بەهەزاران کەس لە خەڵکی شاری لەندەن پێتەختی ئینگلیس، ڕۆژی شەممە ٢ی مانگی گوڵان، لە ناڕەزایەتیی بە ناچالاک بوونی دەوڵەتی ئەم وڵاتە لە پێوەند لەگەڵ گۆڕانکاری کەش و هەوا و بۆ پشتیوانی لە ژینگە، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم خۆپیشاندانە لەسەر بانگهێشتی گرووپی “شۆڕش لەدژی لەناوچوون” کە بزووتنەوەیەکە بۆ پشتیوانی لە ژینگە، بەڕێوەچووە. شایانی باسە، بە دەیان رێکخراو و گرووپی دیکەش لەم بانگەوازە پشتیوانیان کردووە. خۆپیشاندەران ڕۆژی شەممە ٢ی مانگی گوڵان کە هاوکات بوو لەگەڵ “ڕۆژی زەوی”، بە شێوەی سەمبۆلێک و لە ناڕەزایەتیی بە گۆڕانکاری کەش و هەوا، لەسەر شەقامەکان ڕاکشان. بڕیارە ئەم ناڕەزایەتییە بە کارکردی دەوڵەتی ئینگلیس لە بواری پاراستنی ژینگە، لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە ڕێکەوتی ٣ و ٤ی گوڵان درێژەی بێت.