فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

خۆپیشاندان لە زانکۆی تاران بە دوای هەڵسوکەوتی توندیژانە لەگەڵ خوێندکاران
سێشەممە ۰۵-۰۲-۱۴۰۲   |  25-04-2023

هاوکات لەگەڵ دەرکردنی حوکمی هەڵپەساردن و بێبەشکردن لە خوێندن بۆ لانیکەم ٢٠ خوێندکاری زانکۆی عەلامە، ڕۆژی دووشەممە ٤ی گوڵان، توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکانی زانکۆی تاران لەگەڵ خوێندکاران لەسەر حیجابی زۆرەملێ، خۆپیشاندانی خوێندکارانی لێ کەوەتەوە.

شۆرای سێنفی خوێندکارانی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڕۆژی دووشەممەی زانکۆی تاران ڕایگەیاند کە گرژییەکان لە ئاکامی کردەوەی یەکێک لە هێزەکانی حەراسەت کە دەستی بەسەر کارتی خوێندکاریی یەکێک لە خوێندکاراندا گرتبوو، دەستی پێ کرد و ئەو هێزانە دوو کەس لە خویندکارانی ناڕازییان دایە بەر لێدان.

شۆرای سێنفیی خوێندکارانی ئێران باسی لەوە کردووە کە هێزەکانی حەراسەت ئەو دوو خوێندکارەیان بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە ژوورێکدا ڕاگرتووە و هەڕەشەیان لێ کردوون.

هەروەها خوێندکاران لە بەردەم بینای حەراسەتی ئەو زانکۆیە کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند کە لە بەرامبەر ئەو هەڵسوکەوتانە پاشەکشە ناکەن و ڕووبەڕووی ئەو سەرکوتانە دەبنەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی دووشەممە بەرپرسی زانکۆی عەلامەی تەباتەبایی ڕایگەیاند کە بۆ ٢٠ خوێندکار دۆسیەی ئینزباتی پێک هاتووە و ٥ کەس لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە لە خوێندن بێبەش دەبەن.

زیادکردنی “گوشار و هەڕەشە”، “پێکهێنانی دۆسیەی ئینزباتی” و دەرکردنی فەرمانی “هەڵپەساردن” و “دەرکردن لە زانکۆ” بەشێکە لە کارەکانی وەزارەتەکانی زانست و تەندروستی بۆ سەرکوتکردنی خوێندکارە ناڕازییەکان.

بەپێی ڕاپۆرتی “کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی دەسبەسەرکراوان”، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی  لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ”ژینا”، لانیکەم ٧٢٠ خوێندکاریان بە شێوەی کاتی دەسبەسەر کردووە  و بەسەر ژمارەیەکیش سزای زیندانیی قورس سەپێندراوە.