فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

خەڵکی غەزە لە ژێر ئاگر بارانی دەوڵەتی ڕەگەز پەرستی ئیسڕائیلدا.
سێشەممە ۱۸-۰۵-۱۴۰۱   |  09-08-2022

موشەک باران و عەمەلیاتی جینایەتکارانەی دەولەتی ڕەگەز پەرستی ئیسڕائیل لە ژێر ناوی “بەری بەیانی” لە ئێوارەی رۆژی هەینی ١٤ ی گەلاوێژەوە ، لە دژی خەڵکی فەلەستین لە غەزە دەستی پێکردوە و هەر وا درێژەی هەیە. وەزاڕەتی بیهداشتی غەزە ڕایگەیاندوە کە ژومارەی کوژراوەکانی ئەو سێ ڕۆژەی ئیسڕائیل بە نەواری غەزە تا بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، ٣٢ کەس لەوانە ٦ مناڵە و ژومارەی بریندارەکانیش زیاتر لە ٢٠٠ کەسە. هاوکات و بە شوێن ئەو ئاگر بارانەدا ١٩ کەس لە ئەندامانی گروپی فەلەستینی جیهادی ئیسلامی لە کەرانەی ڕۆژئاوا لە لایەن ئیسرائیلەوە دەستگیر کراون. ئەمە لە حاڵێکدایە کە “سەرایای قودس” شاخەی چەکداری بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی، رۆژی شەممە  ڕایگەیاند شارەکانی تلاویو، ئەشدود عەسکەلون و سەدروتی موشەک باران کردوە. لە جەرەیانی هێرشی ڕاکتی جیهادی ئیسلامیدا ٢ سەرباز و ٣ کەسی سڤیل یان غەیەرە نیزامی بریندار بوون.

دەولەتی ئیسڕائیل ڕایگەیاند کە توانیویەتی زۆربەی راکیتەکانی هاوێژراو لە لایەن جیهادی ئیسلامیەوە رێ گیری بکا و پوچەڵی کردوونەتەوە.

بە دەست پێکردن و عەمەلیاتی جینایەتکارانەی ئەرتەشی ئیسڕائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین لە نەواری غەزە، تەواوی سنوورەکانی غەزەی بەستراوە . بەستنی سنوورەکان بۆتە هۆی پچڕان وقەتعی کارەبا لە غەزە. شیرکەتی دابین کردنی کارەبا ڕایگەیاندوە کە بە هۆی بەستنی سنوورەکان، سووتەمەنی بە نیروگاکانی دابین کردنی کارەبا ناگات. سازمانی کارو باری بیهداشتی و سڵامەتی غەزە دەڵێ، لەوانەیە لە ماوەی ٧٢ سەعاتی داهاتوودا زۆربەی کارە خەدەماتیەکانی پێویست و حەیاتی ڕاوەستێنێ.

یائر لاپید سەرۆک وەزیری ڕەگەز پەرستی ئیسڕائیل ئەم هێرشە دڕندانەیەی ناو ناوە” عەمەلیاتی دەقیقی دژی ترۆریستی بۆ ڕێگری لە هەڕەشەیەکی دەست بەجێ”. هەوڵنێری بی بی سێ و باقی هەوڵنێریە ئەمپریالیستیەکانیش پەیتا پەیتا قسە لە شەڕ و تێکهەڵچون لە نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین دا دەکەن. ئەم قسە بێ شەرمانەیەی لاپید هیچ شتێک نیە بێجگە لە وەسفی عەمەلیاتێکی جینایەتکارانەی ئەرتەشی ئیسڕائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین. سەرانی دەوڵەتی ئیسڕائیل بە پێشینەیەکەوە کە هەیانە، دەتوانن هەر جینایەتێک لە دژی خەڵکی فەلەستین بە ناوی عەمەلیاتی رێگری کەرانە ودژی ترۆریستی ناو لێ بنین. بەڵام ئەوەی کە لە بەر چاوی ئێمەدا ڕوو دەدات نە عەمەلیاتی ڕێگری، نە تیكهەڵچوونی نێوان ئیسڕائیل  و فەلەستینیەکان ، بەڵکە بێ ڕەحمی و دڕندەیی هێزێکی ڕەگەز پەرست و داگیرکەرە کە هێزی نیزامی و گونبەدە ئاسنینەکەی  بە چاوی خەڵکانێکدا دەدات کە لە سەرەتایی ترین مافی خۆیان بێ بەشن و ١٥ ساڵە لە حەساری دەوڵەتی داگیر کەری ئیسڕائیلدا بە سەر دەبەن.

ئەوەی کە ئێستا ڕوو دەدات میلیتاریزم و شەڕاشۆیی بێ ڕەحمانەی دەسەڵاتێکی داگیر کەرە کە بە پشتیوانی بێ شەرت و مەرجی ئەمپڕیالیزمی ئامریکا و بێ دەنگی و تەئیدی دەسەڵاتە سەرمایەداری و کۆنە پەرستەکانی دونیا، نەخشەی رەگەز پەرستانەی خۆی دەباتە پێشەوە. لە وەها هەل و مەرجێکدا پشتیوانی نیهادە پێشکەوتوخوازەکانی نێونەتەوەیی، هێزە سوسیالیست و چەپ و ئازادیخواز و ئینسان دۆستەکان لە خەباتی ڕەوای خەڵکی فەلەستین و مەحکوم کردنی جینایەتەکانی دەوڵەتی ڕەگەز پەرستی ئیسرائیل، لە شکڵ و شێوەی کەمپەینە ئیعترازیە بەرێنەکان،  خۆ پیشاندانەکانی سەر شەقام و هی ترە، کە لە هەر کات و ساتێکیتر گرینگی پەیدا دەکات. پشتیوانیەکی هەمە لایەنە دەتوانێ ئەو بێدەنگیە بشکێنێ کە دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ژێر ئەو چەتەرەدا درێژە بە کوشتاری خەڵکی فەلەستین دەدات. دەتوانێ جینایەت و سیاسەتی ڕەگەز پەرستانەی دەوڵەتی ئیسڕائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین، پشتیوانی دەوڵەتی ئامریکا لەو سیاسەتە و بێ دەنگی دەسەلاتە سەرمایەداریەکان قورستر بکات و ترازووی هێز بە قازانجی میللەتی ستەم دیتووی فەلەستین بگۆڕێ.

ئەگەر چی ئەسڵی ترین هۆی داسەپاندنی  ئەو هەموومەسیبەتە بە سەر خەڵکی فەلەستین دا، میلیتاریزم و داگیرکاری دەوڵەتی ئیسڕائیل و پشتیوانی دەوڵەتانی ڕۆژاوایە، بەڵام هێزە ئیسلامی و کۆنە پەرستەکانی وەک حەماس و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی کە پەیوەندیەکی نزیکیان لە گەل جمهوری ئیسلامی ئێران هەیە، بەبەشی خۆیان لە پەرەپێدان بە تەعەسوباتی کوێری مەزهەبی دەورێکی گرینگ دەگێڕن.

سیاسەتی رەگەزپەرستانەی ئیسرائیل و پشتیوانی دەولەتی ئامریکا، بۆتە خوراکی شەوڕۆژیان و بە هەر قیمەتێک تێ دەکۆشن گەنجانی فەلەستین کە لە ژێر زەختی ئیستبدادی دوولایەنە و هەژاری، بێکاری و بێ ئاسۆیدا وەگیان هاتوون بکەنە هێزی بەرە وپێش بردنی سیاسەتە کۆنە پەرستانەکانی خۆیان.

ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە خەڵکانی فەلەستین و ئیسڕائیل هێج بەرژەوەندێکیان لەم دوژمنی و توند و تیژیدا نیە. بۆ ڕزگاربوون لەم کوشتارو نائەمنیە هیچ ڕێگایەکیان نیە بێجگە لەوەی کە کرێکاران و هێزە چەپ و پێشکەوتوەکان و خەڵکی ستەم لێکراوی فەلەستین، یەکگرتوانە بۆ پێک هینانی دەسەڵاتی خۆیان دەست لە ناو دەستی یەکتر بنێن و خۆێان لە چنگ سیاسەتە ڕگەز پەرستانەکانی  دەوڵەتانی سەرمایەداری و ئەمپریالیستەکان و گروپە کۆنە پەرست و مەزهەبیەکان ڕزگار بکەن. میللەتی ستەم دیتوی فەلەستین تەنیا بە پشت بەستن بە ئیتحاد و خەباتێکی ماندوویی نەناسانەی کرێکاران و کۆمەڵانی زەحمەتکێش و بە هاوپشتی هێزە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان و جەرەیاناتی شۆڕشگێڕی ئیسڕائیلی و ڕاکێشانی پشتیوانی هێزە ئازادیخوازەکان لە سەتحی نێو نەتەوەیی دایە کە دەتوانن رێگای دەربازبوون لەم بارودۆخە نابەسامانە و بە دەست هێنانی مافی چارەنووسی خۆیان و پێک هێنانی دەوڵەتی سەر بە خۆ و گەیشتن بە ژیانێکی شایستەی ئینسان بدۆزنەوە.