
زیاتر لە یەک ساڵ لەمەوبەر، لە بارودۆخێکدا کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە پێشەنگایەتیی ژنان و بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، “مەرگ بۆ خامنەیی” و بە کردەوەی هێمایینی وەک فڕێدانی ڕووسەری لەسەر شەقامەکان، پایەکانی ئایدیولۆژیی دەسەڵاتی دینی و دەورونەخشی دین لە دەوڵەت و لە داڕشتنی یاسا و سیاسەتی تێکشکاندبوو، خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستی کرد بە پشتیوانی لە دین و مامۆستایانی ئایینی و بۆ جارێکی تر لەسەر ئەو باوەڕە کۆنە و ماوەبەسەرچووەی حیزبی دیموکرات کە : “دین ڕۆڵێکی گرینگی لە کۆمەڵگادا هەیە و ناکرێ لە سیاسەت جیای بکەیەوە، مامۆستایانی ئایینیش ڕۆڵێکی گرینگیان لە ئازادیی ئێراندا هەیە” تەئکیدی کرد. لەو کاتدا ئەم وتانەی خالید عەزیزی بەقەد ئوتوبووسە خۆڕاییەکەی ڕەزا پەهلەوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگی دایەوە. نەک لەبەر ئەوەی ناوبراو شتێکی نوێی بەپێچەوانەی باوەڕ و هەڵوێستە سوننەتییەکانی حیزبی دێموکرات وتبێ، بەڵکوو بەو هۆکارە کە وتەکانی ئەو بەتەواو مانا دژی ڕوح و ناوەرۆکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بوو. بزووتنەوەیەک کە نیزامی دیکتاتۆری دینی و ئاپارتایدی ڕەگەزی و شێوە جۆراوجۆرەکانی ستەم و هەڵاواردنی لەسەر شەقامەکان بوێرانە بردبووە ژێر پرسیارەوە.
ئەوکات وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بارودۆخێکدا جەختی لەسەر ڕۆڵی گرینگی مامۆستایانی ئایینی لە ئازادیی ئێران دەکرد کە هەر ئەم مامۆستا ئایینییە سوننییانە لە کوردستان لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی لە گەرمەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا لە حاڵێکدا کە لە زیاتر لە سەد شاری ئێران ئاگری ناڕەزایەتیی شەقام بە دروشمی سەرەکیی ژن ژیان ئازادی و مەرگ بۆ خامنەیی گەشەی دەکرد، بۆ ڕاگرتنی بزووتنەوەی ژینا، بۆ ڕاگرتنی خەبات بۆ ئازادیی ئێران بەیاننامەی سیاسییان دەردەکرد و هەوڵیان دەدا بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە چوارچێوەی قانوونی ئەساسیی کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامیدا چوارمێخە بکەن. بەڵام خالید عەزیزی وەک وتەبێژی ڕەسمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەڕای ئاگاداربوونی لە سرووشتی ئازادیخوازانە و بەرابەری تەڵەبانەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، سەرەڕای ئاگاداربوونی لە هەڵوێستی کۆنەپەرستانەی مامۆستایانی ئایینی هەوڵ دەدات بە پشتیوانیکردن لەم ڕەوتە، پایگای کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکرات لە کۆمەڵگای کوردستان یەکڕیز بکات و ئەوان بۆ بەرەنگاربوونەوەکانی داهاتووی کۆمەڵگا ئامادە بکات.
خالید عەزیزی ئەمجارە لە کاتێکدا کە تایبەتمەندی و فاکتۆری نوێ لە شیکردنەوەی بارودۆخی وەرچەرخاوی ئێران و ناوچەکەدا دەوریان هەیە، دژبە کۆمۆنیسم و سۆسیالیسم و چەپ ئاژیتاسیۆنی خستووەتە ڕێ. ناوبراو لە سیمینارێکی حیزبیدا لەژێرناوی “ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هاوکێشە نێونەتەوەییەکاندا” کە لە کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی ئەم حیزبە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتە دەڵێ: “ئەزموونی کۆمۆنیسم و سۆسیالیسم و چەپ لە دنیادا زەرەر و زیانی زۆری لێ کەوتووەتەوە. هەموو ئەو وڵاتانەی کە سۆسیالیسمیان ئەزموون کردووە، وەدواکەوتوون و بەداخەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستان ئەم ئایدیۆلۆژی و ڕوانینە چووەتە ناو بزووتنەوەی کوردستانەوە”. ئەم ئیدیعایانە لە ڕاستیدا دووپات کردنەوەی هەڵوێستی ئیدئولۆگەکانی ڕاستترین بەشی سەرمایەداریی جیهانە، کە لە دوای ڕووخانی دیواری بەرلین لە نوامبری ١٩٨٩ و هەڵوەشانی بلۆکی ڕۆژهەڵات و کۆتایی شەری سارد، بە جەژن و شادییەوە “کۆتایی مێژوو”یان ڕاگەیاند. لەو سەردەمەدا پڕوپاگەندەی نیولیبراڵ هەوڵیدا ئەوەی ڕوویدابوو، واتە شکست و داڕمانی مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی، وەک “مەرگ و کۆتایی کۆمۆنیسم” لەقەڵەم بدات و بە سەرخۆشییەوە هاواری دەکرد کە بۆ هەمیشە سۆسیالیسمی لە مەیدان خستووەتە دەر. سەردەمانێکیش مارگارێت تاچێر سەرۆکوەزیرانی پارێزکاری ئینگلیس لە کاتی شکستی مانگرتنی گەورەی کرێکارانی کانگاکاندا ڕایگەیاند: “بۆ هەمیشە ماڵاواییمان لە سۆسالیسم کرد” و بە بێ هیچ دوودڵییەک کرێکارانی کانگاکانی ئینگلیسی بە دوژمنی ناوخۆیی وەسف کرد. لەئێستادا و دوای زیاتر لە سێ دەیە و لە هەلومەرجێکدا کە ناتەباییە چارەهەڵنەگرەکانی نیزامی سەرمایەداری، بەشێوەیەکی مەترسیدار کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی و ژینگەی مرۆڤەکانی خستووەتە بەردەم نابوودییەوە، وتەبێژی حیزبی دێموکرات هێستاش ئەم سەرخۆشییە بەری نەداوە و باس لە زەرەر و زیان و شکست و کۆتایی چەپ و سۆسیالیسم دەکات. خالید عەزیزی لە بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە بەرامبەر بە چەپ و سۆسیالیسم تا جێیەک دەڕواتە پێش کە ئاگایانە و هاودەنگ لەگەڵ ژورنالیسمی بەکرێگیراوی ڕۆژاوا، نیزامە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان لە وڵاتانی ئورووپای ڕۆژهەڵات بە سۆسیالیزم ناو دەبات و ڕێکخستنی گرووپە نیابەتییەکان لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، بە چاولێکەری و مۆدێل هەڵگرتن لە بەرەی سۆسیالیسم وەسف دەکات. خالید عەزیزی بەئانقەست دەیهەوێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و کۆمۆنیسم و سۆسیالیسم و چەپ هاوئاراستە نیشان بدات. ئەو لەبیری چووەتەوە کە ئەوە کۆمەڵە و کۆمۆنیستەکان لە کوردستان بوون کە لە دیفاع لە بەرژوەندییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان، بەردەوام لەئاست سیاسەتی سازشکارانە، خۆشباوەڕی و هاوئاراستەیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هۆشداریان دەدا.
بۆ وەبیرهێنانەوەی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرنج بدەنە ئەم چەند ڕستەیە لە نامەی حیزبی دێموکرات بۆ خومەینی لە ٧ی خالێکەوەی ساڵی ١٣٥٩: “حەزرەتی ئیمام خومەینی، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئێران! بۆ جارێکی تر ڕووی قسەمان لە ئیمامە. لەئێستادا بەدخوازان هەوڵ دەدەن شەڕی براکوژییەکی دیکە بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنن … پەیامی ٢٦ی مانگی خەزەڵوەری ٥٨ی بەڕێزتان ئێمەی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کوردستان لەڕێگەی گفتوگۆوە هیوادار کرد و ئێمە دەستبەجێ لەبەیکمان وت و ئاگربەستمان ڕاگەیاند. ئێستا ئیتر دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی دەبێ بڕیار بدات”. حیزبی دێموکرات بەر لەم نامەیە لە کۆبوونەوەی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٥٨ لە شاری مەهاباد بە خومەینی لەبەیکی وتبوو و لە هەڵوێستی “دژی ئیمپریالیستی”ی خومەینی پشیتوانیی کردبوو. حیزبی دیموکرات هەر بەوە نەوەستا و لە کۆنگرەی چواردا لە دەقی بەڵگەی بەرنامەیی خۆیدا سەبارەت بە خومەینی و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نووسیی: “شۆڕشی دژی ئیستبدادی و دژی ئیمپریالیستیی گەلانی ئێران بە بەشداریی هەموو هێزە پێشکەوتنخواز و نەتەوەییەکان و هەموو چین و توێژە دیموکراتیکەکان بە ڕێبەری ئیمام خومەینی لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٨ بەسەرکەوتن گەیشت و توماری ڕژیمی ٢٥٠٠ ساڵەی پاشایەتیی بۆ هەمیشە تێکەوەپێچا و کۆماری ئیسلامیی سەقامگیر کرد.” لەم بەرنامەیەدا حیزبی دێموکرات نەتەنیا “ئیمام خومەینی” بە ڕێبەری شۆڕش ناودەبات، بەڵکوو ڕژیمی کۆماری ئیسلامی (ئەم دەسەڵاتە دژەشۆڕش و دڕندە و جنایەتکارە ئیسلامییە) بە بەرهەمی شۆڕشی دژەدیکتاتۆری و دژەئیمپریالیستی خەڵکی ئێران پێناسە دەکات. لەوانە بگوزەرێین، خالید عەزیزی وەک سەرۆکی باڵێک لە حیزبی دیموکرات بۆ چەندین ساڵ، لە قۆناغێکدا کە دووی خوردادییەکان و ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی دەستیان دەڕۆیشت، لە جەریانی گاڵتەجاڕییەکانی ئینتخاباتی ڕژیمدا، داوای لە خەڵکی کوردستان دەکرد لە بەرامبەر بژاردەی خراپ و خراپتردا، لە بەرامبەر باڵی ئۆسوولگەرادا دەنگ بە باڵی ئیسلاح تەڵەبی حکوومەتی بدەن. وە بەکردەوە بە بانگەوازی خامنەیی و سەرکردەکانی سپای پاسداران بۆ گەرم کردنی تەندووری ئینتخاباتی حکوومەت وڵامی ئەرێنیان دەدا. وتەبێژی حیزبی دێموکرات بەم کارنامەوە دەیهەوێ وای نیشان بدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەم لە بواری دژایەتی لەگەڵ ئیمپریالیسم و هەم لە بواری ڕێکخستنی گرووپە نیابەتییەکان، لەگەڵ چەپ و سۆسیالیستەکان هاوئاراستەیە.
ئاستی ئیدیعاکانی خالید عەزیزی لەدژی چەپ و سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان لەوە نزمترە کە شایەنی ڕەخنەی تیوری بێت. بەڵام پرسیار ئەوە کە ئەرزشی مەسرەفی ئەم ئاژیتاسیۆنە بێ ناوەرۆکە لەدژی کۆمەڵە و چەپ و کۆمۆنیسم لە کوردستان و ئێران لە بارودۆخی ئێستادا چییە؟ وە فاکتۆرە کاریگەرەکان کامانەن؟
فاکتۆرێکی کاریگەر لە شیکردنەوەی بارودۆخی سیاسیی ئێراندا، حزووری چەپێکی بەهێزی کۆمەڵایەتی لە مەیدانی خەباتدایە کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵی چەکی لە ڕووەوە بەستووە و ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێرانیش بۆ بەلاڕێدابردنی لە هیچ هەوڵێک دەریغ ناکات. ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە بریتییە لە چالاکان و ڕێبەرانی کرێکاری کە ئاڵای داخوازیی کرێکارانیان بەرز کردووەتەوە و لە ڕێکخستن و ڕێبەریی ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییەکان دەورونەخشیان هەیە، چالاکانی بزووتنەوەی ژنان کە بە بەشداریی خۆیان لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی مامۆستایان، خانەنشینان، خوێندکاران، پەرستاران و بە خۆڕاگریی بەرینیان لە بەرامبەر سیاسەت و یاسای دژەژنی دەسەڵات، ئاسۆی ڕزگاریی ژنیان لە ستەمی سەرمایەداری خستووەتە بەردەم کۆمەڵگا، چەپ و سۆسیالیستەکانی ناو بزووتنەوەی خوێندکاری کە ئاڵای یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانیان بەرز کردووەتەوە، ئەو خانەنشینانەی کە داخوازیەکانیان لەسەر شەقامەکان هاوار دەکەن. ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە ئەو بەشە لە نووسەران، هەواڵنێران، مامۆستایانی زانکۆ، سینەماکاران و هونەرمەندان لە خۆ دەگرێت کە بەرەنگاری فەرهەنگ، سیاسەت و ئایدیۆلۆژی چینی دەسەڵاتدار بوونەتەوە، لەدژی سانسۆڕ و ئەشکەنجە و ئێعدام ئیعتراز دەکەن و لە بەرژەوەند و خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان دیفاع دەکەن. ئەم هێزە چەپە کۆمەڵایەتییە لە کوردستان ئاڵای خەبات و تەسلیم نەبوون بەرامبەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ئاڵای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆنەپەرستانی مەحەلی و ئاڵای هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی لە سەرتاسەری ئێران بەرز کردووەتەوە. ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە لەناو زیندانەکان ئاڵاهەڵگری ئیعتراز لەدژی سزای ئێعدامە. ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە چەپ و ڕادیکاڵە ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگری لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییەکان و ئاخێزە جەماوەرییەکانی ساڵانی ڕابردوودا هەبووە. ناوەرۆکی داخوازییەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە دروشمی “نان، کار، ئازادی” بەیەکەوە پەیوەندی داون. ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە گرتن و ئەشکەنجە و ئێعدام بەرەنگاری ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە دەبێتەوە، وتەبێژی حیزبی دیموکراتیش بە شەڕی نەرم هاتووەتە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم هێزە چەپە. خالید عەزیزی لە گەڕان بەدوای هاوپەیمانانی لە ناو هێزە ئۆپۆزیسیۆنە ڕاستەکاندا، پێویستی بە وەها هێرشێکی هیستریکە بۆسەر چەپ و باوەڕە سۆسیالیستییەکان.
لەلایەکی دیکەوە پەیامی “ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک”ی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە کۆتاییەکانی مانگی فێوریەی ئەمساڵ بڵاوکرایەوە و بەدوایدا بەڕێوەچوونی کۆنگرەی پەکەکە کە تێیدا کۆتایی خەباتی چەکداری، ئامادەیی بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی ئەم ڕەوتە ڕاگەیەندرا، ئەویش لەکاتکێدا کە دەوڵەتی فاشیستی تورکیە وێڕای پەرەپێدانی سەرکوت هەروا لەسەر کۆتایی سەردەمی تیرۆر تەئکید دەکات، نابێ کاریگەرییەکانیان لەسەر حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە ناوچەکە نادیدە بگیرێت. ئاڵوگۆڕەکانی پەکەکە زیاتر لە ڕابردوو پاراستنی هێزی چەکدار و خەباتی چەکداریی وەک گرینگترین بنەمای چالاکی ڕەوتە ناسیۆنالیستییەکان خستووەتە ژێر فشارەوە. لەم بارودۆخەدا بۆ کردنەوەی دەرگای دیالۆگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هێرش بۆسەر چەپ و سۆسیالیسم بۆ وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردسانی ئێران، ئەرزشی مەسرەفی پەیدا کردووە.
درێژەی دانوستانەکانی ترامپ لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی وێڕای هەڕەشەی بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، خالید عەزیزیی لەئاست “پڕۆژەی ڕووخاندن”ی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بەرقەرارکردنی “ئاشتی” لە ئێران بە دەستی ترامپ بێهیوا کردووە. هیواداربوون بە دەستوەردانی ئەمریکا بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی دەمێکە بووەتە بەشێکی سەرەکی لە ستراتێژی سیاسیی حیزبی دێموکرات. دوای هێرشی ئەمریکا بۆسەر عێراق و ڕووخاندنی ڕژیمی سەدام، حیزبی دێموکرات هیوای خواست کە ئەم پڕۆژە “ڕزگاریبەخشە” لە ئێرانیش جێبەجێ بکرێت تا ئەوانیش بتوانن لە سێبەری هێرشی ئەمریکادا لە کوردستانی ئێران بەدەسەڵات بگەن. کاتێک هیوایەک بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پڕۆژانە نامێنێت، هێرش بۆسەر چەپ و سۆسیالیسم بۆ دیتنەوەی هاوپەیمان لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست و نیشاندانی چرای سەوزی دیالۆگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ خالید عەزیزی گرینگ دەبێتەوە.
جیا لەم فاکتۆرانە، خالید عەزیزی بە دەربڕینی داخ و کەسەر بەخاتری بوونی ڕەوتی کۆمۆنیست و سۆسیالیست و چەپ لە کوردستان، بە ژەهر پژاندن لەدژی ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییە، داماوانە دەیهەوێ هەوادارانی حیزبی دێموکرات لە بەرامبەر نفووزی باوەڕی چەپ و سۆسیالیستی لە کۆمەڵگایەک کە تێیدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بۆشایی نێوان هەژاری و سەروەت قووڵتر دەبێتەوە، واکسینە بکات. خالید عەزیزی لە کەمپەینی هێرش بۆسەر چەپ و سۆسیالیسمدا بەتەنیا نییە. ئەو بە هێرش کردن بۆسەر چەپ و سۆسیالیست لە ڕاستیدا هاوپەیمانیی خۆی لەگەڵ لەشکرێکی گەورە لە ڕەوتە ڕاستەکان لە سەرتاسەری جیهان لەدژی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی، بەڕۆژ کردووەتەوە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانە، بەربەرییەتی نیزامی سەرمایەداری سۆسیالیسمی خستووەتە دەستووری کاری مێژووەوە و کردوویەتە زەروورەتێکی حەتمی. تەنیا سەرکەوتنی نیزامی سەرمایەداری و ئیمکانات و ناوەندە تەبلیغاتییەکانی لە وەدواخستنی ئەو ڕۆژەدایە کە ئەم نیزامە زاڵمانەیە بەخاتری چەوساندنەوەی ئینسان بەدەستی ئینسان، هەژاری و برسیەتی، شەڕ و جینۆساید و ئاوارەیی و بەخاتری ئەو کێشە و گرفتە بێ ئەژمارانەی بەسەر مرۆڤایەتییدا سەپاندووە، دەبێ حیساب بداتەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە