فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

خستنە خوارەوەی ١١ پەهبادی شاهد لەلایەن ئۆکراینەوە
پێنجشەممە ۱۹-۱۱-۱۴۰۲   |  08-02-2024

هێزی ئاسمانیی ئوکراین ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕێبەندان ڕایگەیاند، لە هێرشێکی پەهبادیی ڕووسیە بۆ سەر وڵاتەکەیان، ١١ پەهبادی شاهدی خستووەتە خوارەوە.
هێزی ئاسمانیی ئوکراین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە لە هێرشی پەهبادیی ڕووسیە کە بە پەهبادی شاهدی دروستکراوی کۆماری ئیسلامی ئەنجام دراوە، هێرش کراوەتە سەر ناوچەکانی ئۆدێسا و میکۆلایڤ و لە ئاکامدا خانووی خەڵک و چەند بینای بازرگانی و ژێرخانە مەدەنییەکان لەو دوو ناوچەدا زیانیان بەرکەوتووە.
هێرشەکان لە ڕێگەی ١٧ پەهبادی شاهدەوە ئەنجام دراون کە هێزی ئاسمانیی ئوکراین ١١ پەهبادی خستووەتە خوارەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی مانگی ڕابردووی سکای نیوز، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی جۆرێکی نوێی لە پەهبادە هێرشبەرەکان بۆ ڕووسیە ساز کردووە تا لە شەڕی ئوکراین بەکاری بێنێت و هەروەها سەبارەت بە فرۆشتنی مووشەکی زەوی بە زەوی خەریکی ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیەیە.
 لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە دروستکردنی ئەو پەهبادە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆماری ئیسلامی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پشتیوانیکردن لە ڕووسیە و بەرژەوەندییەکانی لە شەڕی ئوکرایندا هەیە.