لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا لە شاری قۆدس، ڕێگریکردن لە چوونەژوورەوەی لاوانی فەلەستینی بۆ مەسجدولئەقسا و هێرشی پۆلیسی ئیسرائیل بۆسەر لاوانێک کە چووبوونە ناو مزگەوتەوە، تێکەڵچوونی خوێناوی لێکەوتەوە. قەیرانی سیاسیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین کە پێشینەیەکی ٧٠ ساڵەی هەیە لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا لەگەڵ هاتنەسەر کاری دووبارەی دەوڵەتی دەستی ڕاست و ڕەگەزپەرستی نەتانیاهۆ، چ لە ناوەوەی ئیسرائیل و چ لەئاستی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە ڕابردوو پەرەی سەندووە. نیگەرانی لە پەرەسەندنی کوشتار لە نێوان هێزە سەرکوتگەرە نیزامی و ئەمنییەکانی ئیسرائیل و گرووپە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان لەوانە حەماس، جەهادی ئیسلامی، حیزبوڵڵا و باقیی هێزەکانی سەربە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر بووە. ڕۆژی سێشەممە ١٥ی مانگی خاکەلێوە هێزەکانی ئۆردۆن کە پارێزگاریی ئەم مزگەوتەیان وەئەستۆیە، ڕایانگەیاند کە هێزەکانی ئیسرائیل بەرلە کۆتایی نوێژ هاتوونەتە مەسجدولئەقسا و هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک. ڕێکخراوی مانگی سووریش ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی مانگی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بە شۆکەر و گولـلەی پەلاستیکی و نارنجۆکی دووکەڵ و باتۆم هێرشیان کردە سەر فەلەستینییەکانی ناو مزگەوت و ٣٧ کەسیان بریندارکرد و ٣٥٠ کەسیشیان دەستبەسەرکرد. لاوانی فەلەستینیش بە هاویشتنی بەرد و تەرەقە بەرەو هێزەکانی پۆلیس بۆ دیفاع لە خۆیان بەرەنگاریان بوونەوە. ئەم هێرش و تێکهەڵچوونانە ڕۆژی پێنجشەممە و هەینیش درێژەیان بووە. دەخاڵەتی نیزامیی ڕەوتە ئیسلامییەکان و ئەرتەشی ئیسرائیل لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نیگەرانیی خەڵک لە پەرەسەندنی شەڕێکی تری لە ناوچەکە پەرەپێداوە.
هێزەکانی چاوەدێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری لۆبنان “یونیفل” بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە “زیاتر لە ٣٤ مووشەک لە باشووری لۆبنانەوە کە شوێنی هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕژیمی ئیسلامین، بەرەو شارەکانی باکووری ئیسرائیل هاویشتراوە”. ئەمە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە وەک گەورەترین هێرشی مووشەکی بۆسەر ئیسرائیل لە باشووری لۆبنانەوە دێتە هەژمار. لەلایەکی دیکەوە میدیا خۆجێییەکان هاویشتنی مووشەک لە غەزەوە بەرەو ئیسرائیلیان پشتڕاست کردەوە. هەڵبەت ئیسرائیلیش لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ڕابردوو باشووری لۆبنان و کەرتی غەزەی بە چڕی بوردمان کرد و زەرەر و زیانێکی زۆر لە خەڵکی ئەم ناوچەیە دراوە و ئەم شەڕە هەروا بەردەوامە.
تێکەهەڵچوونەکانی ئەم دوایانەی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕەوتە ئیسلامییەکان لە ناوچەکە تووڕەیی و نیگەرانیی خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستینی لەئاست مەترسیی هەڵگیرسانی دووبارەی شەڕ و کوشتار و ئاوارەیی لە ناوچەی هەستیاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکجار پەرەپێداوە. لەلایەکی دیکەوە تاقمی کۆنەپەرستی ئیسلامی حەماس، فەلەستینیەکانی دانیشتووی کەرتی ڕۆژئاوای هانداوە و داوای لێکردوون بچنە مزگەوتی ئەقسا و بەرگری لێبکەن. حکومەتی ڕاستڕەو و گەندەڵ و داگیرکەری نەتانیاهۆ هەوڵدەدات ئەو قەیرانە هەمەلایەنانەی کە لە ناوخۆدا مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، بە حەواڵەکردنی کێشە ناوخۆییەکان و دەستکردن بە ماجەراجویی شەڕانگێزانە، پەردەپۆش بکات. تەنها دە ڕۆژ دوای هاتنەوەسەرکاری دەوڵەتی نەتانیاهۆ کە پێکهاتووە لە ڕەوتە ڕاستڕەو و ڕەگەزپەرستەکان، لە سەرەتای مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو “بن گوێر” ڕێبەری پارتی فاشیستی “دەسەڵاتی یەهود” و وەزیری “ئەمنیەت”ی ئیسرائیل بە ئامانجی دروستکردنی گرژی و هاندانی شەڕ چوونە مەسجدولئەقسا. ئامانجی ئەم سەفەرە هێندە ئاشکرا بوو کە کەوتە بەر ڕەخنە و مەحکوومیەت لەلایەن هەموو ئەندامانی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. وە دوای ئەم سەفەرە تێکهەڵچوونی خوێناویی نوێ لەنێوان شارۆچکە نشینەکانی ئیسرائیلی و فەلەستینی ڕوویدا. نموونەیەکی تری تەشەنوج دروستکردنی دەوڵەتی نەتانیاهۆ وتەکانی وەزیری دارایی کابینەکەیەتی کە وتبووی :”شتێک بەناوی نەتەوەی فەلەستین بوونی نییە”. بەڵام ئامانجی دروستکردنی شەڕ و تێکهەڵچوون لەلایەن دەسەڵاتی ئیسرائیلەوە چییە؟
نەتانیاهۆ کە لەڕێگەی بەند و بەست لەگەڵ ڕاستترین و فاشیسترین ڕەوتە سیاسی و مەزهەبییەکانی ئیسرائیل دووبارە دەسەڵاتی گرتەوە دەست، دۆسیەی گەندەڵییەکانی یەکجار زۆرن. ئەو دوای بەدەستەوەگرتنی دووبارەی دەسەڵات هەوڵی داوە بە کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتە و بە پێکهێنانی کەشوهەوای شەڕ و گرژی لەگەڵ فەلەستینییەکان، لەڕێگەی پەسندکردنی گەڵاڵەی بەناو “ڕێفۆرمی قەزایی” خۆی لە بەدواداچوونی دەزگای قەزایی دەرباز بکات. پێویستە ئاماژەی پێبکرێت کە ژمارەیەک لە سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل بە هۆی گەندەڵیی دارایی، موحاکمە و ڕەوانەی زیندان کراون. ئامانجی گەڵاڵەیەک کە نەتانیاهۆ ناوی ناوە “ڕێفۆرمی قەزایی”، هێنانەخواری ئاستی ئیختیارات و دەەسەڵاتی سیستمی قەزایی و بردنەسەری ەدسەڵاتی دەوڵەت و پەرلەمانە. هەوڵی نەتانیاهۆ و باقیی ڕەوتە ڕاستە توندڕەوەکانی هاوپەیمانی ئەوەیە کە دەوڵەت بتوانێ هەم دیاریکردنی قازی و هەم “دیوانی باڵای قەزایی” دەور لێداتەوە و ئەو یاسایانەی کە ناتوانن لە دەزگای قەزاییدا پەسندی بکەن، لە مەجلیس و هەیئەتی دەوەڵەتدا پەسەند بکرێن. ئەم بابەتە لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا لە هەموو شارەکانی ئیسرائیل زمینەی ناڕەزایەتیی بێوێنەی سەدان هەزای کەسی لێکەوتووەتەوە. بەهۆی پێداگریی نەتانیاهۆ لەسەر پەسەندکردنی ئەم گەڵاڵەیە وەزیری بەرگریی کابینەکەی کە موخالفی گەڵاڵەکە بوو دەستی لەکار کێشایەوە. ناڕەزایەتیی جەماوەری خەڵک لە ئیسرائیل دژبەم گەڵاڵەیە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هێندە بەرین بووە کە زۆرێک لە ڕێبەرانی ڕەوتە سیاسیەکانی ناوەوە و دەرەوەی ئیسرائیل بە “گەورەترین قەیرانی ناوخۆیی باسی لێدەکەن و لەو باوەڕەدان کە کردەوەی نەتانیاهۆ ئەمنیەتی ئیسرائیلی خستووەتە مەترسییەوە. ئیسحاق هێرتزۆک سەرۆک کۆماری ئیسرائیلیش وێڕای تەئکید لەسەر ئەوەیکە یەکگرتوویی خەڵکی ئیسرائیل کەوتووەتە مەترسییەوە، داوای لە نەتانیاهۆ کرد کە ئەم بەرنامە جەنجاڵییە بۆ گۆڕینی سیستمی قەزایی ڕابگرێت.
گوشاری ناڕەزایەتیی گشتی لە شارەکانی ئیسرائیل دوای ١٢ حەفتە نەتانیاهۆی ناچار کرد کە ڕەوتی بەدواداچوونی ئەم گەڵاڵەیە ڕابگرێت. هەڵبەت هەر ئەم ئاستە لە پاشەکشەش، ناڕەزایەتیی هاوپەیمانانی دەوڵەتی ڕاست و کۆنەپەرستی نەتانیاهۆی لێکەوتەوتووەتەوە و ئەگەری لێکهەڵوەشانی ئەم دەوڵەتەی بردووەتە سەرێ. هەتا ئێرە خەڵکی ئیسرائیل بە دەخاڵەتی خۆیان توانیویانە شکست بە نەتانیاهۆ بێنن، بەڵام ئەم ئاستە لە پێشڕەوی بە هیچ مانایەک شکستی گەڵاڵە و سیاسەتی دژە خەڵکیی ئەم ڕەوتە کۆنەپەرست و فاشیستانەی ئیسرائیل زەمانەت ناکات. ئەوەیکە ڕوونە خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل هیچ بەرژەوەندێکیان لە دوژمنایەتی، توندوتژی و بوردومانی شارەکاندا نییە. بۆ ڕزگاری لەم کوشتار و نائەمنییە هیچ ڕێگایەک بوونی نییە بێجگەلە ئەوەیکە کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین و ئیسرائیل و هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان یەکگرتووانە بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتی خۆیان دەست بخەنە ناو دەستی یەک و خۆیان لە چوارچێوەکانی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی دەوڵەتانی سەرمایەداری و ئیمپریالیستەکان و گرووپە کۆنەپەرستە مەزهەبییەکان نەجات بدەن. نەتەوەی ستەملێکراوی فەلەستین لەڕێگەی یەکگرتن و خەباتی ماندوویی نەناسانەی کرێکاران و جەماوەری زەحمەکێش و بە هاوپشتی لەگەڵ هێزە کۆمەڵایەتییە پێشڕەوەکان و گرووپ و ڕەوتە شۆڕشگێڕەکانی ئیسرائیل و بە ڕاکێشانی پشتیوانی هێزە ئازادیخوازەکان لەئاستی نێونەتەوەییدایە کە دەتوانێ ڕێگایەک بۆ چوونەدەرەوە لەم بارودۆخە نالەبارە و ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە مافی دیاریکردنی چارەنووس و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و گەیشتن بە ژیانێکی شیاوی ئینسانی بدۆزنەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co