
ڕۆژی ١٩ی مانگی خەرمانان بەیاننامەیەک لەلایەن ٣٧ ڕێکخراوی کرێکاری، مامۆستایان، خانەنشینکراوان، خوێندکاران، ژنان، وەرزشکاران، لاوانی بێکار، چالاکانی هەڵوەشاندنەوەی کاری منداڵان، دەستفرۆشان و کۆمەڵێک خەڵک بۆ پشتیوانی لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بنەماڵەی زیندانییانی مەحکووم بە ئێعدام بڵاوکرایەوە. ئەوان لەم بەیاننامەیەدا بە سەردێڕی “دەست لە کوشتنی زیندانییانی سیاسی هەڵگرن” نووسیویانە کە “ڕۆژی ١٥ی خەرمانانی ١٤٠١ کۆمەڵێک لە بنەماڵەی زیندانییانی مەحکووم بە ئێعدام، لەبەرامبەر دادگوستەری و دادگای عموومی و ئینقلابی کەرەج کۆدەبنەوە و ڕۆژانی دواتریش لەبەرامبەر دەزگای قەزایی لە تاران بە خواستی “ئێعدام مەکەن” درێژە بە کۆبوونەوەکانیان دەدەن و خوازیاری ڕاگرتنی ئێعدامی بەندکراوانن. ئەم کۆبوونەوانە لە حاڵێکدا دەستیان پێکردووە کە ڕۆژی ١٥ی خەرمانان، یەکەمین ڕۆژی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان، ١٠ کەس لە زیندانەکانی کەرەج و میناب ئێعدام کران و بەپێی دوایین هەواڵەکان لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم ١٨ کەسی تر لە زیندانەکانی گەوهەردەشت، قزڵحەسار و میناب بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون”. بەیاننامەکە لە درێژەدا دەنووسێت: “چاوخشاندنێک بەسەر ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی پێوەندیدار بە ئێعدام، واقعییەتی دڵتەزێنی قەتڵوعامی ڕۆژانە بەڕوونی دەسەلمێنێت. لەماوەی ٥ مانگدا، واتە لە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٠ەوە تا جۆزەردانی ١٤٠١ ناوی ١٦٨ کەس تۆمار کراوە. ئەوەش بەو مانایەیە کە لە هەر یەک ڕۆژ و ٣ کاتژمێردا یەک کەس ئێعدام کراوە”. کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بنەماڵەی زیندانییانی مەحکووم بە ئێعدام و ڕەنگدانەوەی بەرینی لەئاستی کۆمەڵگەدا نیشانی دەدات کە خەبات دژبە سزای ئێعدام لە ئێران چووەتە قۆناغێکی نوێوە.
سزای ئێعدام بەدەر لەوەیکە لە چ شوێنێک و بەدەست چ ڕێژیمێک بەکردەوە دەردێت، قەتڵی دەوڵەتی و تاوانێکی ڕێکخراوە. پاساوکەران و داکۆکیکارانی ئەم یاسایە، جەنایەتی خۆیان لەژێرناوی دیفاع لە ئەمنییەتی گشتی، ڕێگری لە ئەنجامدانی تاوان و دابینکردنی مافی هاووڵاتییان، بەڕێوەدەبەن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەزموونی هەموو وڵاتانی جیهان نیشانی داوە کە بەڕێوەبردنی ئەم سزایە نەتەنیا کاریگەریی بەرپێگرانەی نییە، بەڵکوو دەبێتە هۆی پەرەسەندنی توندوتیژی لەئاستی کۆمەڵگە و کەمبوونەوەی ڕێز و حورمەتی ئینسانەکان. خاوەنانی دەسەڵات بۆ ئەم کوشتنە لەئانقەست و ڕێکخراوە، یاسایان داڕشتووە و قازییان بۆ داناوە و جەلادیان بۆ جێبەجێکردنی حوکم دیاری کردووە. داڕشتنی ئەم یاسایانە و پێکهێنانی ئۆرگانی دیاریکردن و بەکردەوەدەرهێنانی حوکم بە خەرجی کۆمەڵگە، بۆ ئەوان کەم هەزینەتر لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییانەیە کە بوونەتە هۆکاری تاوان و جەنایەت. لەڕاستیدا دەوڵەتانێک کە حوکمی ئێعدام دەردەکەن و بەکردەوەی دەردێنن بەرامبەربە ڕیشەکێش کردنی تاوان و جەنایەت و نەهامەتیی کۆمەڵگە خۆیان بە ئەرکدار نازانن.
بێگومان نیزامێک کە ئامرازی دیفاعەکەی جەلاد بێت، حورمەتێک بۆ مرۆڤ دانانێت و نابوودیی نەیارانی بە بابەتێکی ئاسایی دەزانێت و بە دیفاع لە حورمەت و ماف و ئەمنییەتی هاووڵاتییانی لەقەڵەم دەدات. لەم پێوەندەدا کارنامەی کۆماری ئیسلامی ئەوپەڕی ئەم وەحشیگەرییە نیشان دەدات. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو تاکتیکێک بۆ بەڕێوەبردنی ئەم جەنایەتە کەڵک وەردەگرێت. قەتڵوعامی بەندکراوانی سیاسی لە مانگەکانی کۆتایی هاوینی شەست و حەوت، قەتڵە زنجیرەییەکان لە پاییزی حەفتا و حەوت، وەبەرگولـلەدانی کرێکارانی خاتوون ئاباد، کوشتنی کۆڵبەران، سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٨٨، کوشتاری زیاتر لە هەزار و پێنجسەد کەس لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨ تەنیا نموونەگەلێکن لە سیاسەتی جەنایەتکارانەی ئەم ڕێژیمە لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا.
لە لێکدانەوەی دانانی ئەندامێکی هەیئەتی مەرگ لەسەر کورسیی دەزگای بەڕێوەبەری، ڕامانگەیاند کە ڕێژیم بەم کارەی ڕووی کردووەتە دوایین حەربەی خۆی واتە ستراتێژی سەرکوت بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان. دەستبەسەرکردنی بەرینی کرێکاران، خانەنشینکراوان، مامۆستایان، هونەرمەندان و نووسەران، چالاکانی ژینگە و ئێعدامی بەردەوام بەبینانووی جۆراوجۆر، نیشانە ئاشکراکانی ئەم ستراتێژییە جەنایەتکارانەی ڕێژیمە. ئەزموونی کۆماری ئیسلامی نیشانی دا کە پێکهاتەی ئیسلام و سەرمایەداری چ دیاردەیەکی مەترسیدار دەخوڵقێنێت. هەموو جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی نیشانەی ئەو واقعییەتەیە کە ڕێژیم بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی هیچ ڕێگایەکی بێجگەلە سەرکوت، ئێعدام و ئەشکەنجە نییە. تەنانەت کاتێک کە تاوانبارانی ئاساییش ئێعدام دەکات، ئامانجی چاوترسێن کردنی کۆمەڵگە و ترساندنی نەیارانی نیزام و بەتایبەت ئەوانەیە کە سوورن لەسەر ئەوەیکە بەشێوەی شۆڕشگێڕانە ڕێژیم بڕووخێنن. بەڵام سەرەڕای هەموو بێبەزەیەتی و وەحشیگەرییەک کە ڕێژیم دەینوێنێت، شەپۆلی ئێعدام و سەرکوت، کۆمەڵگە چاوترسێن ناکات. کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بنەماڵەی زیندانییانی مەحکووم بە ئێعدام و بەیاننامەی ٣٧ ڕێکخراو و ناوەند بۆ هاوپشتی لەگەڵ ئەم بنەماڵانە و ناڕەزایەتی دژبە ئێعدامی تاوانبارانی ئاسایی، نیشانەی ئەوەیە کە بەشێکی بەرین لە کۆمەڵگە بەڵێندارە بەوەیکە لە حورمەتی ئینسانی دیفاع بکات و سزای ئێعدام مەحکووم بکات. ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکانی ئەم ڕێکخراو و ناوەندانە پێویستە توانا و وزەی خۆیان لەپێناو سەرانسەری کردنەوەی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری بۆ زەمینگیرکردنی ماشێنی سەرکوتی دەوڵەت بەکار بێنن. ناڕەزایەتی دژبە سزای ئێعدام و قەتڵی لەئانقەستی دەوڵەت، بەدەر لەوەیکە بۆ نابوودیی زیندانییانی سیاسی بێت یان تاوانبارانی ئاسایی، ئەرکی هەموو ئەو ئینسانانەیە کە ئاسۆی ڕزگاری لە دواڕۆژی ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا مژدە دەدەن. کۆمۆنیستەکان ڕاشکاوانە ڕایدەگەیەنن کە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدامن و بۆ نەمانی ئەم سزایە لێبڕاوانە خەبات دەکەن.