خۆپیشاندانی هەزاران کەسی لە ئاڵمان دژبە گەڵاڵەی کەمکردنەوەی کۆچ کردن بۆ ئەم وڵاتە
دوشەممە ۱۵-۱۱-۱۴۰۳   |  03-02-2025

بە هەزاران کەس لە خەڵکی ئاڵمان، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕێبەندان، لە شاری بێرلین پایتەختی ئەم وڵاتە دژبە گەڵاڵەی کەمکردنەوەی کۆچ کردن بۆ ئەم وڵاتە کە لە لایەن پارێزکارانی نەیاری دەوڵەت پێشنیار کرابوو و لە لایەن پارتی توندرۆی “ئاڵتێرناتیڤ بۆ ئاڵمان AFD” پشتیوانی لێ کراوە، خۆپیشاندانیان کرد.
بەپێی ڕاگەیاندنی پۆلیسی بێرلین، نزیکەی ١٦٠ هەزار کەس لە دەروازەی “براندنبۆرگ” لە نزیک بینای پارلەمانی ئاڵمان، کۆبوونەتەوە. شایانی باسە، خۆپیشاندەران چەندین پلاکاردیان بەدەستەوە بووە کە لەسەریان نووسرابوو: “ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە و هیچ هاوکارییەک نابێ لەگەڵ AFD ئەنجام بدرێ” و هەروەها ” مەرتس شەرمەزاری بۆ تۆ”، لەئاست ئەم گەڵاڵەیە کە لە کۆتاییدا لە پەرلەمان دەنگی نەهێناوە ناڕەزایەتییان دەربڕی.