فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

خامنەیی، دانپێدانان بە شکست لە بەرامبەر دوژمن و پێداگری لەسەر درێژەی سیاسەتی شه‌ڕه‌نگێزانه
چوارشەممە ۰۸-۰۵-۱۴۰۴   |  30-07-2025

عەلی خامنەیی ڕۆژی یەکشەممە پێنجی مانگی گەلاوێژ بەبۆنەی چلەمین ڕۆژی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و زانایانی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئیسرائیل، لە پەناگاکەیەوە پەیامێکی کورتی دیکەی بڵاوکردەوە. ئەو لە پەیامەکەیدا وێڕای بلۆف و بەخۆهەڵکوتنی بێبنەما وتی: “ئێرانی ئیسلامی بەهێزە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبێت بەو مەرجەی کە غەفڵەت نەکەین.” خامنەیی وێڕای دانپێدانانی ناڕاستەوخۆ بە زەربەی قورسی ئیسرائیل لە یەکەمین ڕۆژی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، کوژراوانی سەردارانی با کفایەت و زانایانی بەرجەستەی ئەتۆمی ناوبرد کە گۆیا بەوەی خۆیان هەڵیانبژاردبوو گەیشتوون و وتی: “لێیان پیرۆز بێ”. خامنەیی لەو پەیامەدا وێڕای جنێودان و سووکایەتی بە ئیسرائیل وتی: “ئەم زەربەیە تاقمی دەسەڵاتداری دڵڕەش و تاوانکاری سەهیۆنیست کە دوژمنی ڕەزل و سەرسەختی ئێرانی ئیسلامییە، وەشاندی. بەڵام بە ئامانجی خۆی نەگەیشت”. هەڵبەت خامنەیی دوو ڕۆژ دوای ئاگربەسی ڕاگەیەندراو لەلایەن ترامپەوەش لە حەشارگەکەی خۆیەوە بێشەرمانە ئیدیعای کرد کە: “لەم شەڕەدا، کۆماری ئیسلامی زلـلەیەکی توندی لە ئەمریکا دا و ڕژیمی سەهیۆنیست لەژێر گورزەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە پێ کەوتووە و لەت بووە”.

بەڵام خامنەیی بە بەڵێنی ئەوەیکە داهاتوو نیشانی دەدا کە هەر دوو حەرەکەتی نیزامی و زانستی (واتە ئەتۆمی)، خێراتر لە ڕابردوو بەرەو ئامانجی خۆیان بەرەوپێش دەچن، دەیهەوێ سەرەڕای هەژاری و نەهامەتییەک کە بەسەر ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێرانیدا سەپاندووە، دیسانیش ئیمکاناتی ماڵیی حکوومەت بخاتە خزمەت ساغکردنەوەی دامەزراوەی ئەتۆمی و نیزامی تا بەڵکوو بتوانێ “ئیسرائیلی خەبیس و ڕەزڵ و عەنید و جنایەتکار نابوود بکات”، تا ئەرکی دینی و ئیسلامیی خۆی بەجێ هێنابێ. هەڵبەت هەم خامنەیی و هەم سپای پاسداران یەک مانگ لەمەوبەر دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەس لەلایەن ترامپیشەوە، لەوپەڕی زەلیلی و زەبوونیدا لەسەر عەزمی بێهوودەیان بۆ نابوودیی ئیسرائیل تەئکیدیان دەکرد. ئەم تەبلیغاتە بێ ناوەرۆکەی خامنەیی ئەگەرچی بۆ مەسرەفی ناوخۆییە، بەڵام دەتوانێ بەستێنی شەڕێکی دیکەش ئامادە بکات. لەم پەیوەندییەدا و لە وڵام بە وتەکانی ڕۆژی یەکشەممەی خامنەیی، کاتس، وەزیری بەرگریی شەڕخوازی ئیسرائیل، هەمان ڕۆژ وتی: “دەمهەوێ پەیامێکی ڕوون بۆ خامنەیی دیکتاتۆر بنێرم، ئەگەر هەڕەشە کردن لە ئیسرائیل درێژەی بێت، دەستی درێژمان دووبارە بەهێزێکی زیاترەوە دەگاتە تاران و ئەمجارە دەگاتە شەخسی تۆش. هەڕەشە مەکەن با زیانتان پێ نەگات.” هەر لەم پەیوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە پێنجی مانگی گەلاوێژ، ترامپیش لە دیدار لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئورووپا وتی: “لەگەڵ نەتانیاهۆ سەبارەت بە ئێران قسەمان کرد، لاموایە ئێران زۆر خراپ قسەی کردووە”.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژ گەڵاڵەی دوو فەوریەتیی دەوڵەتی پزشکیان لە پەیوەند لەگەڵ “توندکردنەوەی سزا بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست”، لە مەجلیسی کۆنەپەرستدا لەلایەن نوێنەرانەوە پەسند کرا. ئەم گەڵاڵەیە کە پێشتر لە لایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕژیمەوە بە دەوڵەتی بێدەسەڵاتی پزشکیان درابوو، لە دەوڵەتیشدا بە شێوەی دوو فەوریەت خرایە دەستووری کارەوە و پەسند کرا. پەسندکردنی گەڵاڵەی دوو فەوریەت لە دەوڵەت و مەجلیس بەو مانایەیە کە تاوتوێ کردنی دەبێ بخرێتە ئەولەوییەتەوە و لە کەمترین کاتدا پەسند و جێبەجێ بکرێت.

پێویستیی گەڵاڵەی دوو فەوریەتی ” توندکردنەوەی سزا بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست” کە هەواڵنێران بە ” گەڵاڵەی زەبروزەنگ” ناوی دەبەن، لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە بەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ناوەندە ئەتۆمی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی، خامنەیی و باقیی سەرانی ڕژیم هەوڵیان داوە ئاستی ئەو زیانانەی بەر ڕژیم کەوتووە، بشارنەوە. بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی راستەقینە لەلایەن پەیامنێران و ئەو کەسانەی کە شایەتحاڵی ڕووداوەکان بوون، دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی ڕژێم لە لایەن توێژە جیاجیاکانی خەڵکەوە ڕووبەڕووی سوکایەتی و ڕەخنەی زۆر بوونەتەوە. کۆماری ئیسلامی نیگەران لە کاردانەوەی ئەم درۆ و هەڵبەستانەی، ژمارەیەکی زۆری لە هەواڵنێران و خەڵکی ڕەخنەگر دەستگیرکردووە. چونکە ڕاپۆرت و هەواڵی ڕاستەقینەی ئەوان سەبارەت بە قەبارەی زیانەکانی ڕژیم لەگەڵ قسە بێبنەماکانی خامنەیی سەبارەت بە سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی و لێدانی زلـلە لە ئەمریکا و لە پێ خستن و لەت کردنی ئیسرائیل، زۆر جیاواز و ناتەبایە. خەڵکی زیاندیتوو و بێزار لە درۆودەلەسە و ساختەکاریی خامنەیی و بەرپرسانی دیکەی ڕژیم کۆتا نەهاتوون و لایەنە جۆراوجۆرەکانی شکستی سەرشۆڕانەی کۆماری ئیسلامی هەروا دەدەنە بەر باس و لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن. لەم ڕووەوە، گومان لەوەدا نییە کە پەسەندکردنی ئەم گەڵاڵەیە بۆ پێکهێنانی کەشوهەوای ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادایە و بۆ پەرەپێدانی سەرکوتی هەواڵنێرانی سەربەخۆ و خەڵکی ناڕازی و بۆ بێدەنگ کردنیان بەڕێوە دەچێت.

بەڵام پەسندکردنی بەپەلەی ئەم گەڵاڵەیە، لە هەمان کاتدا نیشانەی ترس و خۆفی کۆماری ئیسلامییە لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی جەماوەری لەئاستی کۆمەڵگادا. ئەویش لە بارودۆخێکدا کە مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگا کە بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە بەشێوەی کاتی دامرکابوو، دیسان دەستیپێکردووەتەوە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان بۆ وەدیهێنانی خواستەکانیان خستووەتە ژێر فشاری زیاترەوە. بەڵام ڕژیمی ئیفلاسی کۆماری ئیسلامی کە توانای دابینکردنی داخوازییەکانی ئەوانی نییە، دەیهەوێ بە پەسندکردنی وەها گەڵاڵەیەک، بە زەبری سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە، بێدەنگیان بکات. بێگومان ئەوەش خەیاڵێکی خاوە و هیچی تر. لە وەها هەلومەرجێکدا، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەموو کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی تەنانەت پزشکیان و عراقچیش تەپڵی درێژەدانی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ناوخۆی ئێراندا دەکوتن. وادیارە کۆماری ئیسلامی بۆ درێژەدانی دەسەڵاتەکەی پێویستی بە بەردەوامبوونی کەشوهەوای شەڕ و تەنانەت هەڵگیرساندنی شەڕێکی دیکەیە.

بەڵام لە کاتێکدا کە ناوەند و دامەزراوە ماڵییەکان لەم دواییەدا لەسەر پەرەسەندنی قەیرانی ئابووریی کۆماری ئیسلامی تەئکید دەکەن و ڕایانگەیاندووە کە تێچووی سەبەدی بژێوی بنەماڵەیەک گەیشتووەتە سەرووی ٤٧ ملیۆن تمەن، ڕژیم ناتوانێ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا لە مانگرتن و ناڕەزایەتی وەک تەنیا چەکی بەرگری کردن لە خۆیان پاشگەز بکات و لە هەڵچوونی تووڕەیی خرۆشاویان بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە تاوانکارە ڕێگری بکات.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv