ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی جۆزەردان، بە دەیان کەس لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە ناوەندی پارێزگای زیقار، دژی نەبوونی ناوەندێکی تایبەت بۆ داواکردنی مافەکانیان و کەمی بڕی مووچەکانیان، خۆپیشاندانیان کرد.
نوێنەری خۆپیشاندەرانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە پارێزگاکە ئاماژە بەوە دەکات گوزەرانی خاوەن پێداویستانی تایبەت لە عێراق خراپە و کەموکوڕیی گەورە هەیە، لەکاتێکدا مووچەکانیان وەکو پێویست نییە، هیچ بڕە پارەیەکیش لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ زیادکردنی مووچەکانیان تەرخان نەکراوە. بەگوێرەی ئامارەکان، ١٥ لەسەدی هاووڵاتییانی عێراق خاوەن پێداویستی تایبەتن، کە دەکاتە زیاتر لە شەش ملیۆن کەس، لەکاتێکدا تەنیا ١٦ سەنتەری چاکسازی و ١٢٤ سەنتەری چاودێری پەیوەست بە خاوەن پێداویستانی تایبەت لە عێراق بۆ پێداچوونەوە و بەئاگابوون لە ژیانیان دامەزرێنراون.