لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا کەرتی غەزە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە لە ژێر دەسەڵاتی تاقمی ئیسلامی حەماسدا بووە، بۆ جارێکی دیکە بووەوە مەیدانی شەڕێکی دژە مرۆیی لە نێوان حکومەتی فاشیست و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بە ڕێبەریی نەتانیاهۆ و گرووپی کۆنەپەرست و تیرۆریستی “جیهادی ئیسلامی”. تا ئێستا ئەم شەڕە دەیان کوژراو و سەدان بریندار و وێڕانی بەرینی لێکەوووتەتەوە و مەترسی لەسەر ژیان و ئاسایشی خەڵکی کەرتی غەزە و هەندێک شارۆچکە و گوندی ئیسرائیل دروستکردووە. ئەم شەڕە بە ڕواڵەت لەدوای مەرگی “خزر عەدنان”، کاربەدەستی باڵای گرووپی جەهادی ئیسلامی لە زیندانی ئیسرائیل لە ڕۆژی شەممە ١٢ی مانگی گوڵان ڕووی دا و ئاگری ئەم شەڕە جەنایەتکارانەیە لە لایەن هەردووک لاوە گەشایەوە و هەتا ئێستا هەروا بەردەوامە.
”خزر عەدنان” بەهۆی مانگرتن لە خواردنی ٨٧ ڕۆژە لە زیندانەکانی ئیسرائیل گیانی لەدەست دا. لە کاردانەوە بە مەرگی ئەو گرووپی “جەهادی ئیسلامی” هەمان ڕۆژ ١٢٠ ڕاکێتی بەرەو ئیسرائیل هاویشت. ئەرتەشی ئیسرائیلیش بە تانک هێرشی کردە سەر غەزە. بەڵام یەک هەفتە دواتر لە ١٩ی مانگی گوڵاندا، ئەرتەشی ئیسرائیسل له زنجیرەیەک ئۆپراسیۆنی بەرنامە بۆ داڕێژراودا، فەرماندە نیزامییەکان و ڕێبەری “جەهادی ئیسلامی”ی کردە ئامانج. بەهۆی بوردومانی ئەم ڕۆژە ٢١ کەس لەم گرووپە و خەڵکی ئاسایی گیانیان لەدەست دا کە سێ کەسیان لە ڕێبەران و فەرماندەی باڵای سیاسی و نیزامیی جەهادی ئیسلامی بوون. لەم هێرشە وەحشیانەیەدا چەندین منداڵیش گیان لەدەستدا. لە بەرانبەردا، جەهادی ئیسلامیش ٢٠٠ ڕاکێتی دیکەی بەرەو ئیسرائیل هاویشت. ئەگەرچی زۆربەیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل ناسراو بە “گونبەدی ئاسنین” بەردرانەوە بەڵام ژمارەیەکیان کەوتنە زەوی و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەست دا و چەندین کەسی تر برینداربوون و چەند بینایەکیش زیانیان بەرکەوت. ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە ڕۆژی پێنجشەممەش هەروا درێژەی بوو و بەهۆی بۆمبارانی شاری “خان یونس” عەلی حەسەن غالی، جێگری فەرماندەی هێزی مووشەکیی “سرایا قودس” لقی نیزامیی جەهادی ئیسلامی و دوو ئەندامی تری ئەم گرووپە کوژران و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون. ئێوارەی هەمان ڕۆژ ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ١٦٦ خاڵی نیزامیی جەهادی ئیسلامی لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی کەرتی غەزە بۆمباران کراوە و لە بەرانبەریشدا هێرش بە ڕاکێت بۆ سەر شار و گوندەکانی ئیسرائیل بەردەوام بووە. هەتا ئێستا هەوڵی دەوڵەتانی میسر، ئاڵمان، فەڕانسە، قەتەر و ئۆردۆن بۆ ڕاگرتنی ئەم شەڕە بێ ئاکام ماوەتەوە و هەر دووک بەری ئەم شەڕە بەردەوامن لە هەڕەشەکانیان بۆ تۆڵەکردنەوە.
لەڕاستیدا هەر دووک لا پێویستیان بە هەڵگیرساندنی وەها شەڕێک بوو. لەلایەکەوە نەتانیاهو بۆ درێژەی دەسەڵاتی لاواز و ناسەقامگیری پێویستە ئیمتیاز بدات بە ئەحزابی فاشیستتر لە حیزبی لیکود لەناو هاوپەمانیی دەوڵەت، کە هیچ جۆرە مافێک بۆ فەلەستینییەکان بەڕەسمی ناناسێت. ئەوان نەتانیاهویان بۆ توندتر کردنەوەی ئەم شەڕە دەخەنە ژێر فشارەوە. وەزیری ئەمنیەتی گشتیی ئیسرائیل پەرەپێدانی هێرش بۆسەر سازمانە فەلەستینیەکانی کردبووە مەرجی بەشداری لە کۆبوونەوەکانی دەوڵەتی نەتانیاهو. هەروەها خودی نەتانیاهوش کە چەندین پەروەندەی گەندەڵی ماڵی و ئیداری هەیە، دەیهەوێ بۆ نەجاتی خۆی لە بەدواداچوونی قەزایی دەست بداتە هەرجۆرە سات و سەودا و جەنایەتێک. ئەو بەم ئامانجە چەند مانگ لەمەوبەر هەوڵی دا گەڵاڵەیەک پەسند بکات کە ئیختیاراتی دەزگای قەزایی سنووردار بکات و بە ئیختیاراتی دەوڵەت زیاد بکات. بەپێی ئەم گەڵاڵەیە ئەحکامی دادگای باڵای ئیسرائیل وەک باڵاترین ناوەندی قەزایی، کاریگەریی لەسەر دەوڵەت نەدەبوو و ئیختیاراتی دەوڵەت بۆ دیاریکردنی کۆمیتەی قازییەکانی ئەم دادگایە زیاتر دەبوو. ئەم گەڵاڵەیە بەرەوڕووی مانگرتن و خۆپیشاندانی ملیۆنیی جەماوەری خەڵک، یەکیەتی و سەندیکا کرێکارییەکان، کارمەندانی شارەداری، شیرکەتی فڕۆکەوانی دەوڵەت، قازییەکان، مەدرەسە و زانکۆکان و باقی توێژەکانی تری کۆمەڵگا بووەوە و نەیتانیاهویان ناچار بە پاشەکشە کرد. لە ڕوانگەی نەتانیاهووە بەرپاکردنی وەها شەڕێکی جەنایەتکارانە دژی فەلەستینیەکان دەتوانێ دژایەتیی بیروڕای گشتی نیسبەت بەخۆی کەم بکاتەوە. ئەو لەم پەیوەندەدا ڕایگەیاند: ”ئیسرائیل بە کردنە ئامانجی ژووری فکری جەهادی ئیسلامی زەربەیەکی قورسی لەم گرووپە داوە و ئەم شەڕە کۆتایی نەهاتووە و ئیسرائیل حازرە لە چەندین بەرەدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەشەڕ بێت”. لەم ڕووەوە نەتانیاهو درێژەی وەها شەڕێکی جەنایەتکارانە بە قازانجی خۆی دەزانێت و دەیهەوێ ئیدامەی بێت.
لەلایەکی دیکەوە بۆ جەهادی ئیسلامی کە ڕەوتێکی ئاڵقە لە گوێی کۆماری ئیسلامییە و بە یارمەتیی بێدەریغی ماڵی و تەسلیحاتیی ڕژیم درێژە بە چالاکیی خۆی دەدات، مەرگی “خزر عەدنان” دەتوانێ بیانوویەک بێت بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل. شەڕێک کە لەئێستادا کۆماری ئیسلامیش پێویستی پێیەتی. “زیاد نخالە” سکرتێری سازمانی جەهادی ئیسلامیی فەلەستین، ڕۆژی ١٤ی مانگی گوڵان لە دێمێشق لەگەڵ ئیراهیم ڕەئیسیی قاتڵ دیداری کردبوو. لەبارودۆخێکدا کە ئیسرائیل بەردەوام هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕژیم ناتوانێ لە بەرامبەریدا کاردانەوە نیشان بدات، هاندانی جەریاناتێکی بەکرێگیراو بۆ بەرپاکردنی شەڕ دژبە ئیسرائیل بابەتێکی ئاساییە. ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە هەڵگیرساندنی وەها شەڕێک نیشاندانی ئیمکاناتی خۆی بۆ دروستکردنی نائەمنی و خراپکاری لە ناوچەکەیە بەئامانجی ئیمتیاز وەرگرتن لە ئەمریکا و باقی دەسەڵاتەکانی تری سەرمایەداری لە جەرگەی قەیرانی ناوخۆییدا.
شەڕ و ململانێی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوە ئیسلامییەکان لە غەزە و کەرتی ڕۆژئاوا تا ئێستا بە قازانجی تاقمە ڕاسیست و فاشیستییە ڕاستڕەوەکانی ئیسرائیل بووە و لە لایەکی دیکەشەوە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و ڕەوتە کۆنەپەرستەکانیش کەڵکیان لێ وەرگرتووە. دەوڵەتی ئیسرائیل ئەم شەڕەی کردووەتە بیانوویەک بۆ سەرکوتی ئازادیخوازان و خەڵکی ئاشتیخواز لە ناوخۆی ئەم وڵاتە و سەرانی حەماس و جەهادی ئیسلامی و فەتح و باقی گرووپە فەلەستینیەکانیش بۆ درێژەی دەسەڵات و بەرژەوەندیان کەڵکیان لێ وەرگرتووە. ئەمریکا و باقیی دەسەڵاتەکاتە ئیمپریالیستەکانیش هەوڵیان داوە بە پڕۆژەی وەک “موعامەلەی قەڕن و ئاشتیی ئیبراهیمی” وێڕای دیفاع لە حکوومەتی ئیسرائیل بەرژەوەند و ئامانجی خۆیان بە حیسابی خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین وەدی بێنن.
لە وەها بارودۆخێکدا بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی فەلەستین ڕێگایەک بێجگەلە یەکگرتن و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و هێزە ئازادیخواز و ڕەوتە شۆڕشگێڕەکان لە ئیسرائیل و ڕاکێشانی پشتیوانیی هێزە پێشکەوتنخوازەکان لەئاستی جیهانی بەئامانجی بەهێز کردنی خەبات دژبە ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و دوورخستنەوەی جەریاناتی کۆنەپەرستی مەزهەبی بوونی نییە. پێویستە بە حمایەت و تەقویەتیی هێزی هاوپشتیی جیهانی لەگەڵ خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەباتی مافخوازانە و ئازادیبەخشی ئەم نەتەوە ستەمدیدەیە بگۆڕدرێت. نابێ ڕێگە بدرێت ئاوات و هیواکانی نەتەوەیەک بۆ ڕزگاری لە چنگ دەسەڵاتێکی ڕەگەزپەرست و داگیرکەردا لەناوبچێت.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە