فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

خۆسووتاندنی “محەممەد بوعەزیزی” لە توونێس و قەتڵی دەوڵەتیی ژینا لە ئێران
چوارشەممە ۳۰-۰۹-۱۴۰۱   |  21-12-2022

ڕۆژی شەممە ١٧ی دێسامبری ٢٠١٠ بەرابەر لەگەڵ ٢٦ی مانگی سەرماوەز واتە ١٢ ساڵ لەمەوبەر، محەممەد بوعەزیزی لاوێکی بیست و شەش ساڵ تەمەن ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. ئەو تاکە ناندەرهێنی بنەماڵەیەکی گەورەی هەشت کەسی بوو کە تەنیا خاوەنی ئارەبانەیەک بوو و دەستفرۆشیی دەکرد. مەئموورێکی شارەداری دەستی بەسەر ئارەبانە و شتومەکەکانی داگرت. ئەو ویستی بە دانی ١٠ دینار کە دەبوویە سێ دۆلار، واتە داهاتی ڕۆژێکی وەک جەریمە بدات و ئامرازی کاسبیەکەی نەجات بدات. بەڵام مەئموورەکە لەگەڵی دەرگیر بوو و دایە بەر لێدان و توندوتیژی. محەممەد بوعەزیزی لە حاڵێکدا کە سووکایەتیی پێکرابوو چوو بۆ ستادی ئۆستانی تا لەسەر بەرپرسانی شارەداریی مەحەلی سکاڵا تۆمار بکات، بەڵام ئیجازەی دیداریان پێ نەدا. ئەو دوای کاتژمێرێک بە ڕشتنی مادەی سووتێنەر بە جەستەیدا لە بڵێسەکانی ئاگردا سووتا. مەرگی دڵتەزێنی محەممەد تووڕەیی و ناڕەزایەتیی پەنگخواردووی کۆمەڵگەی هەڵچوواند. جەماوەری ڕەنجدیتووی خەڵک کە ئیتر کارد گەیشتبووە ئێسقانیان، دژبە هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و بارودۆخی کارەساتباری زاڵ هاتنە سەر شەقام و بە ئاخێزێکی مەزنی جەماوەری نەتەنیا بێن عەلیی دیکتاتۆریان لەدەسەڵات هێنایە خوار، بەڵکوو پاشلەرزەی ئاخێزێک کە وەڕێیان خست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقاشی خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. بەڵام هەڵاتنی بەپەلەی بێن عەلی بەرلەوەیکە پێکهاتەی نیزامی چینایەتیی زاڵ بکەوێتە بەر هێرشی سازمانداروی خەڵکەوە، و بەند و بەستی فەرماندەکانی ئەرتەش لەگەڵ دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان بۆ کۆنتڕۆڵی ڕاپەڕینی خەڵک، فورسەتی گەشەی شۆڕشی سنووردار کرد. هەر ئەم بابەتەشمان بەجۆرێکی تر لە میسر بینی. لە میسریش بینیمان کە چۆن لە نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوونی شۆڕشگێڕانەدا، لە نەبوونی ڕێکخراوێکی ڕێبەریدا، هەموو فیداکارییەکانی خەڵک بێ ئاکام مانەوە.

لە توونێس جێگای بێن عەلی “حیزبی نێهزەتی ئیسلامی” کە لە جەرەیانی بەناو هەڵبژاردنێکی ئازاددا زۆرینەی دەنگی بەدەست هێنابوو گرتەوە و دەوڵەتی بورژوازیی نووژەن کردەوە و تەنانەت بایەخی بەو ئەرکانە نەدا کە ئەو هەڵبژاردنە پێیانی سپێردرابوو، واتە داڕشتنی دەستوور و هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ماوەی ساڵێکدا. لە هەمان کاتدا هەموو ئامرازەکانی دەسەڵاتیان بەکارهێنا بۆ ئەوەی مۆری سیاسی-ئایدیۆلۆژی خۆیان بەسەر هەموو یاسا و ئۆرگانەکانی حکومەتدا بکوتن. ئەوان هاوکات میلیشیای خۆیان ڕێکخست و ناویان نا “پاسدارانی ئینقلاب” کە ڕێک ئەو ئامانجەی هەبوو کە پاسدارەکانی ئێران دوای ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی لە ئێران هەیانبوو، واتە سەرکوتی شۆڕش. هەر ئەوان بوون کە هێرشیان کردە سەر ڕیزی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، دەفتەری یەکیەتییە کرێکارییەکانیان ئاگر تێبەردا و هێرشیان کردە سەر ڕیزی ژنانی ناڕازی لەسەر شەقام. کاتێک تەنیا دوو ساڵ دواتر یەکیەتییە کرێکارییەکان بانگەوازی مانگرتنی گشتییان دا و یەک ملیۆن و چوارسەد هەزار کەس لە جەمعییەتی یازدە ملیۆنیی توونێس شەقام و مەیدانەکانیان گرتەوە و دروشمی “مانگرتنی ئاشتیخوازانەیان دژبە توندوتیژی” وتەوە، ئەرتەشی توونێس لە ترسی ڕاپەڕینی گشتیی خەڵک، لە هەموو شوێنک سەنگەریان گرت. خۆپیشاندەران دروشمیان دەدا “خەڵک خوازیاری شۆڕشێکی نوێن”. هەرچەند ئەم دروشمە پەیامی ڕوونی خەڵک بوو ڕوو بە “غەنووشی” ڕێبەری “حیزبی نێهزەتی ئیسلامی” کە وتبووی: „من بێن عەلی نییە”، بەڵام “شۆڕشی نوێ” هیچکات دەرفەتی سەرهەڵدانی پێ نەدرا.

لە میسر دوای ڕووخانی دەسەڵاتەکەی موبارەک و لەگەڵ ڕەزایەتی فەرماندەکانی ئەرتەش و لە جەرەیانی بەناو هەڵبژاردنێکی ئازاددا “ئەخوان المسلمین” دەسەڵاتی گرتە دەست. زۆری نەخایاند کە دەوڵەتی “مۆرسی” دەستی کرد بە خسووسی سازی و بڕینی یارانەی سووتەمەنی و نانی خەڵک. ئەو لە هەمان حاڵدا داوای لە خەڵک دەکرد کە بچنە پای سندووقەکانی دەنگدان و بە یاسای بنەڕەتیی ساختەی دەستی خۆیان دەنگ بدەن. واتە خەڵک کە داخوازیی نان و ئازادییان هەبوو و لەم پێناوەدا دەسەڵاتەکەی موبارەکیان ڕووخاندبوو، ئێستا دەبوایە بڕۆنە پای سندووقەکانی دەنگدان تا بە یاسایەک دەنگ بدەن کە بەشێک لە هێزی دژە شۆڕشی پێکهێناوە و هەر لەم ماوە کورتەدا نیشانی دابوو کە چینی کرێکار زیاتر دەچەوسێنێتەوە، ژنان زیاتر بەدیل دەگرێت و لاوانی زیاتر بە لەشکری بێکاران پەیوەست دەکات. بێگومان خەڵکی توونێس دوای ڕووخانی “بێن عەلی” و خەڵکی میسر دوای ڕووخانی دەسەڵاتی “موبارەک” چاوەڕوانی ژیانێکی باشتر بوون. بەڵام نەتەنیا بارودۆخی ژیانیان باشتر نەبوو، نەتەنیا نرخی بێکاریی زیاتر بوو، نەتەنیا ژنان دیسان بەدیل گیران، بەڵکوو دسەڵاتدارانی نوێ سەرکوتگەرییان بەشێوەی بەرین پەرەپێدا. سەردەمانێک “سێن ژوست” یەکێک لە ڕێبەرانی “ژاکوبین”ەکان لە شۆڕشی فەڕانسەدا وتبووی: „شۆڕشێک کە لە نیوەی ڕێگادا بمێنێتەوە، گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێ”. چارەنووسی شۆڕشی ٥٧ لە ئێران و شۆڕشەکانی باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەلمێنەری ئەم وتەیەن.

ئێستا بۆ جارێکی دیکە دوای چل و سێ ساڵ بە چەخماخەی قەتڵی دەوڵەتیی ژینا، بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری، کۆمەڵگەی داگرتووە. داخوازییەکانی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە هەر ئەو داخوازییانەن کە لە ئێرانی چل و سێ ساڵ لەمەوبەر یان لە توونێس و میسری یازدە ساڵ لەمەوبەر دەوترانەوە.

بەڵام ئەم بزووتنەوەیەی ئێستا ئەگەر دەیهەوێ پێشڕەوی بکات، ئەگەر دەیهەوێ حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بەشێوەی شۆڕشگێڕانە بڕووخێنێت، پێویستە هەر لەئێستاوە بیر لە پێداویستییەکانی سەرکەوتنی بکاتەوە. پێویستە بیر لە پارێزراوبوونی کۆمەڵگە بکرێتەوە بەرامبەر بەو هێزانەی کە ئەگەر کۆمەڵگە وشیار نەبێت، دێنە مەیدان و دیسان نیزامی سەرمایەداری بە هەموو موناسباتەکەیەوە دەبووژێننەوە. پێویستتە بیر لە پێکهێنانی نوتفەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتی شۆڕشگێڕی داهاتوو، بیر لە پێکهێنانی شۆراکانی شوێنی کار و ژیان، بیر لە پێکهێنانی سازمانی ڕێبەریی سەرانسەری، بیر لە زاڵبوون بەسەر کەموکوڕییەکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە بواری سازماندان و ڕێبەریی سیاسی لەپێناو بەسەرەنجام گەیاندنی ئەرکی مێژوویی ئەم چینە بکەینەوە. سەرەنجام پێویستە بیر لە ئامادەکردنی هەموو ئەو پێداویستییانە بکەینەوە کە ناهێڵن هەموو فیداکارییەکان، هەموو ئەو موقاومەت و گیانفیداییانەی کە لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا خەڵک لە خۆیان نیشانیان داوە، بە فیڕۆ بچێت. گرینگ ئەوەیە بۆ ساتێکیش لەبیرمان نەچێتەوە کە: “ئەو شۆڕشەی لە نیوەی ڕێدا دەمێنێتەوە، گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێ”.

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co