هیچ قوژبنێک لەسەر گۆی زەوی نەماوە کە نەبێتە مەیدانی کێبڕکێی دەوڵەتانی ئەمپریالیستی رۆژئاواو رۆژهەڵات یان دەسەڵاتە ناوچەییەکان و سەرئەنجام مەیدانی کێشمەکێشی خێڵەکی و ئایین. ئەگەر لەئوکراین دەوڵەتانی رۆژئاواو رووسیە بەرانبەر بەیەک ریزیان بەستووە، لەناوچەی پاسیفیک چین و دەوڵەتانی رۆژئاوایی خۆیان بۆ شەڕ و کێشمەکێش لەداهاتوو ئامادە دەکەن. لەئەمریکای باشوور ئۆپۆزیسیۆنەکانی سەر بەئەمریکا ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لەووڵاتانی وەکوو وێنێزۆئێلا، بۆلیوی، نیکاراگوە، ئێکوادۆر و پاراگووە دەکەن. تۆزێک لەملاتر لەووڵاتانی سوودان، سوومالی، لیبی و ئپتیۆپی شەڕ و کێشمەکێشی ناوخۆیی لەئارادایە. لەعێراق و لوبنان کێشمەکێش و کێبڕکێی خێڵەکی و ئایینی و دەستێوەردانی ووڵاتانی کۆنەپەرەستی ناوچەکەو هێزە ئەمپیریالیستییەکانی جیهان ئاسایشیان لەخەڵک زەوت کردووە. ئەفغانستان لەچنگی یەکێک لەهارترین رەوتە ئیسلامی و تیرۆریستییەکانی جیهان گیری خواردووە.
یەمەن کە لەباکووری نیمچە دوورگەی عەرەبەستان هەڵکەوتووە، بۆ ماوەی حەوت ساڵە کە بووەتە گۆڕەپانی شەڕی پڕۆکسی، یەکیان بەهاوپەیمانەتی عەرەبستان و ئەولایان کۆماری ئیسلامی. لەسەرەتای هەفتەی رابردووەوە زۆربەی هەواڵنێرییەکان باسی لەتووندتربوونەوەی شەڕ لەیەمەن دەکەن. لەئاکامی مووشەک هاویشتنی حوسییەکان بەرەو ئەبووزەبی پێتەختی ویلایەتە یەکگرتووووەکانی عەرەبی، یەکێک لەهاوپەیمانانی عەرەبەستان، سێ کەشتی نەوت هەڵگر ئاگری تێبەر بوو و لەئاکامدا سێ کەس گیانیان بەختکرد. ووتەبێژی حووسییەکان ئەم هێرشانەی بە کاردانەوەیەک بەرانبەر بەهێرشی بەردەوامی هاوپەیمانی ئەمریکا، عەرەبستان و ئیمارات ناولێبرد. ناوبراو رایشیگەیاند کە ئەم هێرشانە درێژەی دەبێت و داوای لەکۆمپانیاکان، کرێکارانی کۆچبەر و تەنانەت خەڵکی خۆجێیی لەئیمارات کرد ناوچە پیشەسازییەکان چۆڵ بکەن. وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەم هێرشەی بە “هێرشێکی تیرۆریستی” ناولێبرد. وەزیری اروباری دەرەوەی فەڕەنساش هێرشەکەی بەمەترسییەک بۆ “سەقامگیری ناوچەکە” ناوزەدکرد. راوێژکاری ئەمنی ئەمریکاش لەسەر درێژەی هاوکاری لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئیمارات جەختی کردووەو رایگەیاند کە تۆڵە لەحووسییەکان دەسێننەوە.
فڕۆکە شەڕکەرەکانی “هاوپەیمانی بەرێبەرایەتی عەرەبەستانی” بەبۆردمانکردنی سەنعا، پێتەختی یەمەن وەڵامی ئەم هێرشانەی دایەوە. شایانی باسە کە لەئاکامی ئەم هێرشانەدا ژوومارەیەک خەڵکی مەدەنی گیانیان لەدەستاوە. بێجگەلەوە ئیمارات خوازیاری بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم هێرشانە. بەپێی راپۆڕتی دووکتوورانی بێ سنوور، رۆژی هەینی، یەکەمی مانگی رێبەندان، لەئاکامی هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی عەرەبستان بۆ سەر گرتووخانەیەک لەشاری سەعدەدا لانیکەم دووسەد کەسی مەدەنی کوژراو بریندار بوون. لەهێرشێکی ئاسمانی تردا لانیکەم سێ منداڵ گیانیان لەدەستداوە. بەرپرسی دووکتوورانی بێ سنوور لەیەمەن رایگەیاند: لەزمانی هاوکارەکانمەوە لەسەعدە بیستوومە کە هێشتا تەرمێکی زۆر لەژێر خاک و خۆڵدا ماوەتەوەو ژوومارەیەکی زۆر بێ سەروشوێنە. هەر بۆیە ناتوانین ئاماری راستەقینەی ژوومارەی کووژراوەکان رابگەیەنین. شایانی باسە کە لەم گرتووخانەدا زۆرتر کرێکارانی کۆچبەری ئەفریقی زیندانی بوون کە ویستوویانە لەرێگەی یەمەنەوە خۆیان بەشوێنی تر بگەیەنن. شووڕای ئەمنیەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی هێرشی “حووسییەکان: بۆ سەر ئیماراتی وەکوو “هێرشێکی تیرۆریستی قیزەون” مەحکووم کردبوو و لەراگەیاندنێکی دیکەشدا هێرشی عەرەبستانی سەعوودی ئیدانە کرد.
ئەوە یەکەم جار نییە کە ئاگری شەڕی پڕۆکسی لەیەمەن دەرەوەی سنوورەکانی ئەو ووڵاتەشی گرتووەتەوە. لەساڵی ٢٠١٩ دوو پاڵاوگەی عەرەبستانی سەعوودی کەوتنە بەر هێرشی پێهبادەکانی “حووسییەکان” و ئاگرتێبەردران. لەو جەریانەدا کۆماری ئیسلامی تۆمەتبارکرا. راستییەکەی ئەوەیە کە لەسەرەتای ساڵی نوێی زایینەوە کێشمەکێشەکان لەو ناوچەیە تووندتر بوونەوە. رۆژی دووهەمی ژانوویە، حووسییەکان دوو کەشتی بارهەڵگری ئیماراتی راگرتبوو. حووسییەکان پێیان وابوو کە ئەم دوو کەشتییە کەلوپەلی سەربازی بۆ رکەبەرەکەیان، واتە “مەنسوور” هادی دەگوازرنەوە. ئێمارات رایگەیاندبوو کە ئەو کەشتییانە کەلوپەلی دەرمانییان بۆ نەخۆشخانەیەکی عەرەبستان پێ بووە. با لەوە بوگزەرین کە کێیان راس دەکەن. راستییەکەی ئەوەیە کە حووسییەکان بەیارمەتی کۆماری ئیسلامی نە تەنیا زەرفیەتی ئەوەیان تێدایە لەناوخۆی عەرەبستان و ئیماراتدا عەمەلیاتی سەربازی بەڕێوەبەرن، بەڵکوو دەتوانن لەوەش واوەتر بچن و هێرشێکی مەترسیدار بۆ یەکێک لەگرنگترین رێگاکانی گواستنەوەی کەلوپەل لەجیهان ساز بکەن. سەرەڕای ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی لەم بارودۆخە کەڵکی وەرگرتووەو یارمەتی سەربازی و لۆجێستیکی بە حووسییەکان دەگەیەنێ و یەک لەو لایەنانەیە کە دەستی بەم شەڕە خوێناوە سوورە، راستیەکەی ئەوەیە کە ئەم رێگای ئاوییە گرینگی لەوە زیاترە کە دەسەڵاتە ناوچەییەکان چاوییان لێبڕیوە. ئەمپریالیزمی ئەمریکا دەمێکە شوێنی ستراتێژییەک دەگرێ کە گرینگترین رێگا ئاوییەکان لەوانە باریکەی هۆرمۆز، دەریای عەرەب، خەلیجی عەدەن و دەریای سوور و کەناڵی سووێز لەلایەن هاوپەیمانەکانیەوە کۆنترۆڵ بکرێت. ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسراییل لەگەل ئیمارات، بەحرەین، مەراکیش و سوودان بەشێک لەم ستراتێژییەی ئەمریکا بوو. هەڵبەت نابێت لەبیرمان بچێتەوە کە بەشێک لەم ستراتێژییە بۆ کێبڕکێی ئەمریکاو چین دەگەڕێتەوە. چوونکە کۆنترۆڵکردنی رێگا ئاوییەکان گرینگییەکی تایبەتی بۆ هاوردەکردنی سووتەمەنی بۆ چین هەیە. هەروەها لەبواری سەربازیشەوە بۆ چین زۆر گرینگە. ئەوەی وەک رۆژ روونە ئەوەیە کە ئەم هێزانە سەرەڕای ئەوەی پێکەوە هاوپەیمانن، شوێنی بەرژەوەندی خۆیان دەگرن. لەکاتێکدا کە عەرەبستان دەیەوێ لەرێگەی دەوڵەتی رووخاوی “مەنسوور هادی”یەوە دەست بەسەر تەواوی یەمەندا بگرێ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئیمارات بەرژەوەندی خۆی لەدابڕانی ئەو ووڵاتەو دەسەڵات بەسەر ناوچەی باشووری یەمەن دەبینێتەوە. کۆماری ئیسلامیش دەیەوێ لەمرێگەیەوە دەست بەسەر ئەم رێگا ئاوییە ستراتێژیکەدا بگرێ.
لەراستیدا عەرەبستان لەماوەی حەوت ساڵ شەڕی ناوخۆیی لەیەمەندا پارەیەکی زۆری سەرف کردووە. دەوترێت کە عەرەبستان شەش ملیار دۆلاری خەرجی شەڕ لەیەمەن کردووە. هیچ نیشانەیەک لە بڕاوەی ئەم شەڕە بەدی ناکرێ. بەڵام هەتا ئێستاش سەدان هەزار کەس لەخەڵک بوونەتە قووربانی ئەم کێبڕکێیانەو بەملیۆن کەسیش لەگەڵ قات و قڕی و برسیەتی بەرەوڕووە. ئەگەر لەچەند مانگی رابردوودا یەمەن لەپلەی یەکەمی قەیرانی مرۆییەوە چووەتە پلەی سێهەم لەدوای ئپتیۆپی و ئەفغانستان، ئەوە بەمانای ئەوە نییە کە بارودۆخەکە لەوێ باشتر بووە. بەڵکوو بەهۆی ئەوەیە کە هەلومەرجی خەڵک لەئەفغانستان و ئپتیۆپی بەخێرایی خراپتر بووە. بەپێی راپۆڕتی رێکخراوە یارمەتیدەرەکان، لانیکەم دوو لەسەر سێی خەڵکی ئەو ووڵاتە یارمەتی بەیارمەتی مرۆیی هەیە. ئەوە لەکاتێکدا کە چەند رۆژ بەر لەساڵی نوێی زایینی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە کەبوونی پارە ناچارە بەشی یارمەتییە خۆراکییەکان بۆ بیست ملیۆن کەس لەیەمەن کەم بکاتەوە. ئەوەش باس لەوە دەکات کە کارەساتێکی گەورە لەرێدایە. ئەم کارەساتە تەنیا یەک رێگاچارەی هەیە: ئەویش کۆتاییهێنان بۆ شەڕ و کێبڕکێی دەوڵەتانی کۆنەپەرەستی سەرمایەداری و کێشمەکێشی ئایینی و خێڵەکییە.