کومەیل زەندخانی، لاوی خەڵکی شاری ئیلام و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان ئازادی”، چەند کاتژمێر دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، هەوڵی خۆکوشتنی داوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ناوبراو ساڵی ڕابردووش دوو جار دەستبەسەر کرابوو و بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم جارێکی دیکەش هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە سەرکەوتوو نەبوو.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕێبەندان، کومەیل زەندخانی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی ئیلام لە شوێنی ژیانەکەی لە گەڕەکی ئازادی لە بینایەکی ٦ قاتەوە خۆی بەرداوەتەوە و بەو شێوەیە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی زەندخانی لەوبارەوە ڕاگەیاندووە، “خۆکوشتنی کومەیل دوای بانگکران و لێپرسینەوە و هەڕەشەکردنی ئیدارەی ئیتلاعات لەو مێرمنداڵە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر ڕوویداوە.” ناوبراو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگکراوە و دوایین جار هەڕەشەی لێکرابوو کە ئەگەر خۆی ڕادەست نەکات دەستبەسەر دەکرێتەوە. شایانی باسە، تەنیا دوو کاتژمێر دوای خۆکوشتنی کومەیل زەندخانی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات تەرمی ناوبراویان لەگەڵ مۆبایلەکەی ڕفاندووە و دوای وەرگرتنی بەڵێنی لە بنەماڵەکەی لەسەر میدیایی نەکردنەوەی ئەو ڕووداوە، تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە. شایەنی باسە کە مۆبایلی کومەیل هێشتا لە دەست هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتدایە و بە بنەماڵەکەی نەدراوەتەوە.