
ڕۆژی یەکی مانگی مەی بەرابەر لەگەڵ ١١ی گوڵان، ڕۆژی نیشاندانی هاوپشتیی چینایەتی کرێکارانی جیهان لەدژی نیزامی سەرمایەداری لە سەرتاسەری جیهان بوو. لەم ڕۆژەدا کرێکاران، یەکیەتی و سەندیکا کرێکارییەکان و هەروەها ڕەوتە چەپ و کۆمۆنیستەکان وێڕای ڕاگەیاندنی خەباتیان لەدژی گشت نیزامی سەرمایەداری، لە زۆرێک لە وڵات و شارەکانی جیهان هاتنە سەر شەقامەکان و بە دەنگی ڕەسا ڕایانگەیاند ئێمە کرێکاران کە خوڵقێنەران و بەرهەمهێنەرانی هەموو ئیمکاناتی ژیانی کۆمەڵگاین، لە نیعمەتەکانی کارمان بێبەرین. ڕایانگەیاند لە نیزامی سەرمایەداریدا ئێمە لەلایەن سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیانەوە دەچەوسێینەوە. لەم نیزامەدا کەمینەیەکی زۆر بچووک لەڕێگەی بەکارهێنانی هێزی سەرکوتگەری ئەرتەش و پۆلیس و بە کەڵک وەرگرتن لە سیستەمی ئیداری و قەزایی و ناوەندە فەرهەنگییەکانی دەستکردی خۆیان، هێزی کرێکاران و زەحمەتکێشان کە زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگان، بە وەحشیانەترین شێوە دەچەوسێننەوە و ئیمکاناتی کۆمەڵگا و بەرهەمی کار و ڕەنجی کرێکاران تاڵان دەکەن. ئەم کەمینە یەک لەسەدییە، ژیان و گوزەرانی باقیی کۆمەڵگاشی خستووەتە ژێر مەترسیی نابوودییەوە. ئەم نەزمە پێچەوانەیەی کۆمەڵگا دەبێ بە هێزی ڕێکخستن و هاوپشتیی چینایەتی ژێروژوور بکەین.
ئەمساڵ چینی کرێکار لە کاتێکدا ڕۆژی یەکی مەی بەڕێوەبرد کە قەیرانی ئابووری و سیاسی سەرمایەداری توندتر بووە. لە وەها بارودۆخێکدا، لە ئەمریکا و لە زۆرێک لە وڵاتانی ئورووپا ڕاستترین باڵی سەرمایەداری دەسەڵاتی گرتووەتە دەست و بە پەرەپێدانی بەتایبەت کردن و بێکار کردن، پانتایی هەژاری و برسیەتییان پەرەپێداوە. بە وەڕێخستنی شەڕی ماڵوێرانکەر، بە داسەپاندنی تێچووی شەڕ بەسەر سفرەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا و بە فرۆشتنی چەکی ئەنبارەکانی چەکوچۆڵیان بۆ درێژەی شەڕ لە ئۆکراین، غەززە، لۆبنان، یەمەن، سووریە، سوودان و شوێنەکانی دیکە، بوونەتە هۆی کوشتار و وێرانبوونی کۆمەڵگا و ئاوارەیی ملیۆنان ئینسان. لەماوەی ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری بۆ کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایە و دەربازبوون لە قەیرانی ئابووری بە وێرانکردنی بێوێنەی ژینگە، کۆمەڵگای مرۆڤایەتییان لەگەڵ مەترسییە کارەساتبارەکانی ژینگە بەرەوڕوو کردووەتەوە. فشاری ئەمریکا و ناتۆ بۆسەر دەسەڵاتەکانی سەرمایەداریی ئورووپا بۆ تەرخانکردنی زیاتر لە ٣%ی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ بوودجەی نیزامی لەپێناوی دابینکردنی تێچووی بەرینی شەڕی ناتۆ لەگەڵ ڕووسیە لە ئۆکراین، هۆکارێکی دیکەی پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری، گرانی و هەژاریی زیاتری خەڵکی ئەم وڵاتانە بووە. تا جێیەک کە خەڵک ناچار بوون هێندێک لە کاڵا خۆراکییەکان لەسەر سفرەکانیان لابەرن.
لە وەها بارودۆخێکدا ئاستی حەقدەستەکان لەگەڵ گرانی و چوونەسەری خێرای خەرجییەکانی ژیانی بنەماڵەکان یەک ناگرێتەونە. هەربۆیە بردنەسەری ئاستی حەقدەست، هێنانە خواری سەعاتی کار، دابینکردنی بیمە و باشترکردنی بارودۆخی کار بەشێک لە دروشمی داخوازییەکانی کرێکاران لەم ڕۆژەدا بوو. بەڵام چینی کرێکار لە مەراسمەکانی ڕۆژی کرێکاری ئەمساڵیشدا جیا لە گەڵاڵەکردنی داخوازیی ئابووری، لەسەر داخوازییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی و باقیی توێژەکانی کۆمەڵگا لەوانە مافی خۆڕێکستنن، لابردنی جیاکاری لەسەر کرێکارانی کۆچبەر، بەرابەریی مافی ژنان لەگەڵ پیاوان، قەدەغەکردنی کاری منداڵان، پەروەردە و دەرمانی بەخۆڕایی، دژایەتی لەگەڵ شەڕ و کوشتار لە ئۆکراین، غەززە، دژایەتی لەگەڵ ئێعدام، بەرگری لە ژینگە، یارمەتیدان بە قوربانییانی کارەساتە سرووشتییەکان و هیتر تەئکیدیان کرد. بەمجۆرە، چینی کرێکار لە ڕۆژی یەکی مەی ئەمساڵدا ئاڵای ئیعتراز بەو بارودۆخە فەلاکەتبارەی کە سەرمایەداری بەسەر ئینسانی ئەمڕۆیدا سەپاندووە بەرز کردەوە و بە دروشمەکانی خۆی جەختی لەسەر داخوازیی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا کرد.
ئاستی بەشداریکردنی کرێکاران و توێژە هەژارەکانی دیکەی کۆمەڵگا و ڕەوت و ئینسانە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کۆبوونەوە و ڕێپێوانەکانی ڕۆژی جیهانیی کرێکار بەتایبەت لە وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بۆ نموونە لە ئەندۆنێزی، تایوان، کۆرەی باشوور، فیلیپین، بەنگلادێش، هێندووستان، ژاپۆن و هیتر، زۆر بەرینتر لە ساڵانی ڕابردوو بوو. هەر ئەمە خۆی نیشانەی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی چەوساندنەوەی هێزی کار لەلایەن سەرمایەداران و پەرەسەندنی گرانی و هەژاری و بێکارییە. پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێ کە میدیاکانی دەوڵەتانی سەرمایەداری بەتایبەت لە وڵاتانی ئورووپایی فریوکارانە هەوڵیان دا بە ئاماری ساختە و ناڕاست بەرینایی ڕێپێوانی ناڕەزایەتیی کرێکاران لە یەکی مانگی مەیدا کەمتر نیشان بدەن و داخوازیەکانیان بۆ پرسی سنووردار دابەزێنن و یان لە بەرامبەریدا بێدەنگیان گرتە بەر.
حکوومەتە دیکتاتۆرەکانی وەک کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ئیسلامی ئەردۆغان لە تورکیە، نیگەران لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان، لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا هێزە چەکدارە سەرکوتگەرەکانی خۆیان ڕژاندە سەر شەقامەکان و کۆبوونەوە و ڕێپێوانی کرێکارانیان دایە بەر هێرشی وەحشیانە و ژمارەیەکیان لێ دەستبەسەر کردن. دەوڵەتی فاشیستی ئەردۆغان لە تورکیە لە دژایەتی لەگەڵ کرێکاران لەم ڕۆژەدا لە کردەوەیەکی بێشەرمانە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە کۆبوونەوە و ڕێپێوانەکانی ڕۆژ جیهانیی کرێکار، هەموو هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی، لەوانە مێترۆ، ئۆتۆبووس، کەشتی، بەلەم و هێڵەکانی دیکەی هاتوچۆی لە شاری گەورەی ئیستانبۆڵ ڕاگرت. هێزی سەرکوتگەری ئەمنی و پۆلیسی تورکیە لە نزیک مەیدانی “تەقسیم”، کە سوننەتەن تا ساڵی ٢٠١٣ شوێنی کۆبوونەوەی مەراسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار و ئیعتڕازاتی کرێکاری بوو، هێرشیان کردە سەر کرێکاران و زیاتر لە سەد کەسیان دەستگیر کرد. ئەم هێرش و دەستگیرکردنانە لەلایەن سەندیکا کرێکارییەکانی تورکیە و ناوەندەکانی بەرگریکاری کرێکاران درایە بەر ناڕەزایەتی و کردەوەی دژەکرێکاریی حکوومەتی ئەردۆغانیان مەحکووم کرد.
لە ئێران ڕژیمی کۆنەپەرست و دژەکرێکاری ئیسلامی کە ڕۆژی جیهانیی کرێکار بەڕەسمی ناناسێت، هەرجۆرە کۆبوونەوەیەکی کرێکاریی لەم ڕۆژەدا قەدەغە ڕاگەیاند. هێزە ئەمنیەتییەکان چەند ڕۆژ بەر لە یەکی مانگی مەی هەڕەشەیان لە چالاکانی کرێکاری کرد کە نابێ هیچ کۆبوونەوەیەکی کرێکاری بەبۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی بەڕێوەبەرن. بەپێی ڕاپۆرتی شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان، سەرەڕای هەڕەشە و پەرەسەندنی کەشی ئەمنیەتی و سەرکوتی ڕژیم، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی گوڵان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، مامۆستایانی لەسەرکار و خانەنشین لە زۆرێک لە شارەکان، وێڕای ڕێزگرتن لەم ڕۆژە خوازیاری وەدیهاتنی داخوازییەکایان بوون. شۆرای خانەنشینانیش ڕایگەیاند کە لەم ڕۆژەدا ژماریەەکی زۆر کۆبوونەوە بەڕێوەچووە و ئەم کۆبوونەوانە لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامییەوە هێرشیان کراوەتە سەر. ژنانی تێکۆشەری بەندکراو لە زیندانی ئێڤین، مەراسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکاریان بە بەرنامەیەک کە بریتی بوو لە وتار، چالاکیی فەرهەنگی و گفتوگۆ، بەڕێوەبرد. کرێکارانی ئەرکانی سالسی شیرکەتی نەوتی فەلاتی قارە لە ١١ی گوڵاندا بۆ بەدواداچوونی خواستەکانیان کۆبوونەوە و وێڕای ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانیی کرێکار، هاوخەمی و هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردووانی سەکۆی ڕەجایی بەندەرعەباس و خەڵکی ئەم ناوچەیە ڕاگەیاند. لە کرماشان ئەنجومەنی مامۆستایانی لەسەرکار و خانەنشینی کرماشان، خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی، خانەنشینانی موخابرات و علوومی پزشکیی پارێزگای کرماشان لە حەرەکەتێکی یەکگرتووانەدا، وێڕای ڕێزلێنان لە یەکی مانگی مەی ڕۆژی کرێکار، بەدواداچوونیان بۆ داخوازییەکانیان کرد.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpiran1