
لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ١٤٠٥-١٤٠٦ نزیک دەبینەوە. دەستپێکی ساڵی خوێندن، بۆ هەموو منداڵان یەک مانای نییە. بۆ بەشێک لە کۆمەڵگا، گەڕانەوە بۆ قوتابخانە هاوکاتە لەگەڵ کڕینی کەلوپەلی نوێ و دابینکردنی پێداویستییە پەروەردەییەکان؛ بەڵام بۆ بەشێکی گەورە لە بنەماڵەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، هەر ئەم بۆنەیە بووەتە ساتێک بۆ تاقیکردنەوەی توانای دارایی و بەربەستەکانی بژێویی ژیان. ئەوەی لە سەروبەندی هەر ساڵێکی خوێندندا زیاتر خۆی دەردەخات، بۆشایی نێوان مافی کۆمەڵایەتیی پەروەردە و ئەو پەیوەندییە ئابوورییانەیە کە ئەم مافەیان گرێ داوەتەوە بە توانای کڕین و پارەدانی بنەماڵەکانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بەردەستەکان، نرخی کەلوپەلی خوێندن لە چاو ساڵی ڕابردوودا لە نێوان ٥٠ بۆ ١٠٠ لەسەد زیادی کردووە. خەرجیی ئامادەکردنی قوتابییەک بۆ دەستپێکی ساڵی خوێندنیش لە هەندێک مەزەندەدا گەیشتووەتە نزیکەی ١٥ ملیۆن تمەن. ئەگەر تێچووی دابینکردنی جلوبەرگی فەرمیی قوتابخانە، پێڵاو، دەفتەر، پێداویستیی نووسین، کرێی هاتووچۆ، خۆراک، گەشتەکان، پۆلە پەروەردەییەکان و پارەدانەکانی دیکە بخەینە پاڵ یەک، ڕوون دەبێتەوە کە “خەرجیی قوتابخانە” ئیتر تەنیا لە چەند بابەتێکی زەرووریدا کورت نابێتەوە. قوتابخانە لە پێکهاتەی ئێستادا، کۆمەڵێک خەرجیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیە کە بەشێکی بەرچاو لە داهاتی بنەماڵە بۆ خۆی تەرخان دەکات.
بەڵام بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە، تەنیا ڕیزکردنی نرخەکان بەس نییە. پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە بۆچی تێچووی پەروەردەی منداڵان بووەتە فشارێکی وا قورس بۆ سەر چینی کرێکار و بنەماڵە کرێکارییەکان؟ بۆ وەڵامەکەی دەبێت لە پەیوەندیی نێوان حەقدەست، هەڵاوسان و کاڵابوونی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکاندا بگەڕێین. کاتێک هێزی کاری کرێکار بە حەقدەستێک دەکڕدرێت کە توانای دابینکردنی تێچووی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ژیانی نییە، بنەماڵەی کرێکار ناچارە لە نێوان پێداویستییە جۆراوجۆرەکاندا ئەولەوییەتبەندی بکات. ئەو داهاتەی کە دەبێت کرێی خانوو، خۆراک، پۆشاک، دەرمان، وزە، ئینتەرنێت و قەرزەکان دابین بکات، ئێستا دەبێت بەرگەی خەرجیی خوێندنی منداڵەکانیش بگرێت. لەم هەلومەرجەدا، کەڵکوەرگرتنی چەندبارە لە کەلوپەلی ساڵی پێشوو، سڕینەوەی پۆلە پەروەردەییەکان یان دواخستنی کڕینە زەروورییەکان، شێوازەکانی دەست و پەنجە نەرم کردن و ڕاهاتنن لەگەڵ هەژاریدا.
ئامارەکانی هەڵاوسان، قووڵیی ئەم کێشەیە نیشان دەدەن. هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی گەلاوێژدا گەیشتووەتە ٨٩ لەسەد، نرخی هەندێک لە ماددە خۆراکییەکان نزیکەی ١٣٠ لەسەد و هەندێک لە دەرمانەکانیش تا ٥٠٠ لەسەد زیادیان کردووە و گرانیی خانوو و مەسکەن بێداد دەکات. ئەم ئامارانە و هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەکی نرخەکان، کاتێک داهاتی بنەماڵە هاوتەریب لەگەڵیدا بەرز نابێتەوە، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی بژێویی ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش. لە ڕوانگەی چینایەتییەوە، کێشە گرنگترەکە ئەوەیە کە پەروەردە و خوێندن لە مافێکی گشتییەوە دەبێتە ئیمتیازێکی چینایەتی و گۆڕەپانێک بۆ بەکاربردن و کێبڕکێی ئابووری. قوتابخانەی دەوڵەتیش بەدەر لەم ڕەوتە نییە. تەنانەت کاتێک پارەی فەرمیی خوێندن وەرناگیرێت، کۆمەڵێکی زۆر لە پارەدانە لاوەکییەکان و تێچووە پەروەردەییەکان، بنەماڵە دەخاتە دۆخێکەوە کە چۆنایەتی و ئیمکاناتی خوێندنی منداڵەکەی بە توانای ئابووریی ئەوەوە گرێ دەدرێت.
لە ئەنجامدا، دوو منداڵ کە لە پشت یەک ناونیشانی هاوبەشەوە ــ واتە “قوتابی” ــ وەستاون، لە ڕاستیدا خاوەنی خاڵی دەستپێکی یەکسان نین. یەکێکیان لەوانەیە دەستی بگات بە فێربوونی زمان، پۆلی بەهێزکردن، ئامرازی دیجیتاڵ و ژینگەی گونجاو بۆ خوێندنەوە و وزەی پێویست، ئەوی دیکەیان لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی خوێندن بێبەش بێت. ئەم جیاوازییە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی پێگەی چینایەتیی بنەماڵەیە لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی ساماندا. ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕێژەی هەژارییان لە ساڵی ١٤٠٥دا بە نزیکەی ٤١ لەسەد ڕاگەیاندووە. هەروەها هێڵی هەژاریی بنەماڵەیەکی سێ کەسی لە تاران، زۆر بەرزتر لە داهاتی بەشێکی گەورە لە کرێگرتەکان مەزەندە کراوە. لە وەها هەلومەرجێکدا، چاوەڕوانی لە بنەماڵەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی کەموکوڕییەکانی سیستەمی پەروەردە لە ڕێگەی داهاتی کەسییەوە، لە کردەوەدا بە مانای گواستنەوەی تێچووی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانە بۆ سەر شانی ئەو کەسانەی کە کەمترین نەخشیان لە بەرهەمهێنانی ئەم قەیرانەدا هەیە.
چینایەتیبوون و کاڵابوونی پەروەردە، لێکەوتەیەکی گرنگی دیکەی سیاسییشی هەیە: دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییە چینایەتییەکان؛ کاتێک چۆنایەتیی پەروەردە و ئیمکاناتی فێربوون زیاتر لە جاران گرێ بخوات بە توانای داراییەوە، ئەمە خۆی دەبێتە میکانیزمێک بۆ گواستنەوەی نایەکسانی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە. منداڵی نێو بنەماڵەیەکی دارا، سەرمایەی پەروەردەیی زیاتر کەڵەکە دەکات و منداڵی بنەماڵەیەکی ژێردەست، پێش چوونە ناو بازاڕی کارەوە ڕووبەڕووی بەربەست و ئاستەنگی زیاتر دەبێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، بەرگریکردن لە پەروەردە و خوێندنی بێبەرامبەر ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە خەبات لەسەر دابەشکردنی سامانی کۆمەڵایەتی. هەڵوەشاندنەوەی تێچووی زۆرەملێ و شاراوە، دابینکردنی بێبەرامبەری کەلوپەلی خوێندن، زیادکردنی بودجەی گشتیی پەروەردە و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنی یەکسان و گشتگیر بە ئیمکاناتی پەروەردەیی، دەبێت شانبەشانی خەباتی کرێکاران و مامۆستایان، وەک بەشێک لە چینی کرێکار بۆ بەرزکردنەوەی ڕاستەقینەی حەقدەستەکان، جێگەی خۆی بگرێت. ئەو حەقدەستەی کە خەرجیی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ژیان دابین ناکات، لە کردەوەدا بەشێک لە باری قەیرانەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەگوازێتەوە بۆ سەر شانی بنەماڵە.
دەوڵەت ئەرکدارە ستانداردێکی یەکگرتوو لە خۆشگوزەرانی و ئیمکاناتی گەشەی مادی و مەعنەویی منداڵان و مێرمنداڵان لە بەرزترین ئاستی گونجاودا دەستەبەر بکات. دەبێت یارمەتییە داراییە پێویستەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بێبەرامبەرەکانی پزیشکی، پەروەردەیی و فەرهەنگی بۆ دەستەبەرکردنی ستانداردی ژیانی منداڵان و مێرمنداڵان، سەربەخۆ لە دۆخی بنەماڵەکانیان، دابین بکرێت و پرسی خوێندنی ئیجباری تا تەمەنی ١٦ ساڵی دەستەبەر بکرێت. کاری پیشەیی بۆ منداڵان و مێرمنداڵانی ژێر ١٨ ساڵ دەبێت قەدەغە بکرێت و نابێت ڕێگە بدرێت جەستە و ڕۆحی منداڵان لەژێر باری کاری پیشەییدا تێک بشکێت. دەستڕاگەیشتن بەم جۆرە داواکارییانە، تەنیا دەتوانێت بەرهەمی خەباتی یەکگرتووانە، سەرتاسەری و ڕێکخراوی کرێکاران و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان بێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە