
هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ترس و نیگەرانییەکان لە ئەگەری ڕووخانی دەسەڵات، ڕێبەران و بەرپرسانی ڕژیمی ئیسلامی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی هاوکات دەستیان داوەتە کۆمەڵێک جموجۆڵ لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا. ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەز، عەلی خامنەیی بە دەرکردنی چەند فەرمانێک، ژمارەیەکی دیکە لە فەرماندەکانی ئەرتەش و سپای پاسدارانی لە پلە باڵاکان و ناوەندە هەستیارەکاندا ئاڵوگۆڕ پێکرد. لەوانە “ڕەزا ئیلهامی” وەک فەرماندەی هێزی پەدافەندی هەوایی ئەرتەش و فەرماندەی قەرارگای پەدافەندی هەوایی “خاتەمولئەنبیا”ی سپای پاسداران دیاری کرد. هەروەها خامنەیی “بەهمەن بێهمەرد”ی وەک فەرماندەی هێزی هەوایی ئەرتەش ناساند و فەرماندەکانی پێشووی ئەو دوو یەکە هەستیارەی لە کارەکانیان دوور خستەوە. هۆکارە نەوتراوەکانی ئەم دانان و لابردنانە، دەگەڕێتەوە بۆ ترسی ڕژیم لە دزەکردنی دەزگای سیخوڕیی ئیسرائیل بۆ ناو ڕیزەکانی سپای پاسداران و ئەرتەش، هەروەها بێلیاقەتی و بێکەڵکیی ئەوان لە کۆنترۆڵکردنی یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی لە شەڕی دوازدە ڕۆژەدا.
لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل لە مانگی جۆزەردانی ڕابردوودا، بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەرتەش و سپای پاسدارانی ڕژیم هەر لە کاتژمێرەکانی سەرەتای دەستپێکی شەڕەکەدا تێکشکێندران و ئیفلیج بوون و ئاسمانی ئێران کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی فڕۆکەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا. لابردنی فەرماندەکانی ئەم دوو یەکەیە دوای تێپەڕینی ٦ مانگ، لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەگەری هێرشی ئاسمانیی دیکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەهێزتر بووە. هەر لەم پەیوەندییەدا ڕۆژی چوارشەممە، وتەبێژی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم ئیدیعای کرد کە: “هێڵی بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە هەروا چالاکە و ڕانەگیراوە”.
لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەر لەو ڕۆژەدا (چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەز) لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە ڕایگەیاند کە: “کۆماری ئیسلامی هەروا لە هەوڵدایە بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و مەترسییە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە”. ڕۆژێک پێشتر، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ئیسرائیل (مۆساد)، کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵای وەک کانون و ناوەندی قەیران و کێشەکانی ناوچەکە ناساند و ڕایگەیاند کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەدوای بووژاندنەوە و درێژەدان بە پڕۆژەی ئەتۆمی و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیلدان. لە بەرامبەردا ئیسرائیلیش ئەرکی سەرشانییەتی کە بە هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ ئەمریکا، ڕێگری لە بووژانەوەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بکات. سەرەڕای ئەوەش، هەفتەی ڕابردوو ماڵپەڕی هەواڵیی “ئەلمۆنیتەر” لە زاری سەرچاوە دیپلۆماتیکە ئەورووپییەکانەوە بڵاوی کردەوە کە ئیسرائیل تەنانەت لە ئەگەری ڕازینەبوونی ترامپیشدا لە ساڵی ٢٠٢٦، هێرش دەکاتە سەر کۆماری ئیسلامی. هەڕەشەی بەرپرسانی دەوڵەتی فاشیستی نەتانیاهو هاوکات لەگەڵ کردەوەکانی ڕژیمی ئیسلامی، مەترسیی هەڵگیرساندنی شەڕێکی دیکەی زیاتر کردووە.
لە وەها هەلومەرجێکدا خامنەیی و بەرپرسانی دیکەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، وێڕای ئەوەی بە گێڕانەوەیەکی چەواشەکارانە و پێچەوانە خۆیان وەک براوەی شەڕی ١٢ ڕۆژە دەناسێنن، بەڵام یەکجار نیگەرانی هێرشێکی دیکەن لەلایەن ئیسرائیلەوە. ئەوان بەو پاساوەی کە “ئەگەر ڕژیمی (زایۆنیستی) دەتوانێت ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێمە بۆردومان بکات، بەڵام ناتوانێت زانستی ئەتۆمیی ئێمە لەنێو ببات و بەرنامەی ناوکیی ئێمە دەکرێ سەرلەنوێ زیندوو بکرێتەوە”، جارێکی دیکە کەوتوونەتە تەقەلا تا لە ڕێگەیەکی دیکەوە دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا لەسەر پرسی ئەتۆمی بکەنەوە و بە قەولی خۆیان، “ووتووێژی ئابڕوومەندانە” بۆ “سازشی قارەمانانە” بگرنە بەر.
لەو پەیوەندییەدا، کۆماری ئیسلامی ئەمجارە عەباس عێراقچیی ڕەوانەی مۆسکۆ کردووە تا بەڵکوو ڕووسیا بۆ دەستپێکردنەوەی وەها دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا ببێتە ناوبژیوان. ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەز، لەگەڵ سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دیداری کرد و وێڕای پێهەوڵکوتن و ستایشی ڕیاکارانە و زیادەڕۆیانە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕووسیا، ڕایگەیاند کە ئێمە بەردەوام پشتیوانی یەکتر بووین و لە مەسەلەی دووبارە نەبوونەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، حیسابمان لەسەر ڕووسیا کردووە. ئەو بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئێمە هەرگیز مێزی دانوستانمان لەگەڵ ئەمریکا بەجێ نەهێشتووە، وتی: “ئەمریکا ئامادە نییە لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە و بەرامبەر دانوستان بکات و بە دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە بژاردەی سەربازی لەسەر مێزە، دەیەوێت دانوستانەکان دیکتە بکات”. عێراقچی وتیشی ئێمە متمانەمان بە نیازپاکی ڕووسیا هەیە و هەر کات مۆسکۆ بخوازێت لەم دۆسیەیە یان بابەتەکانی دیکەدا دەورێک بگێڕێت، ئێمە پێشوازی لێ دەکەین. لاڤرۆڤیش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا ڕایگەیاند “ئەگەر کۆماری ئیسلامی داوامان لێ بکات، ئامادەین ڕۆڵی ناوبژیوان لە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ ئەمریکا بگێڕین”. سەفەری عێراقچی لە دۆخێکدا ئەنجام دەگرێت کە باسی ناردنی پەیام لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ئەمریکا جارێکی دیکە هاتۆتەوە بەرباس.
خامنەیی و بەرپرسانی دیکەی ڕژیم لە کاتێکدا لەسەر هەڵوێستی شەڕخوازانەی خۆیان پێداگری دەکەن، کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانی قووڵ و بێئەژمار لە ناوخۆ و دەرەوە دەستەویەخەیە. نرخی دۆلار گەیشتۆتە سەرووی ١٣٠ هەزار تمەن و بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخەکان پەرەی بە هەژاری و نەبوونی ئاسایشی خۆراک داوە؛ گرانی و هەڵاوسانی بەرین، کڕینی نانی وشکیشی بۆ کرێکاران و خەڵکی کەمداهات کردووە بە قیست. لەگەڵ ئەوەشدا ڕژیم ئامادە نییە ئیمکاناتی دارایی و پارەی داهاتی نەوت و سەرچاوەکانی دیکە لەپێناو کرانەوەیەک لە ژیان و بژێویی خەڵک خەرج بکات. بەڵکوو ئەو سەروەت و سامانە بۆ بووژاندنەوەی حیزبوڵڵا و هێزە تیرۆریستەکانی دیکەی “میحوەری موقاوەمەت”، یان بە قەولی وتەبێژی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم، لە ئاراستەی بەردەوامیی هێڵی بەرهەمهێنانی مووشەک و چەک و تەقەمەنیی دیکە بەهەدەر دەدات.
لە وەها هەلومەرجێکدا، پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و دامەزراوە پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکان، هەروەها ناڕەزایەتیی پەرستاران، مامۆستایان، خانەنشینان و پەرەسەندنی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی وەک بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بزووتنەوەی “نا بۆ سێدارە” و… بوونەتە بابەتێکی چارەهەڵنەگر و حەتمی.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە