ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕێبەندان، لە ناوچەی حسەینییەی باکووری رۆژهەڵاتی بەغدا، مامۆستایەکی ژن تەمەن ٥٦ ساڵ لەنێو ماڵەکەیدا، خۆی خنکاند و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، مامۆستاکە شاڵێکی بەو پانکەیەوە بەستووە کە لەنێو ژوورەکەیدا بووە، خۆی هەڵواسیوە و لەو رێگەیەوە خۆی خنکاندووە. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەو مامۆستایەی خۆی خنکاندووە تووشی نەخۆشیی دەروونی و کێشەی خێزانی بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە ١١ی ڕێبەندان، لە بەغدای پایتەخت خوێندکارێکی زانکۆ لەگەڵ هاوڕێیەکەی بەهۆکارێکی نادیار لە یەکێک لە زانکۆکان بە هەڵواسین و ئەوی دیکە بە بەکارهێنانی چەک کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنابوو. هەر لەو ماوەیەدا، کچێکی تەمەن ١٩ ساڵ لە پارێزگای نەجەف، لە گەرەکی موکەرەمە لە سەنتەری پارێزگاکە، بە شاڵێک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو. پێویستە بوترێ کە لە ساڵی ٢٠٢٣، عێراق لە ریزبەندی ١٣هەمین وڵاتانی جیهانە لە کۆی ١٨٧ وڵات کە هاووڵاتییانی بەهۆکاری هەژاری، گەندەڵی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و چەندین هۆکاری دیکە، کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن.