لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتایی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی، شۆرای باڵای کاری حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران هەموو ڕێکخراوە زەردە کرێکارییەکانی سەربە دەوڵەت و سەرمایەدارانی بەشی خسووسی و دەوڵەتی کە لە بواری دیاریکردنی حەقدەستدا بۆچوونی کارناسانەیان هەیە بانگهشت کردووە بۆ ئەوەی لە دیاریکردنی حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی داهاتوو یارمەتیی ئەم ناوەندە بدەن. هەر بۆیە شۆرای باڵای کار هەتا ئێستا ڕەقەمێکی ڕانەگەیاندووە، بەڵام دەوڵەتی پزیشکیان لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٤دا ڕێژەی زیادکردنی حەقدەستی بۆ کرێکارێکی سەڵت ٢٠% و بۆ کرێکارێکی خێزاندار بەشێوەی مامناوەند ٢٨% لەبەرچاوگرتووە. لەمبارەوە فەرامەرز تەوفیقی “سەرۆکی کۆمیتەی حەقدەستی ناوەندی باڵای شۆرا ئیسلامییەکان” وەک کارناسی حەقدەست لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵنێریی ئیلنادا وتی: “دەوڵەت، دەوڵەتی قسەدەرمانییە و هیچ ڕێگاچارەیەکی بۆ کێشە سەرەکییەکانی ژیانی خەڵک و بژێوی کرێکاران نییە”. ئەم کارناسەی سەر بە ڕژیم سەبارەت بە پەرەسەندنی تەوەرۆم و گرانی لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا تەئکیدی کرد کە: “کرێکاران ناتوانن سفرەکانیان تەنانەت بە یاڕەڵماسیش پڕبکەنەوە!، تەوەرۆمی ڕاستەقینە کە لە گرانیی کاڵا پێویستەکانی ژیانی کرێکاراندا خۆی نیشان دەدات، لە سەرووی ٥٠ یان ٦٠ لەسەدە. لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا گۆشتی سوور تەنانەت لە مانگدا یەک جاریش نایەتە سەر سفرەی کرێکاران. نرخی نان، گۆشت و بەرهەمەکانی شیر چووەتە سەرێ. هێلکە لەماوەی یەک دوو مانگی ڕابردوودا ٨٠% گرانتر بووە. ناوەندی ئامار ئەم نرخە مەیدانییانە ڕاناگەیەنێت”. بەڵام ئەم کارناسەی بواری حەقدەست و سەرۆکی کۆمیتەی حەقدەست باس لەوە ناکات کە بەم وتانە و سەرەنجام بە تەسلیم بوونی لە بەرامبەر خواستی قازانجپەرستانەی سەرمایەدارانی بەشی خسووسی و دەوڵەتی بۆ دیاری کردنی حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری، لەڕاستیدا خۆشی وەک بەشێک لە هەمان پڕۆژەی “قسەدەرمانییە”کەی دەوڵەتی پزیکشیان عەمەل دەکات.
بەڵام جیا لە وتووێژی نمایشیی نوێنەرانی دەوڵەت، نوێنەرانی سەرمایەدارانی بەشی خسووسی و نوێنەرانی “ڕێکخراوە کرێکارییەکانی” سەربە حکوومەتی ئیسلامی سەبارەت بە دیاریکردنی حەقدەست، با بزانین بەڕاستی حەقدەست چییە و بۆچی حکوومەت و خاوەنکارانی کەرتی تایبەت بەردەوام هەوڵ دەدەن کەمی بکەنەوە؟ حەقدەست پارەیەکە کە خاوەنکار ڕۆژانە، هەفتانە یان مانگانە دەیدا بە کرێکار تا کاری بۆ بکات. کرێکار ئەم پووڵە دەکاتە خەرجی پۆشاک، خۆراک و کرێی ماڵ، تەندروستی و دەرمان، هەزینەی ئاو و بەرق و هاتوچۆ و سەیران و ئینتەرنێت و هیتر. واتە حەقدەست دەبێتە هەمان خەرجێک کە خاوەنکار ڕۆژانە یان مانگانە دەیدا بە کرێکار تا کرێکار لەم ماوەیەدا کاری بۆ بکات. واتە کرێکار کار دەکات، بەرهەم دێنێ و چینی سەرمایەدار هەموو حاسڵی کاری چینی کرێکار دەخاتە گیرفانیەوە و تەنیا بەشێکی کەم لە بەرهەمی کار بە شێوەی حەقدەست دەداتەوە کرێکاران. واتە حەقدەست بەشێکە لە بەرهەمی کاری کرێکاران کە دەدرێتەوە بە خۆیان، تا وەک چینێک درێژە بە ژیان بدەن، زیندوو بمێنن و بەردەوام سەروەتی چینی سەرمایەدار بەرهەم بێنن. ئەمە یەکێک لە یاسا بنەڕەتی و ئەساسییەکانی نیزامی سەرمایەدارییە. ئەم نیزامە، نیزامی کۆیلەتیی مزدییە. واتە کرێکاران مەجبوورن بۆ دابینکردنی ژیانی خۆیان و بنەماڵەیان، بۆ دابینکردنی نان و پۆشاک و مەسکەن، پێیان بە ماشێن و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کە لە ئیختیاری سەرمایەدار دایە، زنجیر بکەن.
بەڵام ئەو بەشەی کە بۆ بەقای کۆمەڵایەتی دەدرێتە کرێکاران، چەندەیە؟ و ئاستی حەقدەست چۆن دیاری دەکرێت؟ ئاستی حەقدەست بەپێی بارودۆخی ڕەقابەت و هێز و توانای ئەم دوو لایەنەیە. لێرەدا کرێکار خاوەنی کاڵایەکە کە هەمان هێزی کارەکەیەتی و ئەو کاڵایەی خۆی دەفرۆشێت. ئەوەیکە هێزی کاری کرێکار لە بەرامبەر چ حەقدەستێکدا دەکڕدرێت، بۆ دوو فاکتۆر دەگەڕێتەوە. یەکەم ئەوزاعی بازاڕ چۆنە، ئایا لە حاڵی ڕەونەق دایە یان ڕکوود، داواکاری بۆ هێزی کار زۆرە یان کەمە؟ دووهەم کە فاکتۆرێکی ئەساسیترە، ڕادەی یەکگرتوویی و توانای خۆڕاگری و خەباتی کرێکارانە. ئەوەیکە ئایا کرێکاران بەجۆرێک یەکیان گرتووە کە بتوانن بەرەنگاری سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان ببنەوە کە دەیانهەوێ کەمترین حەقدەستیان پێ بدەن یان نا؟ ئەگەر هەموو بارودۆخەکە باش بێت واتە هەم داواکاری بۆ هێزی کار زۆر بێت و هەم کرێکاران یەکگرتوو بن و توانای بەرەنگاربوونەوە و موقاومەتیان بێت، تازە ئەو کات کرێکاران شانسی ئەوەیان دەبێت کە حەقدەستێک وەرگرن کە ئیمکانی ئەوەیان پێ بدات لە چوارچێوەی ئەو ژیانەی کە لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا بۆ کرێکاران پێناسە کراوە، هێزی کارەکەیان تازە بکەنەوە و لەئاستی بنەماڵەشدا کرێکارانی داهاتوو پەروەردە بکەن. لەم حاڵەتەدا کە باشترین حاڵەتی مومکینە حەقدەستی کرێکاران بەرابەری بەهای هێزی کارەکەیانە واتە بەرابەری ئەو ئامراز و پێداویستییانەی ژیانە کە بۆ کارکردن و بەقای نەسلیان پێویستیانە. بەهای هێزی کار، وەک هەر کاڵایەکی تر، لەسەر بنەمای ئەو کاتە کارە دیاری دەکرێت کە بۆ بەرهەمهێنانی پێویستە. واتە زەمانی کاری پێویست بۆ بەرهەمهێنانی هێزی کار هەمان ئەو ماوە زەمانییەیە کە بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی ژیانی کرێکار زەروورییە.
بەڵام ئەم دوو هۆکارە، کە دەبوو بەهۆی ئەوەیکە کرێکار حەقدەستی بەرابەر لەگەڵ بەهای هێزی کارەکەی بەدەست بێنێ، لە دنیای واقعیدا بەردەوام لە نەوەساندایە و زۆرجار بەزیانی کرێکارانە. ئەوە زاتی سەرمایەدارییە کە لەگەڵ هەر دەورەیەکی ڕەونەق دەکەوێتە دەورەیەکی قەیران و ڕکوودەوە و لەگەڵ پەرەسەندنی بێکاری و هیتر ڕەقابەت لەنێوان کرێکاراندا زۆر دەبێت و هێزی موقاومەتی کرێکاران کەم دەبێتەوە. بەهۆی ئەم وەزعیەتە حەقدەستی کرێکار لە بەهای هێزی کارەکەی کەمتر دەبێتەوە، ئاستی حەقدەست دەڕواتە ژێر هێڵی هەژاری موتڵەق و کرێکار تەنانەت پێداویستیی تەڕ و تازە ڕاگرتنی هێزی کار و ئیدارەکردنی بنەماڵەی پێنادرێت و حەقدەستەکەی بەجۆرێک دێتە خوارێ کە بە زەحمەت بەشی زیندوو مانەوەی دەکات.
لەم هەرج و مەرەجەی نیزامی سەرمایەداری، لەم هەرج و مەرەجەی نیزامی کۆیلەتی مزدیدا کە هەموو شتێک گرێدراوە بە شەڕی نێوان کرێکاران و سەرمایەداران، ئەوەیکە کرێکاران بتوانن تەنانەت بەهای هێزی کارەکەیان وەرگرن و پێداویستیەکانی ژیانێکی ئینسانی دابین بکەن، خۆی وزە و خەبات و تێکۆشانی بەرینی چینایەتیی پێویستە. لەم جەنگە چینایەتییەدا، کرێکاران بەو ئەندازەیەی کە یەکگرتوو و هەمبەستە و ڕێکخراو دێننە مەیدان، دەتوانن بەرەنگاری چینی سەرمایەدار و دەوڵەتی پشتیوانیان ببنەوە و حەقدەستی گونجاو بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی بەسەر سەرمایەداراندا بسەپێنن. ئەوەیکە ئاستی حەقدەست چەندە دەبێت و ئەوەیکە ئایا کرێکاران بەڕاستی بەهای هێزی کاری خۆیان و بەرابەری دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی وەردەگرن، بەکردەوە و لە دنیای واقعیدا زیاتر لە هەموو شتێک بە هێزی چینی کرێکار و توانای خەباتی دژبە چینی سەرمایەدارەوە گرێدراوە.
ئەگەر لە ساڵی ڕابردوودا کرێکاران لە مەیدانی خەباتدا بۆ زیاکردنی حەقدەست، ڕیزبەندیی پیشە، گەڕانەوە بۆسەر کاری هاوکارانی خۆیان، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کاتی و هیتر هەوڵیان دەدا، ئەم ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییانە پێویستە یەکگرتووتر و سەرتاسەریتر درێژە بدەن. ئەگەر نامانهەوێ ژیان و هەستیی کرێکاران لەناو بچێت، پێویستە خەبات بۆ بردنەسەری حەقدەست یەکگرتووتر و سەرتاسەریتر بکەین. ئەمە پێویستییەکی چینایەتییە.