شکستی یەک لەدوای یەکی کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتە ناوچەییەکانی و شکستی ستراتێژی شەڕی پێشگرانە و تێکشکانی هێزەکانی بەناو “میحوەری موقاومەت”، بووەتە هۆی ئەوەیکە حکوومەت لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران لاوازتر لە ڕابردوو بێت. لەئێستادا کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی ئەوەدایە بەر لەوەیکە ترامپ بچێتە کۆشکی سپی، ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی گفتوگۆ و دانوستان بکات. ئەو کارەی کە خامنەیی هەتا ئێستا زۆر جار بە قەدەغە ناوی بردووە و وتوویەتی کە لەگەڵ ئەمریکا هەرگیز گفتوگۆ و دانوستان ناکەین. ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی مانگی بەفرانبار عەباس عێراقچی دوای ماوەیەکی زۆر، لەگەڵ دەوڵەتانی ترۆییکای ئورووپا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی گفتوگۆی کرد. بەڵام بەهۆی ئەوەیکە ئەم کۆبوونەوەیە دەستپێک و پێشەکی بوو بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، زۆری نەخایاند و ڕۆژی سێشەممە کۆتایی هات. دوای ئەم کۆبوونەوەیە عێراقچی لە وتووێژێکدا وێڕای ئاماژەدان بە ئامادەبوون بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا دانی بەوە دانا کە: “لەبەر ئەوەی زۆربەی سزاکان پەیوەندییان بە سزاکانی ئەمریکاوە هەیە، لابردنیان بەوەوە گرێدراوە کە ئورووپاییەکان چون لەگەڵ دەوڵەتی نوێی ئەمریکا بە ڕێککەوتن دەگەن. هێستا دەوڵەتی نوێی ئەمریکا دەست بەکار نەبووە و سیاسەت و لێدوانێکیشمان لەم بارەوە نەبیستووە. کۆماری ئیسلامی سیاسەتی خۆی بەپێی هەڵوێستی لانەنی بەرامبەر دادەڕێژێت”.
مەسعوود پزیشکیانیش ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی مانگی بەفرانبار لەم پەیوەندییەدا لە وتووێژێک لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی “ئێن بی سی” لە تاران، سەرەتا دەستیکرد بە درۆودەلەسە و وتی: “بەدوای زەربە قورسەکانی ئیسرائیل پێگەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاواز نەبووە. شکستی هێزە هاوپەیمانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە لەوانە حیزبوڵڵای لۆبنان، حەماس، ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سووریە پەیوەندیی بە کۆماری ئیسلامییەوە نییە. ئێمە لەچاو ساڵی ڕابردوو لەئاستی وڵاتدا ئەمنیەتێکی زیاترمان هەیە”. دواتر بەشێوەی دیاریکراو وتی: “کۆماری ئیسلامی کێشەیەکی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکا نییە و ئامادەی گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی ترامپە. کێشەی ئێمە دیالۆگ نییە بەڵکوو ئەو بەڵێنانەیە کە لە گفتوگۆکاندا دەدرێ و دەبێ پابەندیان بین. بەڵام ئەمریکا بەدوای چارەسەرکردنی کێشەکانەوە نییە. ئێمە هەرچەندیش گفتوگۆ و دانوستان بکەین، ئەوان هەوڵ دەدەن حکوومەت بڕووخێنن نەک ئەوەی کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکەن”.
لێدوانی پزیشکیان و عێراقچی سەبارەت بە ئامادەبوون بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا لە کاتکێدایە کە خامنەیی هەتا ئێستا گەلێک جار ڕایگەیاندووە کە: “ئێمە بە هیچ شێوەیەک سەبارەت بە پرسە بنەڕەتییەکانی ئینقلاب گفتوگۆ ناکەین، بەتایبەت ترامپ شایەنی ئەوە نییە پەیامیشی بۆ بنێرین. لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا بەتایبەت لەگەڵ دەوڵەتی ئەم مەلعوونە (بەهۆکاری کوشتنی قاسم سولەیمانی) هەرگیز گفتوگۆ ناکەین”. هەڵبەت ڕاگەیاندنی ئامادەبوون بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا ، لە دەسەڵاتی عێراقچی و پزیشکیاندا نییە. لەم پەیوەندییەدا حسێن شەریعەتمەداری نوێنەری کۆنەپەرست و وشک مێشکی خامنەیی لە کەیهاندا ڕایگەیاند: بڕیاری گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکا لە سەلاحییەتی سەرۆک کۆماردا نییە و پزیشکیان و تیمەکەی ناتوانن لەمبارەوە بڕیار بدەن. بەڵام پێدەچێت ناوبراو ئاگاداری ئەوە نەبێت کە ئەساسەن هاتنە دەری ناوی پزیشکیان لە سندووقی ئینتخاباتی سەرۆک کۆمار بەئامانجی پێکهێنانی دۆخێکی گونجاو بووە بۆ گفتوگۆ و ڕێککەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا.
بەڵام هەڵوێستی جیاوازی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا نابێ بە حیسابی ناتەبابوونیان دابنێن. لەبەر ئەوەیکە خامنەیی و ڕێبەریی سپای پاسداران بەهۆی شکستی سیاسەتی ناوچەیی و پەراوێزخرانی نێونەتەوەیی و پەرەسەندنی قەیران و ئاکامەکانی سزا ئابوورییەکان بەرەوڕووی بنبەست و وەرشکستەیی بوونەتەوە. توندبوونەوەی قەیرانی ئابووری و ئاکامی سزا ئابوورییەکان حکوومەتی لەبواری داراییەوە تووشی بەربەست و ئاستەنگیی جیددی کردووە. تا جێیەک کە بە ئیعترافی پزیشکیان لەئێستادا ناتوانن حقووقی کارمەندان و خەرجییە پێویستەکانی دیکە دابین بکەن. لەگەڵ هاتنەوە سەرکاری ترامپ و پەرەسەندنی سزاکان، بارودۆخی ئابووریی ئێران خراپتر دەبێت و ڕێگایەک بێجگەلە هەوڵدان بۆ گفتوگۆ و سازان لەگەڵ ئەمریکا بە هەر قیمەتێک لەپێناوی لابردنی سزاکان نامێنێتەوە. بەڵام خامنەیی کە هیچ کات خەتای شکستی سیاسەتەکانی خۆی وەئەستۆ ناگرێ، ئەمجارەش سەرەڕای ئەوەیکە لەناو بازنەی دەسەڵاتدا زۆرێک دان بە هەڵەبوون و شکست و ناکامیی سیاسەت و ستراتێژیی کۆماری ئیسلامی دادەنێن، نایهەوێ ڕاستەوخۆ بەرپرسایەتییەکەی بگرێتە ئەستۆ. هەر بۆیە، بە دانی چرای سەوزی نهێنی بە دەوڵەتی پزیشکیان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا، خەریکی نۆشینی جامی ژەهرێکی دیکەیە.
هەڵبەت پانتایی قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی هنێدە بەرینن کە لابردنی سزاکان لەلایەن ئامریکا و ڕۆژئاواشەوە بەسەرەنجدان بە هەزینە یەکجار زۆرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ نموونە لە بواری سەرکوت، سیاسەتی فراوانخوازی و دەستتێوەردان، گەندەڵی، دزی و ڕانتخۆری و هیتر، ناتوانێ ئاڵوگۆڕێک لە ژیان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا پێکبێنێت. بەر لە داسەپاندنی سزا ئابوورییەکانیش ژیان و بژێوی خەڵک، بوارەکانی وەک بیناسازی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و هیتر بەرەوڕووی ئاستەنگی و قەیران بوون. لەو سەردەمیشدا لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران دوو سێ بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدا بوو. بەڵام بەم حاڵەشەوە، سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا و باقیی دەسەڵاتە سەرمایەدارییەکانی ڕۆژئاوا جەنایەتکارانەن و دەبێ هەڵوەشێنەوە. لەبەر ئەوەی سزا ئابوورییەکان لە هەمان کاتدا کە دووکەڵەکەی دەچێتە ناو چاوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشەوە، بۆ مافیای دەسەڵاتی سپای پاسداران، ئاغازادەکان، ڕانتخۆرەکان و دەست و پەیوەندەکانی ڕژیم، دەور دانەوەی سزاکان دەبێتە دەرفەتێک بۆ پەرەپێدانی دزی و گەندەڵییەکانیان.
کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتی کۆنەپەرستی، فراوانخوازی و گەندەڵی و دزی کە ڕیشەی لە هەموو ئۆرگانەکانی حکوومەتدا داکوتاوە، تەمەنی بەسەرچووە. بەڵام تەنیا بەهۆکاری ئامادەنەبوونی چینی کرێکار و بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئەم چینە و ڕێکخراونەبوونی توێژە هەژار و زەحمەتکێشەکانی دیکەی کۆمەڵگا توانیویەتی دەسەڵاتی درێژە بدات.