ڕۆژی سێشەممە ٦ی سەرماوەز، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل، ڕێککەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی لە لوبنان پەسەند کرد.
کەناڵی ١٤ی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی ئاگربەستی ئیسرائیل و لوبنان لەم خاڵانە پێک هاتوون:
1: حزبوڵڵا و گرووپە چەكدارەكانی دیكەی لوبنان هێرش نەكەنە سەر ئیسرائل.
2:لە بەرامبەردا، ئیسرائیل هیچ هێرشی سەربازی و ئاسمانی و وشكانی لە خاكی لوبنان ئەنجام نادات.
3:ئیسرائیل و لوبنان دان بە بڕیاری ئەنجووومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتی ژمارە 1701 دەنێن.
4:ئیسرائیل یان لوبنان مافی بەرگری كردنیان لە خۆیان هەیە و ئەم پابەندبوونە ئەو مافەیان لێناستێنێتەوە.
5:هێزەكانی ئاسایش و سەربازی لوبنان، ئەوانەی فەرمین دەتوانن چەك هەڵبگرن یان كاری ئەمنی بكەن.
6:كڕین و فرۆشتن و بەرهەمهێنانی چەك و تەقەمەنی لە لوبنان لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی حكوومەتی لوبنان دەبێـت.
7:هەموو دامەزراوە بێ مۆڵەتەكان، كە كار لە بەرهەمێنانی چەك و تەقەمەنی دەكەن لە لوبنان دەبێت هەڵبوەشێنەوە.
8:هەموو ئەو ژێرخان، بنكە و بارەگە سەربازییانە هەڵوەشێنەوە، كە سەرچاوەن بۆ هەموو جۆرە چەكێك.
9:لێژنەیەكی قبوڵكراو لەلایەن ئیسرائیل و لوبنان پێك دەهێندرێت بۆ چاودێری و هاوكاری و گەرەنتی جێبەجێكردنی ئەو پابەندییانە.
10:ئیسرائیل و لوبنان لیژنەی هێزی ئاشتی پارێزی نەتەوەیەكگرتووەكان(یونیفێل) لە پێشلكاری لەو پابەندیانە ئاگادار دەكەنەوە.
هێزە فەرمی و سەربازیبیەكانی لوبنان لە تەواوی ناوچە و دەروازە سنوورییەكان بڵاوەیان پێ دەكرێت.
11:ئیسرائیل هێزەكانی لە ماوەی 60 رۆژ دا بەشێوەیەكی لەسەرخۆ دەگەڕێنتەوە ئەمدیوی هێڵی شین.
12:ئەمەریكا كارئاسانی بۆ باشتركردنی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ گەیشتن بۆ سنووری وشكانی دەکات.