دوای ئەوەیکە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی مانگی گوڵان، یوسف مێهرداد و سەید سەدروڵڵا فازلی زارع، بە تۆمەتی تەوهین بە پێغەمبەر و موقەدەساتی ئیسلام لە زیندانی ئەراک ئێعدام کران و لە هەمان ڕۆژدا ئەحکامی ئێعدامی چوار زیندانی بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر و قەتڵ لە زیندانەکانی عادڵ ئابادی شیراز، زاهیدان و ئیسفەهان بەڕێوەچوو، شەپۆلی ئێعدامەکان هەروا بەردەوامە. لە حاڵێکدا کە ڕۆژانە هەواڵی ڕاگواستی بەندکراوان بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام لە سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێتەوە، ڕۆژی چوارشەممە هەواڵنێریی میزان ئاشکرای کرد کە سێ بەندکراو بەناوەکانی حسێن پەنجەک، عەبدولحسێن ئیمامی موقەدەم و بابەک ئاقایی لەژێرناوی “ئەندامی باندنی پێنجەک، یەکێک لە گرووپەکانی بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر” لە زیندانی قزڵحەسار ئێعدام کراون. هاوکات بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە بیستی مانگی گوڵان، حوکمی دوو بەندکراو کە پێشتر بەتۆمەتی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، لە زیندانی ئەراک بەڕێوەچوو. لە هەمان ڕۆژی چوارشەممەدا، حوکمی ئێعدامی چوار زیندانی کە پێشتر بە تۆمەتی “تەجاوز بە عنف” بە ئیعدام مەحکووم کرابوون لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ئیجرا کرا. ماشێنی ئێعدامی ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی کە هیچکات لە حەرەکەت نەکەوتووە، لە ئێستادا خێراتر بووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی هێرانا ڕۆژی ٨ تا ١٩ی مانگی گوڵانی ئەمساڵ، لانیکەم ٥٧ زیندانی بەتۆمەتی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر، “افساد فی الارض”، سب النبی و قەتڵ، لە زیندانەکانی ئێراندا ئێعدام کراون.
ئەگەرچی ئێعدامی ژمارەیەک لە بەندکراوان و پەرەپێدانی کەشوهەوای سەرکوت بەئامانجی چاوترسێنکردن و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بزووتنەوە ئیحتمالییەکان بەردەوام بەشێک لە مەوجودیەتی ڕژیم بووە، بەڵام ئەمجارەیان سەرانی ڕژیم بەئاشکرا بۆ بەرەنگاربوونەوە دژبە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتنی کرێکاران، بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی مامۆستایان و خانەنشیان و باقی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگا، ئەم شەپۆلەی ئێعدامیان خستووەتە ڕێ. ئەم ئێعدامانە لە ئیدامەی تەهاجوم بۆ سەر ژنان بە “تاوان”ی لابردنی حیجاب، لە ئیدامەی هێرشی شیمیایی بۆسەر مەدرەسەکانی کچان، لە ئیدامەی پیلانگێڕی بۆ تێکشکاندنی مانگرتنی کرێکارانی نەوت و پێترۆشیمی بەرنامەڕێژی کراوە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا کە لە قەیرانی قووڵی ئابووری و سیاسیدا دەست و پێ لێدەدات، لە ئاستی جیهاندا زیاتر لە ڕابردوو پەراوێز خراوە، لە هەلومەرجێکدا کەستراتێژییەکەی بۆ بوون بە دسەڵاتی باڵای ناوچەکە شکستی هێناوە، دەزگای ئیدئۆلۆژیەکەی توانای مەشروعیەت بەخشینی بەم هەمووە هەژاری و فەلاکەت و بێمافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە لەدەست داوە و لەژێر گوشاری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا هیچ پێگەیەکی لەناو بیروڕای گشتیدا نییە، لە وەها بارودۆخێکدا شمشیری لە ڕووەوە بەستووە و سات لە دوای سات جەنایەت دەخوڵقێنێت. ئەم ڕژیمە بەنیازە لەوپەڕی داماویدا بە پەرەپێدانی کەشوهەوای ئەمنیەتی و ئێعدامی بەندکراوان، دەسەڵاتی ماشێنی سەرکوتەکەی بە ڕووی ئەو خەڵکەدا بکێشێت کە ترسیان لە دەسەڵات ڕژاوە و هاتوونەتە مەیدانی نەبەردەوە و بە کەمتر لە ڕووخاندنی ڕژیم ڕازی نین.
کرێکاران، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و خەباتکار!
لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای ئێعدام یەکگرتوو و یەکپارچە ڕاپەڕن! سزای ئێعدام قەتڵی عەمدی دەوڵەتییە. پێویستە بەرانبەر بە شەپۆلی ئێعدام لە مافی ژیانی ئینسان لێبڕاوانە دیفاع بکەین. پێویستە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای ئێعدام یەکپارچە و یەکگرتوو بێینە مەیدان.
بۆ ئازادیی بێ شەرت و مەرجی بەندکراوانی سیاسی و عەقیدەتی پێویستە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەبەرین. هیچ کەس نابێ بەخاتری بیروباوەڕ و بەخاتری چالاکیی سیاسی بخرێتە زیندانەوە. ئازادیی بیروباوەڕ و ئازادیی چالاکیی سیاسی مافی بێ ئەملاوئەولای هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە. بەرپاکردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شەقام و ڕێپێوان بەشێکی جیانەکراوەیە لە ئازادی ڕادەربڕین و بیروباوەڕ. هەروەک مرۆڤی شیاوی ئازادی و بەرابەری، قورس و قایم و بێ راڕایی پێویستە بۆ دیفاع لە مافە ڕەواکانمان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەبەرین! لە بەرامبەر دەستدرێژیی پۆلیسیی حکوومەتی جەنایەتکاراندا ڕاوەستن و دەنگی ناڕەزایەتی دژبە پێشێلکردنی ئەم مافە ڕەوا ئینسانییانە بەرز بکەنەوە. لە بەرامبەر زیندانەکاندا کۆببنەوە و بە دەنگی ڕەساوە خوازیاری ئازادیی بەندکراوانی سیاسی بن. لە گەڕەک و کارخانە و زانکۆ و شەقام درووشمی “بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت” بەرز بکەنەوە. خەبات دژبە سزای ئێعدام و بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسی بکەنە بزووتنەوەیەکی سەرانسەری.
بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە سەرانسەری ئێران و بەرپاکردنی هەڵمەتی سیاسی و تەبلیغی لە دەرەوەی وڵات، دژبە ئەحکامی ئێعدام بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی، دەتوانێ بەر بە درێژەی شەپۆلی ئێعدام، بەربە زیندانی کردنی تێکۆشەرانی سیاسی و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بگرێت. خەباتی سەرکەوتووانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەحکامی ئێعدام و بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی لە هەلومەرجی سیاسیی ئێستادا دەتوانێ خەبات دژبە سزای ئێعدام لە ئێران چەند هەنگاو بەرەوپێش بەرێت.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە