
حەمید مورادی، ئەو لاوە پڕ گڕوتینە بوو کە لە بەرامبەر وێرانکارییە ژینگەییەکانی سەرچاوەگرتوو لە سیاسەتی چەند دەیەی کۆماری ئیسلامیدا وەستا و گیانی ئازیزی لەم ڕێگایەدا بەختکرد. ڕۆژی پێنجشەممە حەمید بەوپەڕی ئازایەتی و لەخۆبوردوویی لەگەڵ چەند هاوڕێی دیکەی بۆ کووژاندنەوەی ئاگر قۆڵی هیمەتی هەڵماڵی بەڵام لە جەریانی کووژاندنەوەی ئاگرەکەدا بەداخەوە تووشی ڕووداوێکی دڵتەزێن بوو و دوای ڕەوانەکرانی بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سووتان و سەختیی برینەکەیەوە گیانی بەختکرد. بەداخەوە چەند هاوڕێی حەمید هێستاش لە نەخۆشخانە و لەژێر چاوەدێری دان و حاڵی دوو کەسیان مەترسیدار ڕاگەیەندراوە.
ئاگر گرتنی کێوی ئاویەر و ئەو کاولکارییە ژینگەییانەی کە زۆربەیان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دەدرێت بابەتێکی بەڕێکەوت نییە، بەڵکوو سیاسەتێکی سیستماتیکە کە چەندین دەیەیە کۆماری ئیسلامی بە شێوازی جۆراوجۆر بەڕێوەی دەبات. ئەم سیاسەتە لە ئاگرتێبەردانەوە تا بڕینی دارستان و تێکدانی ژینگەی ئاژەڵەکان، دەرهێنانی لەڕادەبەدەری کانگاکان، گواستنەوەی زبڵ و ئاوەڕۆی ژەهراوی بۆ کوردستان، بێ تەدبیری و بایەخ نەدان بە قەیرانی ئاو و کێشەی وشکەساڵی، نەبوونی ژێرخانی پایەدار، لەناوبردنی جۆرەکانی بوونەوەر و نەبوونی بەرنامە بۆ بەرهەمهێنانەوە و وزەی پاک، هەتا سەرکوتی بەردەوامی ژینگەپارێزان و نەبوونی پەروەردەی بەخۆڕایی لەبواری پاراستنی ژینگە و ڕێگری نەکردن لە کارەساتەکانی وەک ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکان، هەر هەموویان ئەو سیاسەتانەن کە کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی دیاریکراو بەرێوەیان دەبات.
بەڵام سەرەڕای هەموو سەکوتگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی، لاوانی تێکۆشەرمان بە هوشیاری و بوێرییەوە، دەستیان داوەتە ڕێکخستن بۆ پاراستنی ژینگە. ئەگەرچی هەستیاربوون و کاردانەوەی خێرای لاوانی وەک حەمید مورادی و هاوڕێکانی، کە ئەوانیش گیانیان لە مەترسیدایە، بەڕاستی جیگای ڕێز و ستایشە، بەڵام پێویستە ئەو چالاکوانانەی کە لە بواری پاراستنی ژینگە و بە تایبەتی ئاگرکوژاندنەوەدا چالاکن، لەئاست بابەتە ئەمنیەتییەکاندا زیاتر وریا بن. هەروەها کەسانێک کە ئەزموونی زیاتریان لەم بوارەدا هەیە، پێویستە لاوان پەروەردە بکەن و ئەزموونەکانیان بۆیان بگوازنەوە، بۆ ئەوەی بەم شێوەیە لە ماتەمینی گیان بەختکردنی لاوە خۆشەویستەکانماندا نەبین. کۆماری ئیسلامی بە هەموو تواناوە زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام بەڕێوە دەبات. ئێمەش دەبێ بتوانین بە ڕێکخستنی هەرچی زیاترەوە هێز و توانای ئەمنیەت و پاراستنی گیانی چالاکانی بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان پەرەپێبدەین.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان لە دڵەوە لە بنەماڵە و کەسوکاری حەمید مورادی سەرەخۆشی دەکا و نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت لەئاست دۆخی تەندروستیی دوو ژینگەپارێزەکەی دیکە و هەموو هاوڕێیانی حەمید کە لە نەخۆشخانە و لەژێر چاوەدێریدان. داوا لە خەڵکی هوشیار و تێکۆشەری شاری سنە دەکەین کە وێڕای ئامادەکاری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەی ئیحتمالی و پشتیوانی لە بنەماڵەی حەمید و هاوڕێیانی، بۆ ڕێکخستنی جەماوەری لەپێناوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تێکدانی ژینگە و بۆ پەروەردەی گشتی هەنگاو بنێن.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
٣ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی
٢٥ی جولای ٢٠٢٥ی زایینی
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە