فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

حەفتا و نۆهەمین حەفتەی کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” لە ٤٨ زیندانی ئێران
سێشەممە ۰۷-۰۵-۱۴۰۴   |  29-07-2025

ئێعدامی ٢ بەندکراوی سیاسی مێهدی حسێنی و بێهرووز ئیحسانی ئیسلاملوو لە ئەندامانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام سەرەڕای هێرشی دڕندانە بۆسەر دڵی کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” لە زیندانی قزڵحەسار، ئەم کەمپەینە هەروا بە خۆڕاگری و یەکڕیزییەوە درێژەی هەیە.

دەسەڵات، بێتوانا لە چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، زیاتر لە ڕابردوو دژبە خەڵک تیغی کێشاوە. هەر لەم ڕاستایەدا، حکوومەتی ئێعدام و سەرکوت، بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی مانگی گەلاوێژ، دوو ئەندامی ئەم کەمپەینە، بەندکراوانی سیاسی بێهرووز ئیحسانی و مێهدی حسێنیی لە زیندانی قزڵحەسار، لە ڕەوتێکی نادادپەروەرانەدا، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو و بە بێ دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان، ئێعدام کرد. بەر لەوەش، ڕۆژی شەممە ٤ی مانگی گەلاوێژ، بە فەرمانی سەرۆکی زیندانی قزڵحەسار، ئەڵڵا ئەکرەم عەزیزی و جێگرەکانی، حسێن قۆبادی و ئیسماعیل فەرەج نەژاد، زیاتر لە ١٠٠ چەکداری گاردی زیندان و هێزی ئیتلاعات هێرشیان کردە سەر ساڵۆنی بەندکراوانی سیاسی لە واحدی ٤ی ئەم زنیدانەدا. مەئموورەکان هەموو بەندکراوانی سیاسیی ئەم واحدەیان بە دەستبەند، پابەند و کیسە لەسەر، ڕەوانەی ژوورەکانی تاکەکەسی کرد. بەدوای ئەم هێرشەدا، سەعید ماسوری، لە واژۆکارانی سەرەتایی بانگەوازی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” بەمەبەستی دوورخستنەوە ڕەوانەی زیندانی زاهیدان کرا. لە کاردانەوە بەم کردەوە جنایەتکارانەیە، بەندکراوانی خۆڕاگر لە زیندانەکانی قرچەک و فەشافوویە بە وتنەوەی دروشم و بەڕێوەبردنی مەراسیم، لەسەر بەڵێنی خۆیان بۆ ڕاگرتنی ئێعدام پێداگرییان کرد.

هەروەها لە حەفتەی ڕابردوودا، بەندکراوی سیاسی یەعقووب درەخشان کە پێشتر بۆ تۆمەتی تەبلیغ دژی نیزام دەستبەسەرکرابوو، لە زیندانی لاکانی ڕەشت بە ئێعدام مەحکووم کرا. لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا، لانیکەم ٢٠ کەس لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا ئێعدام کراون. هەروەها لە قۆناغی یەک ساڵەی سەرۆک کۆماریی پزشکیاندا، ئاماری ئێعدامەکان لانیکەم هەزار و ٤٧٧ کەس بەراوردکراوە. ئامارێک کە زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو، بەتایبەت زیاتر لە دەورانی ڕەئیسییە. موحسێنی ئێژەیی سەرۆکی دەزگای قەزایی، لە کۆبوونەوەی هەواڵنێریی حەفتەی ڕابردوودا بەئاشکرا پەرەپێدانی سەرکوتی ڕاگەیاند و وتی کە زیاتر لە ٢ هەزار کەس تەنیا لە جەریانی “شەڕی ١٢ ڕۆژەدا” دەستبەسەر کراون.

ئێمە، ئەندامانی کەمپەین، لەسەر ئەو باوەڕەین کە ئامانجی دەسەڵات لەم توندوتیژییە بەردەوامانە، پێکهێنانی ترس و بێدەنگ کردنی کۆمەڵگایەکە کە سەرەڕای هەموو فشارەکان، هەروا لەسەر داخوازیی ڕەوای خۆی بۆ دادپەروەری، ئازادی، کەرامەتی ئینسانی و مافی چارەنووسی خۆی پێداگری دەکات.

ئێمە ئەندامانی کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” لە ٤٨ زیندانی ئێران، سەرکوت و ئێعدامی نامرۆڤانە و زاڵمانەی بەندکراوان مەحکووم دەکەین. داوا لە هەموو خەڵکی هوشیار و ئازادیخوازی ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەکەین کە هاواری “نا بۆ ئێعدام” بە پشتیوانیی چالاکانەی خۆیان لە کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام، تا دەتوانن بەرزتر بکەنەوە و پەرەپێدانی ئەم کەمپەینە – سەرەڕای هەوڵەکانی حکوومەت – بە هەموو ئیمکاناتێک بخەنە دەستووری کاری خۆیانەوە.

ئێمە نیگەرانیی قووڵی خۆمان لەئاست بارودۆخی بەندکراوانی سیاسی ئەندامی کەمپەین کە ڕۆڵێکی بێ بەدیلیان لە دەستپێکی ئەم بزووتنەوەدا هەبووە و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراون، ڕادەگەیەنین. داوا لە هەمووان دەکەین بنەماڵەی زیندانییانی ئێعدامکراو و ئەندامانی کەمپەین بەتەنیا نەهێڵنەوە. گیانی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی قزڵحەسار و باقیی زیندانەکانی ئێران لە مەترسیی جیددی دایە.

داوا لە زیندانیان دەکەین کە بە ئیلهام وەرگرتن لە زیندانیان و ژنانی خۆڕاگر لە قرچەک و فەشافوویە، بە بەڕێوەبردنی مەراسیم، ڕێگە نەدەن خوێنی سەرئەفرازانی لەداردراو پێشێل بکرێت، ڕێگە نەدەن دەنگی دامەزرێنەرانی کەمپەین لە بێخەبەری و بێدەنگیدا خامۆش بێت.

ڕەمزی سەرکەوتن بۆ ئازادی و بەرابەری و پاشەکشە پێکردن بە دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی، یەکگرتوویی و هاوپشتیی بەکۆمەڵە.

مانگرتن لە خواردنی حەفتەی ٧٩ی کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” لە ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤ لەم ٤٨ زیندانەدا بەڕێوەدەچێت.

کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام”

٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv