لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی ڕۆژانە لە ئێران دژبە گرانی، هەژاری، بێکاری و توندبوونەوەی سەرکوت، ناڕەزایەتیی ژنان بەتایبەت ناڕەزایەتی دژبە حیجاب وەک هێمای ژێردەستەیی ژن لە نیزامی سەرمایەداریی ئیسلامی، بووەتە هۆی ئەوەیکە ئاراستە جۆراوجۆرە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی زیاتر لە هەمیشە وەجمووجۆڵ کەون تا مۆری خۆیانی لێ بدەن. ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن هەوڵ دەدات ژنانی ناڕازی کە هەستی و ژیانی خۆیان دەکەنە هەزینە تا هەنگاوێک بۆ ڕزگاری هەڵگرن، قەبووڵی بکەن کە ڕێبەریی ئەم خەباتە نەک لە دەستی ئەواندا، بەڵکوو لەلایەن کەسانێکی وەک مەسیحی عەلی نەژادەوە هیدایەت دەکرێت.
هەڵمەتی “حیجاب بەبێ حیجاب” یەکێکە لە دیمەنەکانی ناڕەزایەتیی ژنان دژبە حیجاب، ئەم هێمای ژێردەستەیی و کۆیلایەتییە، کە ئاراستە ڕاستەکانی لایەنگری ڕۆژئاوا دەیانەوێت لە ڕێگەی میدیاکانی سەر بە خۆیانەوە دەستی بەسەردا بگرن. خەباتێک کە رۆژانە رادیکاڵتر و کۆمەڵایەتیتر دەبێتەوە. ئەم بابەتە بە دڵی ئەوانە نییە کە هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ڕێگاچارەی ڕزگاری لە چنگ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کۆریدۆرەکانی کۆشکی سپی و دیداری ئاشکرا و نهێنی لەگەڵ پۆمپێئۆ یان ڕەزا پەهلەوی دێتە دەر.
وێدەچێت ئێستا مەسیحی عەلی نەژاد وەک یەکێک کەساێیەتییەکانی ئالتێرناتیڤی ڕاستی غەیرەئیسلامی، زیاتر لە هەمیشە وەجمووجۆڵ کەوتبێتت. بەڵام ئەم هەراوهوریایەی ناو دنیای مەجازی و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی هۆگرایەتی ژنانی خەباتکاری ئێران نە بە ڕشتنی فرمێسکی درۆیینی مەسیح عەلی نەژاد لە کاتی وتووێژ لەگەڵ دایکانی خەزەڵوەر و یان باقیی بنەماڵەی گیان بەختکردووان جێبەجێ دەبێت، و نە بە پێشکەشکردنی ئەو ئاسۆ ڕوونە سیاسییەی کە ناوبراو بۆ ئازادیی ژنان نوێنەرایەتیی دەکات. فێمێنیستە ڕاستە ئیسلامییەکان دوای ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ بەگشتی لەناو خەڵکدا کەوتنە پەراوێزەوە. بەڵام لەئێستادا حزووری ئاراستەکانی سەرمایەداری لایەنگری ڕۆژاوا هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئیمکاناتی ماڵی و ملیۆنها دۆلار سەرمایە لەلایەن دەوڵەتانی ئەمریکا و هاوبەشانییەوە دەخرێتە ئیختیار ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنەوە.
ئەم سێناریۆیانە بۆ زەوتکردن و بەلاڕێدابردن ئەگەرچی کۆنە و شڕۆڵن بەڵام هێستاش بەکار دەهێندرێن و مەترسیدارن. هێندێک لە دایکانی قوربانییانی مانگی خەزەڵوەر یان ژنانێکی لاوی خەباتکار کە لە لایەکەوە لەژێر گوشاری سەرکوتی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دان و لەلایەکی دیکەشەوە بە تۆڕە جۆراوجۆرەکانی وەک تەلەڤیزیۆنی مەنۆتۆ، ئێران ئینترنەشناڵ، دەنگی ئەمریکا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و ئینستاگرام گەمارۆ دراون، لەوانەیە کاریگەری وەربگرن و دادخوازیی خوێنی ڕژاوی ئازیزانیان نەک لە بەرپاکردنی دادگای خەڵک بە یارمەتیی خەباتی جەماوەری، بەڵکوو لە ڕاڕەوە ڕازاوەکانی کۆشکی سپی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ببینن.
نموونەی بەرچاوی ئالتێرناتیڤسازی لە سەرووی خەڵکەوە بەیارمەتیی میدیای ڕۆژئاوا، خۆدی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە. ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧ی هەتاویی ئێران بە هەزینەی خەڵک و جەماوەری ژێرستەم، بەتایبەت کرێکاران و ژنان دژبە نیزامی پاشایەتیی دەستنیشاندەی ئەمریکا بەڕێوەچوو، بەڵام دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان لەڕێگەی بی بی سی و میدیاکانی ترەوە، ڕەوتی ئیسلامی و خومەینییان هێنایە مەیدان تا لە نەبوونی ڕێبەرییەکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێردا، ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە نوقمی خوێن بکات.
ئەم ئاڵتێرناتیڤسازییە و ئیعتباردان بەمجۆرە کەسانە تەنیا تایبەت بە یەک وڵات نییە. دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان ئەم سیاسەتەیان لە هەموو دەورەکاندا بە گەورەکردنەوەی کەسانێک کە بەشێوەی کاتی هەڵدەبژێردرێن، دادەڕێژن و بە هەزینەی یەکجار بەرین بەکردەوەی دەردێنن. چونکە پێدانی هەزینەی ملیۆن دۆلاری بە چەند کەس یەکجار کەمترە لە هەزینەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خواستی ئەو بزووتنەوەیەی کە ئاڵتێرناتیڤی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستی گەڵاڵە دەکات.
هەڵبەت هێندێک لەم ڕێبەر داتاشینانە دەتوانێت شێوازێکی ئاڵۆز و ناڕوونی بێت و دەستبەجێ ڕوو نەدات. لەوانەیە ئەم کەسانە لە جنسی خەڵک بن و پێشینەیەکی خەباتکارانەشیان هەبێت. بەڵام گرینگ ئەوەیە کە خاڵی هاوبەشی هەموو سیستەمەکانی سەرمایەداری چ ئیمپریالیستی و چ ئیسلامییەکەی، واتە شێوازی ئیدارەی پەرلەمانیی بورژوازیی کۆمەڵگە بە باشترین شێوە تەبلیغ و پاساو بکەن. و ئەم هیوایە زیندوو ڕابگرن کە حەقیقەت و بەرژەوەندی خەڵک لەڕێگەی پەرلەمانەوە جێبەجێ دەکرێت، نەک لە ڕێگەی دەستبردن بۆ ڕیشەی ستەم و شیکردنەوەی چۆنیەتیی کارکردی مێکانیسمێک کە بۆ بەدەستهێنانی قازانج، دەست لە هیچ جەنایەتێک ناپارێزێت.
لەڕاستیدا هەوڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵمەتە جۆراوجۆرەکانی ژنانی ناڕازی و بەتایبەت هەڵمەتی “حیجاب بێ حیجاب” ناوی ڕەمزێکی دیکەی هیواداربوون بە هێزە ئیمپریایست و ناوچەییەکانە و هەوڵ بۆ بەڵاڕێدابردنی ئەم هەڵمەتانە نیشانەی گرینگیی خەباتێکە کە لەئارادایە. خەباتی ژنان هاوکات لەگەڵ قووڵتربوونەوەی بۆشایی چینایەتی و وەلەرزەکەوتنی پایەکانی کۆماری ئیسلامی لە باروودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژاوا بەروڕووی ئاکامەکانی شەڕی ئۆکراین بوونەتەوە و ئیمپریالیسمی ئەمریکا خۆی لەگەڵ ناڕەزایەتیی بەرینی ژنان بەرەوڕووە. یاسای لەباربردنی منداڵ هاوشێوەی تەرحی “حیجاب و عیفاف”ی کۆماری ئیسلامی هەوڵێکە کە چینە دەسەڵاتدارەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەرچی زیاتری ژنان بەکاری دێنن کە ئەوەش خۆی نیشانەی نیگەرانیی ئەم چینانەیە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. درووست لەم ڕوانگەوەیە کە دەبێت بە وشیارییەوە هەموو ئەو کەسایەتی و ئاراستانە لەقاو بدرێن کە هەوڵ دەدەن خەباتی ڕاستەقینە و ڕادیکاڵی ژنان بەڵاڕێدا بەرن، بەقازانجی خۆیان دەستی بەسەردا بگرن و ڕێبەری بۆ داتاشن. هاوکات بەرامبەر بەم هەوڵانە، پێویستە تێکۆشان و چالاکی بۆ ڕێکخستنی جەماوەریی ژنان و ستەملێکراوان لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا بخرێتە دەستووری کارەوە.