دواییش چاوەڕوانی ئەوە بین کە کەسانی بێ حیجاب بە جەریمەی نەغدی حیجاب ڕەعایەت بکەن. ئەو سەبارەت بە لایەحەی حیجاب و عیفاف کە لەلایەن سەرانی سێ دەزگا و ناوەندە بەرپرسەکانەوە تەئید کراوە، وتی: “ئەوەیکە بێ حیجابی قەیرانە هیچ گومانێک هەڵناگرێ، بەڵام ئەم لایەحە بەپەلە و کارناسی نەکراوە، بە بێ دۆزینەوەی ڕیشە ناتوانێ کێشەی بێ حیجابی چارەسەر بکات”.
ترسی سەرانی ڕژیم لە ڕووخانی دیواری حیجابی ئیجباری و ئەمجۆرە نیگەرانییانەی نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامی لە هەمان حاڵدا کە وشک مێشکی و کۆنەپەرستبوونی تۆخی سەران و کارگێڕانی ڕژیم نیشان دەدات، لە هەمانحاڵدا نیشانەی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانی هاوسەنگیی هێزە لەئاستی کۆمەڵگەدا. ئەم هاوسەنگییە تازەیە بەرەبەرە و لە ئاکامی زیاتر لە چل ساڵ خەباتی سەنگەر بە سەنگەری ژنان دژبە هەڵاواردنی ڕگەزەی و سیاسەتی دژەژنی حکوومەتی ئیسلامی بووەتە ئەمری واقع. خەباتی بێ پسانەوەی ژنان لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا و بۆ نموونە حزووری بەرینی ژنانی ئازادیخواز لە ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨، و پێشەنگایەتییان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا سەرچاوەی ئەو موقاومەتە بەرینەیە کە ئەمڕۆ لە مەیدانی خەبات دژبە حیجابی ئیجباریدا خۆی نیشان داوە و سەرانی ڕژیم و فەرماندەکانی هێزی ئینتزامیی هیلاک و هەراسان کردووە. ئەو دەستەیە لە نوێنەرانی مەجلیس کە نوسخەی شەللاق و تەبعید بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ژنانی بێ حیجاب دەپێچن، دەبێ بزانن کە حکوومەتی ئیسلامی لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا، ئەوپەڕی کردەوەی دژەئینسانی و جەنایەتکارانەی خۆی لەوانە شەللاق و زیندان و ئەشکەنجە بەرانبەربە خەباتی ژنان بەکارهێنا، بەڵام نەیتوانی ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخواز چاوترسێن بکات. بەشداریی بەرچاوی ژنان لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و حزووریان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی نیشانی دا کە ژنانی ئێران بۆ گەیشتن بە داخوازییە ئینسانییەکانیان ڕێگای خەباتێکی سەنگەر بە سەنگەریان گرتووەتە بەر و کردەوەی جەنایەتکارانەی ڕژیم ناتوانێ بەر بە عەزم و ئیرادەیان بگرێ. ئەمڕۆ ئاکامی وەها خەباتێکی گیانفیدایانە و درێژخایەن و سەنگەر بە سەنگەری ژنان، لە جەماوەری بوونەوەی خەبات دژبە حیجابی ئیجباریدا دەبینین.
دیارە خەبات لەدژی حیجابی ئیجباری بوارێک نییە کە بەتەنیا بەرینایی خەباتی ڕزگاریبەخشی ژنانی ئێران نیشان بدا، بەڵام موقاومەت بەرانبەر بە حیجابی ئیجباری ئەمڕۆ بووەتە هێمایەک لە خۆڕاگری دژبە یاسای ئیسلامی و نادیدەگرتنی دەستوورای حکوومەتی. کۆنتڕۆڵی دیاردەی بێ حیجابی لەدەستی ڕژیم چووەتە دەرێ و هەر ئەم واقعیەتەشە کە بەمجۆرە سەرانی حکوومەتی نیگەران کردووە. هێزی ڕەوانەکراو بۆ شەقام و زانکۆکان ناتوانن پاشەکشە بەو ژنانە بکەن کە حیجاب و ڕووسەرییان لەسەر کردووەتەوە و یاسا ئیسلامییەکانیان بردووەتە ژێر پرسیارەوە. جەماوەری بوونەوەی ئەم خەباتە ڕژیمی لەبەرامبەریدا داماو و بێتوانا کردووە. هات و هاواری ئیمامانی جومعە و هەڕەشەی فەرماندەکانی هێزی ئینتزامی و هێزەکانی حەراسەت لە زانکۆکان نەک نیشانەی هێز و دەسەڵاتیان، بەڵکوو لەڕاستیدا دان پێدانان بە لاوازبوون و شکستیانە. کۆماری ئیسلامی لەماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتیدا هەرچی لە توانایدا بووە دژبە ژنان بەکاری هێناوە، حکوومەتی ئیسلامی سەرمایەداران نە لە بواری پەسندکردنی یاسای دژی ژن و نە لە بواری داسەپاندنی زۆر و توندوتیژیی ڕاستەوخۆدا هیچ بۆشاییەکی نەهێشتووەتە کە ئەمڕۆ بیهەوێ بە پەسندکردنی لایەحەی حیجاب و عیفاف پڕی بکاتەوە.
خەباتی هاوبەشی ژنان و پیاوانێک کە حیجابی ئیجیارییان پێ سووکایەتییە بە حورمەتی ئینسانییان، دەتوانێ بەسەرکەوتن بگات. کاتی ئەوە هاتووە کە ژنانی ئێران بە فڕێدانی ئەو حیجابەی کە بە زەبری سەرکوت بەسەریاندا سەپاوە، هەموو یاساکانی ئەم بوارە هەڵوەشێننەوە. بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران و بەتایبەت بەشە چەپ و سۆسیالیستییەکەی دەتوانێ ڕۆڵێکی بەرچاوی لەم هەڵمەتەدا هەبێت. بێگومان ڕژیم لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بێحیجابی کەوتووەتە سەر لێواری هەڵدێر.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە