فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

خامنەیی نیگەران لە قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان دەوڵەت و مەجلیس
شەممە ۰۶-۰۳-۱۴۰۲   |  27-05-2023
خامنەیی نیگەران لە قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان دەوڵەت و مەجلیس

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی جۆزەردان عەلی خامنەیی ئەمجارەیان سەرۆک و نوێنەرانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی بانگ کرد تا وێڕای تاریفکردن و پێهەڵکوتنیان بەخاتری گوێ بە فەرمان بوونیان لە پەسندکردنی یاسا و پڕۆژەی حکوومەت بۆ سەرکوت و بەرەنگاربوونەوە دژبە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری، پێیان بڵێ کە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا هەروا بەردەوام بن. ئەو یەک مانگ لەمەوبەریش دیدارێکی لەگەڵ ڕەئیسی و هەیئەتی دەوڵەت ئەنجام دا تا ئەوانیش لە هەستیاربوونی بارودۆخی دەسەڵات ئاگادار بکاتەوە و بەرانبەر بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری یەکگرتوو و هەماهەنگ عەمەل بکەن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لەماوەی دوو سێ مانگی ڕابردوودا قەیرانی ئابووریی حکوومەت قووڵتر بووەتەوە، ڕێژەی تەوەرۆم هەروا لە حاڵی زیادبووندایە، بەهای تمەن بەردەوام دادەبەزێت، ڕێژەی بێکاری زیاتر پەرەدەستێنێت، و ڕژیمی ئیفلاسی کۆماری ئیسلامی لە پێکهێنانی هەرجۆرە گۆڕاکارییەک لە بارودۆخی ژیانی خەڵک داماو و بێتوانایە. لە وەها بارودۆخێکدا تەنیا ئامرازی ڕژیم بۆ درێژەی دسەڵاتەکەی، سەرکوت و ئێعدامە و پێویستە دەوڵەت و مەجلیس و دەزگای قەزایی لە هاوکاریی نزیک لەگەڵ دەزگا ئەمنیەتییەکان ئەم بابەتە بەڕێوەبەرن. خامنەیی لە وتەکانیدا ڕووبە قالیبافی دز و باقیی نوێنەران، دەستی کرد بە دیفاع لێیان و مەجلیس و دەوڵەتی ئێستای “ئینقلابی، باسەواد و پڕکار و سادە زیست” وەسف کرد. تەوسیفێک کە پێویستە گاڵتەی ڕۆژگار بەحیساب بێت.

نیسبەتدانی ئەم خەسڵەتە ناواقعییانە لەلایەن خامنەییەوە بە مەجلیس و دەوڵەتی ئێستا لە حاڵێکدایە کە بەتایبەت لە یەک دوو مانگی ڕابردوودا گەلێک نموونەی گەندەڵی و دزی و بەرتیلخوری ئاشکرا بووە و لەلایەن خەڵکەوە دراوەتە بەر ناڕەزایەتی و گاڵتەوە. ئەو لە وتەکانیدا دانی بەوەدانا کە “لە چەپ و ڕاستەوە مەتەڵکیان پێ دەوترێ و باسیان دەکرێ”. خامنەیی باسی لەوە کرد کە نوێنەرانی مەجلیس سادە دەژین تا حاشا لە ماجەرای بەرتیلخۆریی ١٥٣ ماشێنی شاسی بڵند بکات کە بەوتەی یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیس کەس لە چارەنووسیان ئاگادار نییە. خامنەیی لە ناکۆکیی نێوان دەوڵەت و مەجلیس زۆر نیگەرانە. ئەو نوێنەرانی مەجلیسی “ئینقلابی” وەسف کرد تا لە ناکۆکیی ناوخۆییاندا وەزیرانی کابینەی ڕەئیسی ئیستیزاح نەکەن. بەڵام دیفاعی خامنەیی لە سەرانی حکوومەتی گەندەڵ و یەکدەست کە لە سێ ساڵ لەمەوبەرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتیی جەماوەری و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتنی کرێکاران پێکهاتووە، نەتەنیا چارەساز نییە بەڵکوو نەفرەت و تووڕەیی گشتی دژبەوان زیاتر پەرەپێدەدات. چونکە خەڵک دەزانن ڕێبەریی سپای پاسداران و خامنەیی بە ئاگاداربوون لە وجوودی قەیرانی قووڵی ئابووری و داسەپاندنی بێکاری و هەژاری و برسییەتی بەسەر کرێکاران و جەماوەری بێبەشی ئێران، لە سێ ساڵ لەمەوبەرەوە بۆ پاراستن و بەردەوامبوونی دەسەڵاتەکەیان بیریان لە یەکدەستکردنی سێ دەزگای سەرەکیی حکوومەت کردووەتەوە.

خامنەیی لە بەشێکی تر لە وتەکانیدا بە ئامانجی پاکانە کردن بۆ خۆی لەئاست شکستی سیاسەتی ناوچەیی و دانوستانی ئەتۆمیی پێشوو و بۆ دیفاع لە سیاسەتی دەرەوەی ئێستا، دەوڵەتی حەسەنی ڕووحانیی بەوە خەتابار کرد کە سیاسەتی “دیپلۆماسیی ئیلتماسی”ی بووە و لە سیاسەتی “نەرمشی قارەمانانە”ی ئەو تێنەگەیشتووە. بەڵام هەر ئەم مەجلیسەی “ئینقلابی”یەی ئێستا، ئەوکات بە پەسندکردنی گەڵاڵەی “کردەوەی ستراتێژیک”، وڵاتی لە سەرگەردانیی مەسەلەی هەستەیی نەجات دا و یەکێک لە گرێکانی نیزامی کردەوە و ئێستاش نیشانەکانی لەئاستی دنیادا دەبیندرێت. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بە ئیعترافی جەوادی زەریف ئەوکاتیش دانوستانی ناوەکیی لەژێر چاوەدێریی خامنەیی و ڕێبەری سپای پاسداراندا بەڕێوەچووە و سەهمی دەوڵەت لە دیاریکردنی سیاسەتی دەرەوە و دانوستانی هەستەیی تەقریبەن سفر بووە. هەڵبەت حەسەن ڕووحانی دواتر ڕایگەیاند کە پەسندکردنی ئەم گەڵاڵەیەی مەجلیس، مانعی بەسەمەر گەیشتنی دانوستانی بەرجام و لابردنی گەمارۆکان بووە. بەڵام ئامانجی خامنەیی لە باس کردنی ئەم خاڵە لەم هەلومەرجەدا بێجگەلە تاریفکردن لە مەجلیس، پاساوکردنی وەرچەرخانی ئەم دوایانەی کۆماری ئیسلامییە لە سیاسەتی ناوچەیی و بەرقەرارکردنی پەیوەندی لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی و باقیی دەوڵەتانی ناوچەکە کە گۆیا ئێستا بە سیاسەتی “نەرمشی قارەمانانە”ی ئەو، ڕژیم کەوتووەتە مەسیرێکی دروستەوە!

بەڵام سەرەکیترین ئامانجی خامنەی لە تاریف و پێهەڵکوتنی نوێنەرانی مەجلیس لە ڕۆژی چوارشەممەدا ئەو خاڵە بوو کە پێیان بڵێ لە پەسندکردنی پڕۆژەی سەرکوتگەرانەدا گومان بەخۆیان نەدەن. ئەو بە نوێنەرانی مەجلیسی کۆنەپەرست هۆشداری دا کە: “لە بابەتە یاسادانانەکاندا داوای ڕەزامەندی خەڵک مەکەن و مەهێڵن تەماح کاریگەری لەسەر قسە و کردارەکانتان دانێ”. ئێستا فڵان قسە یان فڵان کار کە ڕەنگبێ ببێتە هۆی هۆگرایەتیی خەڵک یان دەنگهێنانەوە، بەتەواوی لەبیریبکەن. ئەم کارە لە ئەرکە گرینگ و پێویستەکانی ئێوەیە”. خامنەیی پێشتریش ئەم دەستووراتە سەرکوتگەرانەیەی بە کارگێڕانی خۆی لە مەجلیسی کۆنەپەرستی ئیسلامی دابوو و داوای لێ کردبوون کە کۆسپ نەخەنە سەر ڕێگای دەوەڵتی ڕەئیسی و شێوەکاری مەجلیس و دەوڵەتی “ئینقلابی” پێویستە هاوکاریی و هاوئاهەنگی بێت.

خامنەیی جەنایەتکار لە بارودۆخێکدا بیر لە قایمترکردنی سەنگەری دەسەڵاتەکەی دەکاتەوە بەرانبەر بە شەپۆلی مانگرتن و ئیعتڕازی کرێکاران و جەماوەری وەگیانهاتوو لە هەژاری و برسییەتی و بێ مافی، کە باش دەزانێ ئەمە سەرەتای کارە و هەموو ڕۆژێ لەگەڵ شێوازێکی نوێ لە خەباتی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی سەرانسەری بەرەڕوو دەبێتەوە. حکوومەت لە بارودۆخێکدا لەگەڵ داخوازیی باشترکردنی ئەوزاعی مەعیشەتیی هەشتا لەسەدی کۆمەڵگا بەرەوڕوویە کە قەیرانی ئابووریی دەسەڵات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە. ڕەحیم ممبینی جێگری سازمانی بەرنامە و بودجەی ڕژیم ڕۆژی شەممە ٣٠ی مانگی گوڵان لە باسی پێوەندیدار بە کەسری بودجەی ساڵی ڕابردوو وتی: “کەسری واقعیی بودجەی دەوڵەت لە ساڵی پێشوودا نزیکەی ٧٩٤ هەزار ملیارد تمەن بوو و ئەم ڕەقەمە لە دوو بەرابەری کەسری بودجەی ساڵانی ڕابردوو زیاترە”. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە کاربەدەستانی درۆزنی ئیبراهیم ڕەئیسی گەلێک جار وتبوویان کە بودجەی ساڵی ١٤٠١ کەسریی نییە.

بەمجۆرە ڕژیم لەئێستادا لە حاڵی قایمترکردنی سەنگەری بەرەنگاربوونەوەدایە دژبە خواست و داخوازیی خەڵک. لە وەها بارودۆخێکدا کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران بێجگەلە پەرەپێدان و تەقویەتی سەنگەری خەباتکارانەی خۆیان کە هەمان پەرەپێدانی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری و سەرانسەری بەرانبەر بە ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامییە، ڕێگایەکی تریان لەپێش نییە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co