فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

خوێندکارانی زانکۆی تاران و بەهەشتی دەسپێکی قۆناخێکی نوێ لە مانگرتنەکانیان ڕاگەیاند
شەممە ۱۴-۰۸-۱۴۰۱   |  05-11-2022

خوێندکارانی زانکۆی تاران و بەهەشتی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دەسپێکی قۆناخێکی نوێ لە مانگرتنەکانیان ڕاگەیاند.
ئەو خوێندکارانە دەڵێن بۆ‌ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە توندوتیژیی لەڕادەبەدەر دژی خەڵکی بێدیفاع لە شەقامەکان و زانکۆکان، سەرکوتی ناڕازییان، پێشێلکردنی مافە یاساییەکانی خوێندکاران و ئەمنیەتیکردنی زانکۆ، وێڕای خوێندکارانی سەراسەری ئێران لە ڕۆژی شەممە ١٤ی خەزەڵوەرەوە ناچینەوە سەر کلاسەکانی خوێندن و تا ئەو کاتەی کە خوێندکارانی زانکۆ ئازاد نەبن و بارودۆخی زانکۆ ئاسایی نەبێتەوە، لە مانگرتن بەردەوام دەبن.

لەو بەیاننامەیەدا داوا لە خوێندکارانی زانکۆکانی دیکە کراوە کە بێدەنگی بشکێنن و دەنگی ئازادیخوازیی هاوکلاسی و هاووڵاتیانی خۆیان ببیستن و لە ئاست ڕژانی خوێنی هاووڵاتیانی خۆیان بێ هەڵوێست نەبن. هەروەها داوا لە مامۆستایانی زانکۆکان کراوە کە چیدیکە بێڕێزی و بێحورمەتی هێزەکانی ڕژیم قەبووڵ نەکەن و بێدەنگییان لەو بارەوە بشکێنن و هەڵویستی جیددی لە خۆیان نیشان بدەن.
لەلایەکی دیکەوە خوێندکارانی زانکۆی تاران بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووەتەوە و داوایان لە خەڵک و خوێندکاران کردووە. درێژەدان بە مانگرتنەکان بدەن.
لە بەیاننامەی ئەو خوێندکارانەدا هاتووە؛ کە هەوڵ بۆ کپکردنی دەنگی ئازادیخوازیی ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر دەبێتەوە. بە قەدەغە کردنی چوونە زانکۆ، لێدان، هێرش و دەسبەسەرکردنی خوێندکاران، ڕفاندنی خوێندکاران و دەیان جینایەتی دیکە هەوڵ دراوە کە هەوری نەگبەتی و ترساندن و تۆقاندن بەسەر زانکۆکاندا زاڵ بکەن.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە لەوڕۆدا زوڵم و ستەم، لە قاڵبی یاسادا بەرەوڕووی خەڵک دەکرێتەوە و ئازادیخوازیی بووەتە گەورەترین تاوان. لەو بارودۆخەدا چۆن دەکرێت بچینەوە سەر کلاسەکانی خوێندن و بێدەنگ دانیشین، لە ئاست خوێنی هەموو ئەو هاوڕێیانەمان کە دەسبەسەر یان گیانیان بەختکردووە. بۆیە داوا لە خوێندکارانی هەموو زانکۆکان دەکەین کە نەچنەوە سەر کلاسەکانی خوێندن و بۆ پشتیوانی لە یەکتر و نیشاندانی ناڕەزایەتی لە ڕۆژی ١٤ی خەزەڵوەرەوە دەست بە مانگرتن بکەن.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە لەمەودوا ڕوو لە هەموو سەرکوتگەران دەڵێین: کە “لێمان بترسن، چونکە ئێمە خوێندکاران هەموو پێکەوەین و یەکگرتووین” و بانگیان لە مامۆستایانی زانکۆکان کردووە کە بیدەنگییان بشکێنن و بێ هەڵوێست دانەنیشن و پشتی خوێندکاران بگرن.