فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دابینکردنی خانوو، خەونە بەدینەهاتووەکەی لاوان، کاڵا پڕقازانجەکەی سەرمایەداران
دوشەممە ۰۲-۰۶-۱۴۰۵   |  24-08-2026

شیکردنەوەی داتاکانی هەڵاوسانی کەرەستەکانی بیناسازیی ناوەندی ئامار کە لەم دواییەدا بڵاو کراوەتەوە، نیشانی دەدات کە تێچووی دروستکردنی خانووبەرە لە تاران لە بەهاری ئەمساڵدا گەورەترین بازدانی خۆی لە سەرەتای دەیەی ٩٠ی هەتاوییەوە تۆمار کردووە. تێچووی کەرەستەکانی دروستکردنی خانووبەرە لە پێوەرەکانی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵدا بە بەراورد لەگەڵ هەمان کاتی ساڵی ڕابردوو، گەشەیەکی دوو هێندە، واتە بە ڕێژەی سەدا ١٠٧ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. ئامارەکانی پلاتفۆرمی «دیوار»یش، تێکڕای نرخی خستنەڕووی خانووبەرەی لە تاران بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە نزیکەی دوو هێندە خەمڵاندووە کە بۆ هەر مەترێک چوارگۆشە سنووری ٢٠٠ ملیۆن تمەنی تێپەڕاندووە. بەپێی ئەم ئامارانە، تێچووی نۆژەنکردنەوەی خانوو لە پایتەخت، گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی ١٥ ساڵی ڕابردوو. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە بەهاری ئەمساڵەوە هەزاران بنەماڵە تەنیا بەهۆی وێرانکارییەکانی شەڕی ماڵوێرانکەری دوو جەمسەری ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستەوە، ناچار بوون سەرپەناکانیان نۆژەن بکەنەوە. ئەگەرچی دەوڵەت بەڵێنی داوە کە بەشێک لەم تێچووانە لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ڕیکۆردشکاندنی تێچووەکانی نۆژەنکردنەوە، باری قورسی هەڵاوسانی کەمەرشکێنی زاڵ بەسەر ئابووریی کۆماری ئیسلامی و وێرانکارییەکانی شەڕدا، پشتی جەماوەری ئێران دەچەمێنێتەوە.

دوو هێندەبوونی تێچووەکانی بیناسازی پێش هەموو شتێک دەرئەنجامی گرانبوونی سێ کاڵای بنەڕەتییە: گرووپی تەئسیساتی میکانیکی و جۆرەکانی عایقی حەرارەتی بە تۆمارکردنی پشکی سەدا ٢٨.١، گرووپی ئاسن، میلگەرد، پڕۆفیل و دەرگا و پەنجەرە بە پشکی سەدا ٢٤.٣ و گرووپی پێداویستییە کارەباییەکان بە تۆمارکردنی پشکی سەدا ١٩.٧، گەورەترین ڕۆڵیان هەیە لە بەرزبوونەوەی تێچووی کۆتایی بیناسازی لە پایتەختدا. کۆکردنەوەی ئەم ژمارانەی سەرەوە بەو مانایەیە کە لە بیناسازیدا تەنیا سێ بەشی بنەڕەتی (واتە تەئسیسات و پەیکەری ئاسن)، بە تەنیا بەرپرسیارن لە زیاتر لە سەدا ٧٢ـی کۆی هەڵکشانی لەناکاوی تێچووەکانی دروستکردنی خانوو لە تاران.

ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخەکان تەنیا بۆ پێنج مانگی ڕابردوو و ئاسەوارەکانی شەڕی کۆنەپەرستانە ناگەڕێتەوە. پێوەری هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ کە پێوەری بەراوردکردنی نرخی کاڵایەک لە کاتێکی دیاریکراودا لەگەڵ هەمان کاتی ساڵی ڕابردوودا نیشان دەدات، پێمان دەڵێت کە نرخی گرووپی «تەختە و دار» بە تۆمارکردنی ژمارەی سەدا ٢٠٨.٩ لە یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە سێ هێندە بەرز بووەتەوە. لە دوای دار، گرووپی «تەئسیساتی میکانیکی و جۆرەکانی عایقی حەرارەتی» بە هەڵاوسانی سەدا ١٨٩.٦ و «ڕەنگ کردنی بینا» بە گەشەی سەدا ١٨٠.٥ لە ڕیزەکانی دواتردا وەستاون. «کەرەستە کارەبایییەکان» و «شیر و تاقمی دەستشۆر و حەمام»یش بە ڕیزبەندی بە هەڵاوسانی %١٦٥.٧ و %١١٤.٦، پێوانە مێژووییەکانی خۆیان شکاندووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە هەڵکشانی نرخی کاڵا بنەڕەتییەکانی دروستکردنی خانووبەرە، بێ گوێدانە شەڕ و «ئاشتی»ـی دەوڵەتەکان، ڕەوتە خێرا و بەردەوامەکەی خۆی دەبڕێت.

ئەم بارودۆخە تەنیا لە پایتەختدا کورت نابێتەوە و شار و گوندە گەورە و بچووکەکانی دیکەی ئێرانیش، بەرەوڕووی دۆخێکی هاوشێوەن. ملیۆنان بنەماڵەی دیکە لە ئێستادا لە گەڕەکە پەراوێزخراوەکان و خانووە کۆن و داڕماوەکاندا مەینەتی دەکێشن، بەڵام هیچ جۆرە ڕێگاچارەیەکی تاکەکەسییان بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە لەبەردەستدا نییە. قووڵایی کارەساتەکە هەر لێرەدا کۆتایی نایەت؛ ملیۆنان گەنج سەرباری هەڵکشانی تەمەنیان و نزیکبوونەوەیان لە دەیەی چوارەمی ژیانیان، لە پێکهێنانی خێزان و تەنانەت هەبوونی پەناگەیەکی سەربەخۆ لە دایک و باوکیان بێبەش کراون. ئەم مەسەلەیە زیاتر لەوەی دەرئەنجامی پرسە فەرهەنگییەکان بێت، ڕەگ و ڕیشەی لە تێچووە کەمەرشکێنەکانی خانوو و نیشتەجێبووندایە. داهاتەکان، تازە ئەگەر کارێکیش هەبێت، زۆرجار تەنانەت بۆ کرێی خانووێکی بچووکیش بەش ناکات و هیچ پاشەکەوتێک بۆ دانی پارەی ڕەهنە قورسەکان بوونی نییە. ماوەیەک لەمەوپێش ڕۆژنامەی “دنیای اقتصاد” لە بابەتێکدا لەژێر سەردێڕی «نەوەی زێد، نەوەی بێ‌خانوو» نووسی: «زۆرینەی ئەم نەوەیە لە بارودۆخی ئێستادا توانای پاشەکەوتکردنیان نییە و کەمینەیەکیشیان توانای پاشەکەوتکردنی مانگانەی یەک ملیۆن تمەنیان هەیە. بەم دۆخەوە، ئەم ڕێگایە تا گەیشتن بە یەکەمین خانوو بۆ نەوەی زێد، زیاتر لە سەدەیەک و نیو دەخایەنێت.» ئەمەش واتە هیچ دەرفەت و بوارێک بۆ سەربەخۆبوونی گەنجانی ئێران بوونی نییە. بەپێی ئامارەکان، گەنجی ئێرانی بە تێکڕا لە تەمەنی ٣١ ساڵیدا ماڵی دایک و باوکی جێدەهێڵێت، کە بەراورد بە تێکڕای ٥٠ وڵاتی جیهان ٤ ساڵ جیاوازی هەیە. کەلێنێک کە دوو دنیای جیاواز لە گەنجێتی پێکدەهێنێت و نەهامەتی و زیانێکی زۆری خێزانی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، کەمینەیەک لە گەنجان کە سەر بە چینی سەرمایەداری کۆمەڵگان و لەگەڵ سەران و دامودەزگا حکوومی و سەربازییەکاندا تێکەڵاوییان هەیە، خاوەنی دەیان و سەدان یەکەی نیشتەجێبوون و شوقەن هەر لەم شاری تارانە و شارەکانی دیکەی ئێراندا. ئەوان خانووبەرە وەک کاڵایەکی پڕقازانج بۆ سەرمایەگوزاری لە خاکی ئێران و تەنانەت وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس و ئەمریکا و کەنەدا دەقۆزنەوە. لە لۆژیکی سەرمایەداریدا خانووبەرە کاڵایەکە، و پاڵنەری قازانج‌ویستی و کەڵەکەبوونی سەرمایە، ملیۆنان گەنجی دەستەنگ لە سەرەتاییترین پێداویستیی ژیانی کۆمەڵایەتی، واتە پەناگەیەکی ئارام و ستاندارد، بێبەش دەکات.

بەڵام ئەگەر کڕین یان دروستکردنی خانوو بووەتە خەونێکی وەدی‌نەهاتوو، ئەوا تێچووی کرێی خانووش سەری لە ئاسمان داوە. بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی کار و لە لێکۆڵینەوەی ئامارەکانی بودجەی خێزان لە ساڵی ١٣٩٧ـدا، خانووبەرە لە سەدا ٣١.٣ـی تێچووی خێزانەکانی بەخۆی تەرخان دەکرد، بەڵام لە ساڵی ١٤٠٣ـدا، ئەم ڕێژەیە گەورەتر بووە و گەیشتووەتە لە سەدا ٤٠.٣. داتاکانی ئەم ڕاپۆرتە تا ساڵی ١٤٠٣ دەگرێتەوە و جێگەی ساڵی ١٤٠٤ بەتاڵە. ئێستا کە لە ساڵی ١٤٠٥ـداین، بێگومان ئامارە ڕاستەقینەکان زۆر لەوە کارەساتبارترن کە دەزگا حکوومییەکان ئامادە بن دانی پێدا بنێن و ڕاستییەکان بدرکێنن. کار گەیشتووەتە جێگەیەک کە سەرەڕای خەرجکردنی لە سەدا ٤٠ـی داهات بۆ دابینکردنی خانووبەرە، حەشیمەتێکی زۆر کە دەکاتە یەک لەسەر سێی خەڵکی ئێران بۆ حاشیەی شارەکان دوورخراونەتەوە و لە ڕووی ئابوورییەوە توانای نیشتەجێبوونیان لە گەڕەکە ستانداردەکانی شاردا نییە.

ساڵانێکە قەیرانی خانووبەرە و تێچووە قورسەکانی بووەتە یەکێک لە قەیرانە قووڵە کۆمەڵایەتی و بژێوییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان. یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و ڕاپەڕینی چەوساوانی شار، لە ڕاپەڕینی گەڕەکی ‘کوی طلاب’ـی مەشهەد لە جۆزەردانی ٧١ـەوە تا ڕاپەڕینی برسییەکان لە خەزەڵوەری ٩٨ـدا، گەڕەکە کرێکارییەکان و پەراوێزی شارەکان بووە. ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا، داخوازیی خانووبەرەی ئارام و ستاندارد، یەکێک لە داخوازییە گرنگ و ڕەواکانی چینی کرێکار و هاوپەیمانەکانیەتی. بەڵام گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان و باشترکردنی ژیانی هەژاران و دەستەنگان لە ڕێگەی چالاکییە خێرخوازییەکان یان ڕێکارە تاکەکەسییەکانەوە ناگاتە هیچ کوێ. قەیرانی خانووبەرە قەیرانێکی کۆمەڵایەتییە و هەر بۆیەش وەڵامی کۆمەڵایەتیی دەوێت. خەبات بۆ دابینکردنی خانووبەرە، لە خەباتی بەرەی کار و زەحمەت لە پێناو ئازادی و بەرابەریدا جیاواز نییە. چارەسەرکردنی قەیرانی کەمیی خانووبەرە تەنیا دەتوانێت دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی خەباتی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و بێبەشکراوی کۆمەڵگا بێت. ئەزموونی جیهانی پێمان نیشان دەدات کە لە هەر گۆشەیەکی جیهاندا، کاتێک کرێکاران بە شێوەیەکی ڕێکخراو و یەکگرتوو بۆ داخوازی و مافەکانیان و لەوانەش بۆ دابینکردنی خانووبەرەی گونجاو خەباتیان کردووە و بە خەباتەکەیان دەوڵەتە سەرمایەدارییە دەسەڵاتدارەکانیان خستووەتە ژێر گوشارەوە، تا ڕادەیەک لە چارەسەرکردنی کێشەی خانووبەرە نزیک بوونەتەوە.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv