فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

خەزەڵوەری ٩٨ هێمای هاوپشتی و گوڕوتینی شۆڕشگێڕانە
دوشەممە ۲۴-۰۸-۱۴۰۰   |  15-11-2021

بۆ جەماوەری ئێران، جەماوەرێک کە چوار دەیەیە بە هەموو سەرکوتگەریەک کە کۆماری ئیسلامی دەرحەقیان ئەنجامی داوە، خەزەڵوەری ٩٨، مێژوویەکە کە نەتەنیا زیندوو ڕادەگیرێت بەڵکوو هەروا درێژەی دەبێت. ڕاپەڕینی بەرینی زەحمەتکێشان، حاشینەنشینان، کرێکاران، خوێندکاران، ژنان و منداڵانی کار لە شارەکانی ئێران، لە حاڵێکدا سەریهەڵدا کە خۆیان وەک سووژەی شۆڕش دۆزیبۆوە. هەڵبەت ئەم بابەتە هەم بۆ کۆماری ئیسلامی و هەم بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە بەرژەوەندیان لە مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دایە تەنیا دەیانهەوێ گەردن کەشیە ناوچەییەکانی کەم بکەنەوە، یەکجار ترسناکە.

ئاماری ڕەسمیی لانیکەمی ١٥٠٠ کوشتەی ئەم ڕاپەڕینە، تەنیا کوشتاری پێنجسەد ژیان، پێنجسەد شۆڕشگێڕ، پێنجسەد کردەوە بۆ ڕووخاندنی نیزامی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکوو ئەم ڕەقەمە کە لە ڕاستیدا زۆر لەوانە زیاترە، نیشانی دەدات کە  ئاستی پراتیک و وشیاری بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئەوەڵەن تا چ ڕادەیەک هیوابەخشە و دووەمەن بۆ جەماوەری ستەمدیدە چارەیەک نەماوەتەوە بێجگەلە ئەوەیکە خۆیان دەست بەکار بن.

ئەگەرچی بەشێک لە دەسەڵات لەوانە داکۆکیکارانی خامنەیی و جەبهەی پایەداری لە ڕەقابەت لەگەڵ دەوڵەتی ڕووحانی، هەوڵیان دا تا وەرەق بە قازانجی خۆیان بسووڕێنن و دەست بکەن بە بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتییەکان بەڵام تووڕەیی بێ ئەمانی سەرچاوەگرتوو لە باروودۆخی تاقەت پڕووکێنی ئابووری، بێکاری، حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری، چوونەسەرەوەی ڕێژەی گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر، لەشفرۆشی، پەرەسەندنی بەرچاوی منداڵانی کار و باقیی نائەمنییە کۆمەڵایەتییەکان و پتر لە چوار دەیە سەرکوت بووە دەریایەک لە تووڕەی کە تەنانەت ئیسحاق جەهانگیری جێگری ئەوکاتی سەرۆک کۆمار دانی بەوە دانا کە “باروودۆخەکە لە دەستی بەرنامەڕێژان دەرچووە و بووەتە ناڕەزایەتیی گشتی دژبە گشت نیزام”. ناڕەزایەتییەکان لە مەشهەدەوە بەرەو شارەکانی کرماشان، هەمەدان، ئیسفەهان، ئەهواز، قۆم، زاهێدان، قەزوین، مەریوان، سنە، جوانڕۆ، لۆرستان، قووچان  و ساوە و زۆر شوێنیتر پەرەی سەند. “ڕاپەڕینی برسیەکان” و بێبەشانی شار و یان بە واتایەکیتر ڕاپەڕینی نەدارانی کۆمەڵگا، ئەوانە خوڵقاندیان کە هەم لە سەرکوت نەدەترسان و هەم ناچاریش بوون سەر بەرز بکەنەوە. درووشمی هیوابەخش دژبە گشت ڕژیم نە تەنیا درووشمی حاشینەنشینان و برسیەکان بوو بەڵکوو بوو بە درووشمی ئەو بەشە لە چینی کرێکار کە لە بەرامبەر مەجلیس و ناوەندە دەوڵەتەییەکان دەستیان دەدایە کۆبوونەوە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تایبەتمەندیانە، هۆکاری سەرکوتگەری بەرین و بێرەحمیی هێزە ئەمنییەییەکانی ڕژیم دەردەکەوێت. لە کارەساتی نەیزاری حاشیەی شارەکی چەمرانی ماهشەهر کە تێیدا ناڕازیان پەنایان بۆ نەیزارەکان بردبوو، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم چەکی قورسیان لەدژیان بەکار هێنا. نوقم کردنی تەرمەکان لە ئاوی دەورووبەری نەیزارەکان و دۆزرانەوەیان لە لایەن خەڵکەوە لە ڕۆژانی دوای سەرکوتەکە، دەرخەری پانتایی سەرکوت و جەنایاتی بەکرێگیراوانی ڕژیمی ئیسلامی بوو. خستنەژێر چاوەدێریی کەسانێک کە لەم ناڕەزایەتیانەدا بریندار ببوون یان ڕفاندنی تەرمی کوژراوەکان لە ساردخانە و نەخۆشخانەکان و ناشتنی بەنهێنییان و یان فڕێ دانیان بۆ ناو بەندئاو و ڕووبارەکان، لە لایەکەوە نیشانەی ئەوپەڕی داماویی کۆماری ئیسلامی، و لە لایەکی دیکەشەوە دەرخەری عەزم و ئیرادەی جەماوەر بۆ ئاڵوگۆڕ بوو. هەربۆیە ڕژیم هەوڵی دا تا بە دەرکردنی حوکمی ئێعدامی هێندێک لە دەستبەسەرکراوان، تا ئەو جێگایەی کە مومکینە، وشیاریی بەکۆمەڵ و کردەوەی شۆڕشێگێڕانە بۆ ڕووخاندنی نیزامێک کە بێجگەلە کوشتار، هەژاری، سەرکوت و ئەشکەنجە هیچیتری تێدا نییە، لەناوبەرێت.

ئاخێزی سەرتاسەریی مانگی خەزەڵوەر بۆ جارێکی دیکە پۆتانسیەلی خەباتکارانەی ناوچە حاشیەنشینی شارەکان کە زۆربەی دانیشتووانیان لە بنەماڵە کرێکارییەکان و بێبەشانی شاری پێکهاتوون و لە بێبەشیی بێسنووری ئابووری و کۆمەڵایەتی و نەبوونی خزمەتگوزاریی شاری ڕەنج دەبەن، نیشان دا. ئەزموونی مانگی خەزەڵوەر و بەشداریی لاوان و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەم ناڕەزایەتیانە و هاوپشتیی پڕگوڕوتینی ئەوان لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم نیشانەی ئەوە بوو کە ئەو ترسەی کە دەسەڵات بە پشتیوانەی ماشێنی سەرکوت خسبوویە ناو دڵانەوە، جێگای خۆی داوەتە تووڕەیی و هاوپشتی و خۆڕاگری.

خەزەڵوەری ٩٨ هەروا درێژەی هەیە. لەبەرئەوەیکە ئەم مێژوویە و ئەم خاڵە وەرچەرخانە خەباتکارانەیە هەروەک مێژووی هەتا ئێستای خەباتی جەماوەری ئێران، هی کەسانێکە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی چەوساونەتەوە و هەموو ژیانیان بەتاڵان چووە. ئەم مێژوویە هی ئەو کەسانەیە کە وەک مەرزیە تاهیریان گیانیان لەناو چەرخ دەندەکانی نیزامی سەرمایەداریدا لەدەست دا. خەزەڵوەر، واتە مێژووی ڕەزمی کۆمەڵایەتی هی هەموو منداڵانی کارە کە وەک مۆحسێن محەممەدپوور هەموو دنیای منداڵییان لەبەر ڕەنج و کار بەفیرۆ چووە. خەزەڵوەر، بۆ کرێکارانێک کە حەقدەستی ژێر هێڵی هەژارییان بەشی دابینکردنی کەمترین پێداویستیەکان ناکات، بۆ پەرستارانێک کە چەند مانگە حەقدەستیان وەرنەگرتووە، بۆ موعەلیمانێک کە لەم ڕۆژانەدا کلاسەکانی دەرس لە شەقامەکاندا بەڕێوەدەبەن، بۆ ژنانێک کە لەبەر هەژاریی بێسنوور هیچیان بێجگەلە هەڕاج کردنی جەستەیان بۆ نەماوەتەوە  و بۆ ئەو بەندکراوە سیاسییەی کە لەگەڵ  ئەشکەنجە و حوکمی قورس بەرەوڕووە، درێژەی هەیە. بێگومان دەرسەکانی مانگی خەزەڵوەر هەم بۆ باڵانشینان و هەم بۆ جەماوەری خوارەوەی کۆمەڵگا لەبیرناچنەوە. یەک خۆی بۆ خەباتی نیهایی ئامادە دەکات و ئەویتریش ڕیزەکانی خۆی پتەوتر دەکات. بەڵام مێژوو ئەوانە خوڵقاندیان کە ئاسۆیی ڕزگاریی مرۆڤایەتییان لەبەرچاو بوو.