ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی جۆزەردان، خوێندکارێکی کچ بەناوی “کیمیا تورکاشوەند”، خەڵکی توێسرکان سەر بە پارێزگای هەمەدان و خوێندکاری تێرمی چواری بیناسازی، لە ڕێگەی خواردنی حەب لە خەوتنگەی کچانەی دەباغ لە زانکۆی بووعەلی سینای هەمەدان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەوتەی یەکێک لە خوێندکارانی ئەم زانکۆیە، “هێزەکانی حیراسەتی زانکۆ بۆ ماوەی ٤٠ خولەک ڕێگرییان لە هاتنەژوورەوەی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بۆ نێو خەوتنگەی کچان کردووە و دوای چل خولەک دواکەوتن، لە کاتی گواستنەوەی بۆ نێو ئەمبوڵانسەکە بە بیانووی شیاو نەبوونی شێوەی جلوبەرگی کیمیا ڕێگرییان لە گواستنەوەی ناوبراو کردووە و لەئاکامدا دوای لەبەرکردنی جلوبەرگ و دواکەوتنێکی ١٠ خولەکی دیکە ئەو خوێندکارە بۆ نێو ئەمبۆلانسەکە گواستراوەتەوە و لەئەنجامدا گیانی لەدەستداوە. پێویستە بوترێ کە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە هۆکارەکانی خۆکوشتنی ئەو کچە خوێندکارە لەبەر دەستدا نییە. شایانی باسە، هێزەکانی حیراسەتی زانکۆ و هێزە ئەمنییەکان، خەوتنگەی کچانەی “دەباغ”یانیان گەمارۆ داوە و بەمەبەستی ڕێگریکردن لە میدیایی کردنەوەی ئەو هەواڵە هەڕەشەیان لە خوێندکارەکان کردووە.