لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئۆرووپا، جووتیاران بە تراکتۆر ڕێگەی سەرەکیی فەڕانسە و ئیسپانیایان داخستووە و داوا دەکەن نرخی سووتەمەنی کەم بکرێتەوە. هاوکات داواش دەکەن بە گوێرەی پێوەرەکان، بەرهەمە کشتووکاڵییەکان هاوردەی یەکێتیی ئۆرووپا بکرێن.
جووتیارانی ئیسپانیا و فەڕانسە بە دەیان تراکتۆر رێگەی سەرەکی نێوان ئەو دوو وڵاتەیان داخستووە و ئامادەکاری بۆ خۆپیشاندانێکی گەورە دەکەن لەدژی سیاسەتەکانی یەکێتیی ئۆرووپا. جووتیاران داوا دەکەن بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان ئاسانکاری زیاتریان بۆ بکرێت. هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئۆرووپا نزیک بووەتەوە و جووتیاران دەیانەوێت بیکەنە دەرفەتێک تا ناڕەزایەتی خۆیان نیشان بدەن و کێشەکانیان چارەسەر بکرێن. جێگای ئاماژەیه، زیاتر لە ساڵێکە جووتیارانی ئۆرووپا خۆپیشاندان دەکەن دژی هاوردەکردنی بەرهەمە کشتووکاڵییەکان لە ئۆکڕاین، ئەفریقا و ئەمریکای باشوور. ئەوان داوا لە یەکێتیی ئۆرووپا دەکەن ئەو بەرهەمانەی هاوردە دەکرێن بە گوێرەی یاساکان بن و نرخی سووتەمەنی کەم بکرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لە “برۆکسێل” پایتەختی بێلژیک دژی یاساکانی ژینگە پارێزی یەکێتیی ئۆرووپا بەڕێوەبچێت.