فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

حیزبوڵڵای لوبنان، هەوڵ بۆ وەڕێخستنی شەڕی ناوخۆیی
سێشەممە ۱۱-۰۸-۱۴۰۰   |  02-11-2021

توندبوونەوەی گرژیی پێکهاتوو لە لایەن حیزبوڵڵای لۆبنان لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا تووڕەیی زۆرێک لە دەسەڵاتەکانی کەنداوی لێکەوتووەتەوە و قەیرانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی لوبنانی قووڵتر کردووەتەوە. کاریگەرییە وێرانکەرەکانی دەخاڵەتی حیزبوڵڵای لۆبنان لە ژێر ناوی بێناوەرۆکی “میحوەری موقاومەت” ئاگری شەڕی کۆنەپەرستانە و جەنایەتکارانەی نیابەتیی عەرەبستانی سعوودی و کۆماری ئیسلامیی لە یەمەن گەشاوەتر کردووە و ئەم شەڕە داوێنی خەڵکی لۆبنانیشی گرتووەتەوە. ڕۆژی چوارەشەممە پێنجەمی مانگی خەزەڵوەر و دوو ڕۆژ پاش ئەوەیکە وتەکانی “جۆرج قەرداحی” وەزیری ڕاگەیاندنی لۆبنان لە پێوەند لەگەڵ ڕۆڵی عەرەبستانی سعوودی و ئیماراتی عەرەبی لە شەڕی یەمەن بڵاو بۆوە، ئەم دوو وڵاتە کاردانەوەی توندیان نیسبەت  بەم وتانە نیشان دا و باڵوێزانی خۆیان لە لۆبنان بانگ کردەوە. لە درێژەی ئەم هەوڵەدا ڕۆژی هەینی عەرەبستانی سعوودی ٤٨ کاتژمێری مۆڵەت بە باڵوێزی لۆبنان دا تا ئەم وڵاتە جێبهێڵێت. بەشوێنیدا بەحرەین وکوەیت و ئیماراتیش بۆ پشتیوانی لە عەرەبستانی سعوودی کردەوەیەکی هاوشێوەیان ئەنجام دا و پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ لۆبنان پچڕاند. هەروەها عەرەستان هاوردەکردنی هەموو کاڵاکانی لۆبنانی قەدەغە کرد کە یەکێک لە سەرچاوە گرینگەکانی داهاتی لۆبنان بەئەژمار دێت.

“قەرداحی” کە خۆی مەسیحی بەڵام لە هاوپەیمانانی حیزبوڵڵایە، لە وتەکانی خۆیدا کە ڕۆژی دووشەممە ٣ی مانگی خەزەڵوەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوبۆوە وتبووی: “عەرەبستانی سعوودی و ئیماراتی عەرەبی لە دەستدرێژیی نیزامی بۆ سەر یەمەن، ماڵ و گوندەکان و ڕێوڕەسمەکانی سەرەخۆشی و زەماوەندی خەڵکی یەمەن بۆمباران دەکەن و حوسییەکانی یەمەن بەرامبەر بەم دەستدرێژییە دەرەکییە لە خۆیان دیفاع دەکەن”. لەو جێگەوە کە ئەم وتانە لە لایەن یەکێک لە وەزیرانی دەوڵەتی لۆبنان، هەڵوێستێکی لایەنگرانەیە نیسبەت بە حوسییەکان و کۆماری ئیسلامی لە شەڕی کۆنەپەرستانەی یەمەن، لەگەڵ کاردانەوەی بەرین لە لۆبنان و باقیی وڵاتانی عەرەبی بەرەوڕوو بۆوە. عەرەبستانی سعوودی سەرەڕای پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ لۆبنان لە بەیانییەیەکی تونددا وێڕای دەربڕینی داخ و کەسەر بۆ زاڵ بوونی حیزبوڵڵا بەسەر حکوومەتی لۆبناندا ڕایگەیاند کە: “حیزبوڵڵای تیرۆریست، لۆبنانی کردووەتەوە بەستێنێک بۆ بەکردەوە دەرهێنانی ئەو سیاسەت و پرۆژە دەوڵەتییانەی کە قازانجێکیان بۆ لۆبنان نییە و دەستی داوەتە ڕاهێنانی میلیشیا حوسییەکان لە لۆبنان.”

بێجگەلە کاردانەوەی دەوڵەتانی عەرەبستانی سعوودی، ئیمارات، بەحرەین و کوەیت، یەکیەتیی عەرەبیش لە هەمان ڕۆژدا لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکەوە نیگەرانیی خۆی لە ئاست چوونەسەرەوەی گرژییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی دەربڕی و داوای لە کاربەدەستانی لۆبنان کرد کە هەوڵی پێویست ئەنجام بدەن. یەکێک لە کاربەدەستانی یەکیەتیی عەرەب ڕایگەیاند کە هێندێک لە لایەنەکان لە ئاڵۆزی و قەیراناوی بوونی پەیوەندیی نێوان لۆبنان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو کەڵکی نابەجێ وەردەگرن. بەرپرسانی دەوڵەت و حیزبە سیاسییەکانی لۆبنانیش، حیزبوڵڵا و کۆماری ئیسلامییان بە هۆکاری پێکهاتنی ئەم باروودۆخەی وڵاتی لۆبنان پێناسە کرد و هێرشیان کردنە سەر. سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی پێشووی لۆبنان و ڕێبەری ڕەوتی “ئەلموستەقبەل” وێڕای ئەوەیکە حیزبوڵڵای بە درووشمی بێ ناوەرۆکەوە بە بەرپرسی ئەم قەیرانە و پەراوێزکەوتنی بێ وێنەی لۆبنان پێناسەکرد، خوازیاری چوونەدەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە لۆبنان و ڕاگرتنی هەڕەشە لەسەر هاووڵاتییانی ئەم وڵاتە بوو. “وەلید جونبلات” ڕێبەری حیزبی “سۆسیالیستی تەقەدومی”یش وێڕای ئاماژە بە کۆماری ئسیلامی وتی: ” پیلانگێڕیی بەکرێگیراوان، سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی لۆبنان خراپ و خراپتر دەکات”. وەزیری دادگوستەریی پێشووی لۆبنان ڕایگەیاند کە لۆبنان خەریکە هەزینەی قورسی داگیرکاریی ڕژیمی ئێران دەداتەوە. “ئیلی مەحفووز”، ڕێبەری حیزبی “بزووتنەوەی گۆڕان”یش وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە ئاست قەتع بوونی یارمەتیی ماڵیی دەرەکی بە لۆبنان، داوای کرد کە هەموو کەسایەتییە نیابەتییەکانی ڕژیمی ئێران لە “میشێل عوون” و “نەبیە بێری”یەوە تا “میقاتی” و باقییەکەیان لەسەر کار نەمێنن.

لەڕاستیدا نفووز و دەسەڵاتی حیزبوڵڵا  و کۆماری ئیسلامی لە لوبنان ڕوو لە دامرکانە و لە لایەن جەماوەرەوە کەوتووەتە بەر نەفرەت و ناڕەزایەتی. هەربۆیە دەیانهەوێ بە شەڕنانەوە و پێکهێنانی ئەم قەیرانە، ئاوی ڕۆیشتوو بگەڕێننەوە ناو جۆگە و بە پێگەی لەدەستچوویان بگەنەوە. بەم ئامانجە دوو حەوتوو لەمەوبەریش حیزبوڵڵا بە هێنانە مەیدانی هێندێک لە لایەنگران و میلیشیای چەکدار هاوڕێ لەگەڵ حیزبی هاوپەیمانی “ئەمەل”، خۆپیشاندانێکیان لە بەیرووت وەڕێخست تا لە لێکۆڵینەوە سەبارەت بە دۆسیەی تەقینەوەی وێرانکەری بەندەری بەیرووت لە مانگی ئووتی ساڵی ڕابردوو ڕێگری بکەن کە خۆیان هۆکاری بوون. ئەم خۆپیشاندانە بە تێکهەڵچوونی چەکدارانە کێشرا و لە ئاکامدا حەوت کەس لە مۆرەکانی حیزبوڵڵا کوژران و ٦٠ کەسیتریش بریندار بوون.  پێویستە بوترێ کە تەقینەوەی بەندەری بەیرووت لە مەخزەنی تەقەمەنییەکانی حیزبوڵڵادا ڕووی دا و لە ئاکامدا بێجگەلە لێدانی خەسارەتی قورس لە بینا و ماڵەکانی دەورووبەر، پتر لە سەد کەسیش گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە چوار هەزار کەسیش بریندار بوون. 

بەڵام ئەوە تەنیا حیزبوڵڵا نییە کە لۆبنانی لەگەڵ قەیرانی بەرینی ئابووریی بەرەوڕوو کردووەتەوە و بردوویەتە سەر لێواری داڕمان. سیستەم و دەسەڵاتی حکوومەتی لە لۆبنان کە ساڵەهایە بەپێی پێوەری ئایینی و لەنێوان حیزب و گرووپە سوننی و شیعە و مەسیحییەکاندا دابەش کراوە، بە تەواو مانا گەندەڵە و چەندین ساڵە بە بنبەست گەیشتووە. تا جێگایەک کە دەوڵەت لە ڕێگەی یارمەتیی ماڵیی دەرەکییەوە خۆی ڕاگرتووە کە ئەویش لە ئێستادا لەگەڵ نفووزی زیاتری حیزبوڵڵا تا ڕادەیەکی زۆر قەتع بووە. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی ڕوویتێرز لە کاتی دەستپێکی قەیرانی ئابووری لە لۆبنان، پاشەکەوتی دراوی ئەم وڵاتە لەناو چووە و “لیر” پارەی باوی وڵاتیش لە سەدا ٩٠ ئەرزشی خۆی لەدەست داوە. توانای کڕینی خەڵک تا ڕادەیەک هاتووەتە خوارێ کە هەژاری و برسییەتی و زبڵگەڕیی بەسەر خەڵکی لۆبناندا سەپاندووە.

ناڕەزایەتیی گشتیی جەماوەری بێبەش و هەژاری لۆبنان کە لە ساڵی ٢٠١٩دا بە درووشمی (کُلکُم یعنی کُلکُم) بە واتای “هەمووتان یانی هەمووتان دەبێ بڕۆن”، لە زۆرێک لە شارەکانی لبنان دەستیپێکرد، هەروا لە ئارا دایە. بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاران و باقیی توێژە هەژارەکانی خەڵکی لۆبنان تاکوو ئێستا توانیویەتی تا ڕادەیەک ڕێکخراو و قایم بێت و ڕێبەریی خۆی بێنێتە مەیدان. درێژە و پەرەسەندنی ئەم بزووتنەوانە تەنیا ڕێگای ڕزگاریی کرێکاران و جەماوەری ستەمدیدەی لۆبنانە بۆ ڕووخاندنی گەشت نیزامی گەندەڵی سەرمایەداریی ئێستا و بنیاتنانی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی و خۆبەڕێوەبەری.