زیاتر لە یەک حەفتە بەسەر قەتعبوونی ئاوی تاران و کەرەج و هێندێک لە شارەکانی تر تێدەپەڕێ. بەرپرسانی حکوومەت لە چەند ڕۆژی سەرەتای قەیرانەکەدا بێدەنگییان گرتەبەر. بەڵام ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی مانگی جۆزەردان بەڕێوەبەری شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی تاران لەوپەڕی بێشەرمیدا ڕایگەیاند کە: “لەئێستادا لە هیچ شوێنێکی شاری تاران قەتعیی ئاومان نییە”. ئەم کارگێڕەی ڕژیمی ئیسلامی جەریانی قەتعیی یەک هەفتەیی ئاوی لە زیاتر لە بیست ناوچەی تاران و هەروەها شاری کەرەج بە “پڕۆسەی ئاسایی کردنەوەی پاڵاوتنی ئاو” پێناسە کرد و وتی: “سەعاتێک دەخایەنێ تا ئاوی پاڵاوتوو دەگاتێ”. درۆودەلەسەی مودیرعاملی ئاوی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدایە کە یەکێک لە مەقاماتی وەزارەتی نیرو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی مانگی جۆزەردان تەزەوکوری دابوو کە قەتعیی ئاو تا هەفتەی داهاتووش ئیدامەی دەبێت. جێگری هەماهەنگیی ئوموری ناوچەکانی شارەداریی تارانیش لە هەمان ڕۆژدا باسی لە درێژەی قەیرانی قەتعیی ئاو لە چەندین ناوچەی تاران کرد و وتی: “تانکێرەکانی هەڵگری ئاوی خواردنەوە لە شەودا لە مەیدانەکانی پایتەخت ڕادەوەستن تا پێویستیی هاووڵاتییان دابین بکەن. لەحاڵێکدا کە هێنێدک لە ڕاپۆرتەکان باس لە سەفی دورودرێژی خەڵک لە دەوروبەری تانکێرەکانی ئاو دەکەن، ئەم مەقامەی وەزارەتی نیرو ئاشکرای کرد کە ئاوی ئەم تانکێرانە خاوێن نییە و بۆ خواردنەوە نابێت و ئەم هەوڵە بەئامانجی ڕێگری لە سەرهەڵدانی ئیعتڕازاتی خەڵک ئەنجام دراوە.
نیگەرانی و گومانی خەڵک کاتێک زیاتر بوو کە مەسئولانی ئیدارەی ئاو و فازلاو وڵامی پەیوەندییەکانی خەڵکیان نەداوە و یان وڵامێکی ناڕوونیان پێدانەوە. لەلایەکەوە مودیرعاملی ئاوی ئۆستانی تاران وتی: “مەسیری ئاو بە کۆگایەکی گەورە لە بەرد بەستراوە. لەلایەکی دیکەشەوە، لە حاڵێکدا کە ئاو لە زۆرێک لە ناوچەکانی تاران قەتع بوو، مێحرابیان وەزیری نیروی دەوڵەتی ڕەئیسیی قاتڵ لە بەرامبەر هەواڵنێراندا ڕایگەیاند کە: “کێشەی ئاو لە هەموو شوێنێک چارەسەر کراوە”.
قەیرانی ئاو و بەرق بەتایبەت لە گەرمای بەتینی هاویندا نەتەنیا لە تاران بەڵکوو لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئێران، هەمیشە یەکێک لە کێشەکانی خەڵک بووە و ناڕەزایەتیی جەماوەری بەتایبەت لە ناوچە مەحرومەکان لێکەوتووەتەوە. لە حاڵێکدا کە تۆڕەکانی گواستنەوەی ئاو و ئاوەڕۆ و بەرق یەکجار کۆن و پرتووکاون، حکوومەتی ئیسلامی هیچکات سیاسەت و بەرنامەیەکی کردەوەیی بۆ دابینکردنی ئاوی سالم و باقیی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان نەبووە و تەنانەت حازر نەبووە داهاتی بەدەستهاتوو لە ئاو و بەرقی خەڵک بۆ نۆژنکردنەوەی تۆڕی ئاو و بەرق و ئاوڕۆ تەرخان بکات. بەڕێوەبەری پێشووی ئاو و ئاوڕۆی تاران دانی بەوە دانا کە زیاتر لە یەک لەسەر پێنجی ئاوی خواردنەوەی شار بەهۆی کۆنبوونی لەڕادەبەدەری تۆڕی گەیاندنی ئاوی تاران، بەفیڕۆ دەچێت. بەڵام لە ڕوانگەی حکوومەتی ئیسلامییەوە ئیعتڕاز بە کەمبوونی ئاویش مەسەلەیەکی ئەمنیەتییە و دەستبەجێ سەر و کەلەی مەئموورانی سەرکوتی دەزگا ئەمنی و نیزامییەکان پەیدا دەبێت و وڵامی خەڵک بە گولـلە و دەستگیری و زیندان و ئێعدام دەدەنەوە. لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کە هاوکات لەگەڵ قەتبوونی ئاو، قەتعیی بەرقیش بووەتە هۆی ئیعتڕازی خەڵک، دەزگا ئەمنیەکانی ڕژیم لەجیات وڵامدانەوەی گونجاو بە خەڵک، هەواڵی دەستگیریی سێ پێرسۆنێلی یەکێک وزەخانەکانیان بڵاوکردەوە کە گۆیا لەگەڵ “زیدی ئینقلاب” لە هاوکاری دا بوون و کاری تێکدەرانەیان لەم بەشەدا ئەنجام داوە. بێگومان ئەمە مەنتقی حکوومەتێکە کە درێژەی دەسەڵاتەکەی لەمەترسیدا دەبینێت.
ڕژیمی دژەئینسانی کۆماری ئیسلامی هەموو سەروەت و ئیمکاناتی ماڵیی کۆمەڵگای زەوت کردووە و لە هەموو لایەکەوە دەیکاتە خەرجی مانەوەی دەسەڵاتە گەندەڵ و کۆنەپەرستەکەی. لەم پێوەندەدا جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی قەزایی و یاسایی مەجلیسی کۆنەپەرست ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی مانگی جۆزەردان ئاشکرای کرد کە: “پووڵی ئازادکراوی ئێران لە عێراق لە جیاتی ئەوەیکە بۆ دابینکردنی ئاوی تاران تەرخان بکرێت تا خەڵک لە ئاوی “نیتراتدار” نەخۆنەوە، بۆ دراوی موسافرەتی حاجییەکان تەرخان کراوە”. یەحیا ئالی ئیسحاق سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی کۆماری ئیسلامی و عێراق هەفتەی ڕابردوو تەئکیدی کرد کە دراوی پێویستی حاجییەکان لەڕێگەی سێ ملیارد دۆلار پووڵی ئازادکراو لە عێراق دابین دەکرێت. بەمجۆرە هۆکار و بەرپرسی سەرەکیی کەم ئاوی و بێ بەرقی و نەبوونی باقیی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان کۆماری ئیسلامییە. بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ژینگەیی گونجاوی زۆرێک لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژاوای ئێران، قەیرانی کەم ئاوی بەتایبەت لەو ناوچانە ئاسایی و سرووشتی نییە. لەبەر ئەوەیکە ئێران لەبواری سەرچاوە و ئاوی سەتحی و ژێرزەمینییەوە یەکجار غەنییە. کۆماری ئیسلامی بە بێ لەبەرچاونەگرتنی بنەما زانستییەکانی کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاو، لەژێرناوی وەک “گەشە و خودکەفایی” و بە دروستکردنی بێ بەرنامە سەد و لێدانی لەڕادەبەدەری چاڵاو بۆ بەرژوەندی سەرمایەدارانی دەوڵەتی و خسووسی، جگە لە وێرانکردنی ژنگە و وشککردنی سەرچاوەکانی ئاو، قەیرانی بێ ئاوی و بێ بەرقیشی بۆ خەڵک دروستکردووە.
ڕژیمی ئیسلامی بە پێکهێنانی قەیرانی کەم ئاوی و باقیی قەیرانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، ساڵەهایە ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی خسووتە ژێر گوشارەوە. بێگومان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گوشاری ئەم قەیرانانە لەوانە قەیرانی ئاو و بەرق ڕێگایەک بێجگەلە ناڕەزایەتی و خەبات و ڕێکخستنی ئیرادەی جەماوەری وەگیانهاتوو بوونی نییە. ڕیشەکێشکردنی ئەم قەیرانانە و کارەساتی ژینگەیی کە هەڕەشە هەستی، ئەمنیەت و ڕەفاهی ئینسانەکان دەکات، لە گرەوی پێشڕەویی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکار لەپێناو ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران و لە گرەوی بە بەرقەرارکردنی دەسەڵاتی شۆرایی کرێکاران و زەحمەتکێشان و دامەزراندنی کۆمەڵگای سۆسیالیستی دایە. کۆمەڵگایەک کە وڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی ئینسانە و کەڵک وەرگرتنی عەقڵانی لە سەرچاوە سرووشتییەکان پێوەری سەرەکیی پێشکەوتن و گەشەیەتی. لە بارودۆخێکدا کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی سەرانسەری و شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی گشت دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایە لە ئێران لەئارادایە، بەشداریی چالاکانە لە بزووتنەوەکان و حەرەکەتە ئیعتڕازییەکان و هەوڵ بۆ پەرەپێدانی ئەم خەباتە لەپێناو بوون بە خەباتێکی سازماندراوی دژی سەرمایەداری و بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی سەرمایە، ئەرکی هەموو کۆمۆنیستەکانە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە