فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

حەقدەستی کرێکاران چۆن دیاری دەکرێت؟
چوارشەممە ۰۸-۰۱-۱۴۰۳   |  27-03-2024

حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بە دیاریکردنی حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری بۆ جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر سفرەی بەتاڵی بنەماڵە کرێکارییەکان. دوای چەندین هەفتە وتووێژی نمایشی لە نێوان نوێنەرانی دەوڵەت، نوێنەرانی سەرمایەدارانی بەشی خسووسی و نوێنەرانی “ڕێکخراوە کرێکارییەکان”ی سەربە دەسەڵاتی ئیسلامی لە شۆرای باڵای کار، لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ١٤٠٣دا بە بردنەسەری ٣٥ لەسەد، بۆ ٧ ملیۆن و ١٦٦ هەزار تمەن زیاد کرا. حەقدەستی کرێکارانێک کە یاسای کار دەیانگرێتەوە بە حیسابکردنی بۆنی خاروبار، کۆمەک هەزینەی مەسکەن و مەزایای دیکە، دەگاتە ١١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن. دیاریکردنی ئەم ئاستە لە لانیکەمی حەقدەست لە حاڵێکدایە کە تەنانەت بانکی مەرکەزیی ڕژیم ڕێژەی تەوەرومی ٤٢ لەسەد ڕاگەیاندووە. لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی کرێکاران کە خەرجی خۆراک و پۆشاک و دەرمان تا کرێی ماڵ و خەرجی هاتوچۆ و ئاموزش و تەفریح و … لەخۆ دەگرێت بەشێوەی بەرچاو زیادیان کردووە. چالاکانی پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاری و ڕێکخراوە کرێکارییە سەربەخۆکان بەلەبەرچاوگرتنی جیاوازیی بەرینی لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراو لەلایەن “شۆرای باڵای کار” لەگەڵ هەزینەی دابینکردنی سەبەدی مەعیشەتی بنەماڵەیەکی کرێکاری و بەسەرەنجدان بە خەرجی مانگانەی ژیانی بنەماڵەیەکی کرێکاریی چوار کەسی ڕایانگەیاندووە کە حەقدەستی مانگانەی کرێکاران نابێ لە ٤٥ ملیۆن تمەن کەمتر بێت.

هەموو ئەم ئامار و ئەرقامە نیشانی دەدەن کە لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ئەمساڵ سێ تا چوار بەرابەر لە ژێر هێڵی هەژاریدا دیاری کراوە. بەڵام حەقدەست چییە و بۆچی حکوومەت و خاوەنکارانی کەرتی تایبەت بەردەوام هەوڵ دەدەن کەمی بکەنەوە؟ حەقدەست پارەیەکە کە خاوەنکار ڕۆژانە، هەفتانە یان مانگانە دەیدا بە کرێکار تا کاری بۆ بکات. کرێکار ئەم پووڵە دەکاتە خەرجی پۆشاک، خۆراک و کرێی ماڵ، تەندروستی و دەرمان، هەزینەی ئاو و بەرق و هاتوچۆ و سەیران و ئینتەرنێت و هیتر. واتە حەقدەست دەبێتە هەمان خەرجێک کە خاوەنکار ڕۆژانە یان مانگانە دەیدا بە کرێکار تا کرێکار لەم ماوەیەدا کاری بۆ بکات. واتە کرێکار کار دەکات، بەرهەم دێنێ و چینی سەرمایەدار هەموو حاسڵی کاری چینی کرێکار دەخاتە گیرفانیەوە و تەنیا بەشێکی کەم لە بەرهەمی کار بە شێوەی حەقدەست دەداتەوە کرێکاران. واتە حەقدەست بەشێکە لە بەرهەمی کاری کرێکاران کە دەدرێتەوە بە خۆیان، تا وەک چینێک درێژە بە ژیان بدەن، زیندوو بمێنن و بەردەوام سەروەتی چینی سەرمایەدار بەرهەم بێنن. ئەمە یەکێک لە یاسا بنەڕەتی و ئەساسییەکانی نیزامی سەرمایەدارییە. ئەم نیزامە، نیزامی کۆیلەتیی مزدییە. واتە کرێکاران مەجبوورن بۆ دابینکردنی ژیانی خۆیان و بنەماڵەیان، بۆ دابینکردنی نان و پۆشاک و مەسکەن، پێیان بە ماشێن و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کە لە ئیختیاری سەرمایەدار دایە، زنجیر بکەن.

بەڵام ئەو بەشەی کە بۆ بەقای کۆمەڵایەتی دەدرێتە کرێکاران، چەندەیە؟ و ئاستی حەقدەست چۆن دیاری دەکرێت؟ ئاستی حەقدەست بەپێی بارودۆخی ڕەقابەت و هێز و توانای ئەم دوو لایەنەیە. لێرەدا کرێکار خاوەنی کاڵایەکە کە هەمان هێزی کارەکەیەتی و ئەو کاڵایەی خۆی دەفرۆشێت. ئەوەیکە هێزی کاری کرێکار لە بەرامبەر چ حەقدەستێکدا دەکڕدرێت، بۆ دوو فاکتۆر دەگەڕێتەوە. یەکەم ئەوزاعی بازاڕ چۆنە، ئایا لە حاڵی ڕەونەق دایە یان ڕکوود، داواکاری بۆ هێزی کار زۆرە یان کەمە؟ دووهەم کە فاکتۆرێکی ئەساسیترە، ڕادەی یەکگرتوویی و توانای خۆڕاگری و خەباتی کرێکارانە. ئەوەیکە ئایا کرێکاران بەجۆرێک یەکیان گرتووە کە بتوانن بەرەنگاری سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان ببنەوە کە دەیانهەوێ کەمترین حەقدەستیان پێ بدەن یان نا؟ ئەگەر هەموو بارودۆخەکە باش بێت واتە هەم داواکاری بۆ هێزی کار زۆر بێت و هەم کرێکاران یەکگرتوو بن و توانای بەرەنگاربوونەوە و موقاومەتیان بێت، تازە ئەو کات کرێکاران شانسی ئەوەیان دەبێت کە حەقدەستێک وەرگرن کە ئیمکانی ئەوەیان پێ بدات لە چوارچێوەی ئەو ژیانەی کە لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا بۆ کرێکاران پێناسە کراوە، هێزی کارەکەیان تازە بکەنەوە و لەئاستی بنەماڵەشدا کرێکارانی داهاتوو پەروەردە بکەن. لەم حاڵەتەدا کە باشترین حاڵەتی مومکینە حەقدەستی کرێکاران بەرابەری بەهای هێزی کارەکەیانە واتە بەرابەری ئەو ئامراز و پێداویستییانەی ژیانە کە بۆ کارکردن و بەقای نەسلیان پێویستیانە. بەهای هێزی کار، وەک هەر کاڵایەکی تر، لەسەر بنەمای ئەو کاتە کارە دیاری دەکرێت کە بۆ بەرهەمهێنانی پێویستە. واتە زەمانی کاری پێویست بۆ بەرهەمهێنانی هێزی کار هەمان ئەو ماوە زەمانییەیە کە بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی ژیانی کرێکار زەروورییە.

بەڵام ئەم دوو هۆکارە، کە دەبوو بەهۆی ئەوەیکە کرێکار حەقدەستی بەرابەر لەگەڵ بەهای هێزی کارەکەی بەدەست بێنێ، لە دنیای واقعیدا بەردەوام لە نەوەساندایە و زۆرجار بەزیانی کرێکارانە. ئەوە زاتی سەرمایەدارییە کە لەگەڵ هەر دەورەیەکی ڕەونەق دەکەوێتە دەورەیەکی قەیران و ڕکوودەوە و لەگەڵ پەرەسەندنی بێکاری و هیتر ڕەقابەت لەنێوان کرێکاراندا زۆر دەبێت و هێزی موقاومەتی کرێکاران کەم دەبێتەوە. بەهۆی ئەم وەزعیەتە حەقدەستی کرێکار لە بەهای هێزی کارەکەی کەمتر دەبێتەوە، ئاستی حەقدەست دەڕواتە ژێر هێڵی هەژاری موتڵەق و کرێکار تەنانەت پێداویستیی تەڕ و تازە ڕاگرتنی هێزی کار و ئیدارەکردنی بنەماڵەی پێنادرێت و حەقدەستەکەی بەجۆرێک دێتە خوارێ کە بە زەحمەت بەشی زیندوو مانەوەی دەکات.

لەم هەرج و مەرەجەی نیزامی سەرمایەداری، لەم هەرج و مەرەجەی نیزامی کۆیلەتی مزدیدا کە هەموو شتێک گرێدراوە بە شەڕی نێوان کرێکاران و سەرمایەداران، ئەوەیکە کرێکاران بتوانن تەنانەت بەهای هێزی کارەکەیان وەرگرن و پێداویستیەکانی ژیانێکی ئینسانی دابین بکەن، خۆی وزە و خەبات و تێکۆشانی بەرینی چینایەتیی پێویستە. لەم جەنگە چینایەتییەدا، کرێکاران بەو ئەندازەیەی کە یەکگرتوو و هەمبەستە و ڕێکخراو دێننە مەیدان، دەتوانن بەرەنگاری چینی سەرمایەدار و دەوڵەتی پشتیوانیان ببنەوە و حەقدەستی گونجاو بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی بەسەر سەرمایەداراندا بسەپێنن. ئەوەیکە ئاستی حەقدەست چەندە دەبێت و ئەوەیکە ئایا کرێکاران بەڕاستی بەهای هێزی کاری خۆیان و بەرابەری دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی وەردەگرن، بەکردەوە و لە دنیای واقعیدا زیاتر لە هەموو شتێک بە هێزی چینی کرێکار و توانای خەباتی دژبە چینی سەرمایەدارەوە گرێدراوە.

ئەگەر لە ساڵی ڕابردوودا کرێکاران لە مەیدانی خەباتدا بۆ زیاکردنی حەقدەست، ڕیزبەندیی پیشە، گەڕانەوە بۆسەر کاری هاوکارانی خۆیان، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کاتی و هیتر هەوڵیان دەدا، ئەم ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییانە پێویستە یەکگرتووتر و سەرتاسەریتر درێژە بدەن. ئەگەر نامانهەوێ ژیان و هەستیی کرێکاران لەناو بچێت، پێویستە خەبات بۆ بردنەسەری حەقدەست یەکگرتووتر و سەرتاسەریتر بکەین. ئەمە پێویستییەکی چینایەتییە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co

https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpiran1

https://t.me/KomalaCpiranTv