فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

خانەنشینان لەسەر شەقام
چوارشەممە ۱۲-۱۱-۱۴۰۱   |  01-02-2023
 خانەنشینان لەسەر شەقام

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی مانگی ڕێبەندان کۆمەڵێکی بەرین لە خانەنشیانی مسی سەرچشمە لە ناڕەزایەتی بە ئینتقالی سندووقی مس بەبێ ڕەزایەتی سەهامداران بە ژێر مەجمووعەی وەزارەتی ڕەفاه، لە بەرامبەر دەفتەری شیرکەتی میللیی سەنایعی مسی ئێران لە شەقامی وەلیعەسری تاران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. هەر لەم ڕۆژەدا خانەنشینکراوانی ئەم ناوەەندە سەنعیەتییە لە کرمانیش لە بەرامبەر دەفتەری سەرەکیی کارخانە کۆبوونەوە و خوازیاری پاراستنی سەربەخۆیی سندووقی خانەنشینیی مس لە وەزارەتی ڕەفاه بوون. خانەنشینکراوانی مسی سەرچشمە دەڵێن: لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەممەی ١٤٠٠دا، سندووقی مسیان بەبێ ڕەزایەتی سەهامداران بۆ ژێر مەجمووعەی وەزارەتی ڕەفاه ئینتقال دا، ئەوەش لەحاڵێکدایە کە سندووق و هەموو داراییەکانی هی ئێمە خانەنشینانە و حاسڵی پاشکەوتی ساڵەهای ئێمەیە. ئەوان لەو باوەڕە دان کە ئەگەر بارودۆخەکە هەر بەم شێوەیە بڕواتە پێش سندووقی مس بەرەبەر لەناو دەچێت و خانەنشینان بۆ سندووقی تەئمینی ئیجتماعی مونتەقل دەکرێن. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەیکە ئیمتیازات و مەزایای ئێمە کەم بێتەوە. هەروەها ڕۆژی دووشەممە خانەنشینانی موخابرات لە خوراسانی ڕەزەوی، یەزد، ئیسفەهان، گیلان، ئیلام و کرماشانیش لە بەرامبەر ساختمانی مەرکەزیی ئیدارەی موخابرات لەم شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرپاکرد و خوازیاری جێبەجێکردنی خواستەکانیان بوون. خانەنشینکراوانی موخابرات خوازیاری پێدانی حقوقی دواخراوی ٢٠ مانگەی بیمەی تەکمیلی و لەسەرکارلاچوونی مودیرانی شیرکەتی موخابراتن بەخاتری جێبەجێ نەکردنی وادە و بەڵێنەکانیان لە ڕابردوودا.

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خانەنشینکراوانی مسی سەرچشمە و موخابرات بەشێکە لە بزووتنەوەی سەراسەریی خانەنشینان. لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا خانەنشینکراوان گەلێک جار بە دروشمی “تا بە مافمان نەگەین، بۆ ساتێک پشوو نادەین”، “تەنیا لە خەیابان، وەدی دێ مافمان” هاتوونەتە سەر شەقام. ئەوان بۆ بردنەسەری حقوق و دژبە بەڕێوەنەچوونی هاوسانسازیی کامڵی حقوق و بەتاڵانچوونی سندووقی تەئمینی ئیجتماعی دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی.

کاتێک کە ئەحمەد تەوەکولی ئەندامی مەجمەعی تەشخیسی مەسلەحەت و نوێنەرانی پێشووی مەجلیس گەلێک جار ڕایگەیاندووە کە ٦٠ لەسەدی جەمعییەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاری دایە و نوێنەری مەجلیسی ئیسلامی لە دەورەی ڕەئیسیدا دان بەوە دادەنێ کە شەش دەهەکی کۆمەڵگە واتە زیاتر لە بیست و پێنج ملیۆن کەس توانای کڕینی گۆشتیان نییە و دەڵێ کە کرێکاران، کارمەندان و خانەنشینان بەشێک لەو جەمعییەتە پێکدێنن. کاتێک کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیس ڕایدەگەیەنێ کە زیاتر لە دوو سێهەمی جەمعییەتی ئێران دەبێ لەژێر پۆشیی تەرحی مەعیشەتی خانەوادەدا بن، کاتێک کە بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ناوخۆییەکانی ئێران ڕێژەی تەوەرۆمی خۆراک لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا نزیکەی ٧٠ لەسەد، نان و دانەوێڵە زیاتر لە ٧٤ لەسەد و گۆشت گەیشتووەتە ٦٤ لەسەد. قیمەتی شیر و پەنیر و هێلکە زیاتر لە ٨١ لەسەد و ڕۆن نزیکەی ٢٥٠ لەسەد زیادی کروودە، کاتێک کە نرخی دۆلار سنووری ٤١ هەزار تمەنی تێپەڕاندووە و تەوەرۆمی پەرەپێداوە و ئاستی توانای کڕین توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەی زیاتر هێناوەتە خوار، کاتێک کە شۆرای باڵای کاری ڕژیم بەبێ بایەخدان بەم هەژاری و فەلاکەتە ئابوورییە حەقدەستی سێ بەرابەر خوارتر لە هێڵی هەژاری بۆ ساڵی ١٤٠٢ دیاری دەکات، بۆچی دەبێ خانەنشینکراوان چاوەڕوانی مەرگی تەدریجی خۆیان بن. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە خانەنشینکراوانی سەرانسەری ئێران یەکگرتوو و یەکپارچە و دەست لەناو دەستی یەک دروشمی “تا بە مافمان نەگەین، بۆساتێک پشوو نادەین”، “تەنیا لەسەر خەیابان، بەدەست دێ مافمان” بێنە مەیدان و بە هەڵکردنی ئاڵای داخوازیی خۆیان لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکاندا دیمەنێکی تازە لە درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە نیشان بدەن.

ئەوەیکە خانەنشینکراوانی لە پانتایی سەرتاسەریدا بەرەو ناڕەزایەتی و مانگرتن بردووە و لەئاستێکی بەریندا هێناونێ سەر شەقامەکان ڕیشەی لە بۆشایی چینایەتی، هەژاری و فەلاکەت، نابەرابەری و دیکتاتۆریی لەئاستی ئێران دایە. ڕوون و ئاشکرایە کە بەکردەوەدەرهێنانی سیاسەتی نێئۆلیبرالی لەلایەن هەموو باڵە سیاسییەکانی ناو حکوومەت و نیزامی سەرمایەداریی دەسەڵاتدار، لە لایەکەوە پەلاماری ئاشکرا و بەرین بۆسەر هەستیی کۆمەڵایەتی، مەعیشەت و مەنزەلەتی مامۆستایان بووە کە بەمجۆرە ئەوانی بەرەو موقاومەت و ناڕەزایەتی بردووە.

شەپۆلی ئەم دوایانەی مانگرتنی کرێکاران، درێژەی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە سیستان و بەلووچستان، بەشدرایی بەرینی خەڵک لە مەراسمی ڕێزگرتنی لە یادی گیان بەختکردووان، بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان لە تاران و چەند شاری دیکە، و درێژەی ناڕەزایەتی لە چەندین مەحەلەی تاران، سنە، بۆکان، مەشهەد، شیراز، ئیسفەهان، زەڕین شار، کرمان و یەزد بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “مەرگ بۆ خامنەیی” نیشانەی ئەوەیە کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەری ڕاپەڕیوی خەڵک سەرەڕای سەرکوتی خوێناوی، ڕێگای درێژەدانی دەبینێتەوە.

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co