خەڵکی گوندی حسێن ئاوا لە ناڕەزایەتی بە بارودۆخی خراپی جادە و مەترسی خزبوونی لە وەرزی زستاندا دەستیان دایە داخستنی ئەو جادەیە.
خەڵکی ئەو گوندە چەندین ساڵە شاهیدی پێکدادان و وەرگەڕانی تانکەرە سووتەمەنییەکانن لەسەر ئەو جادەیە.
ئەو جادەیە شوینی هاتووچۆی تانکەرە سووتەمەنییەکانی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقە و بەو هۆیەوە خەڵکی ئەو گوندە لە ڕۆژی پێجشەممە ١٤ی ڕێبەندانەوە تا بە ئەمڕۆ ئەو جادەیەیان داخستووە و دەلێین تا ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندان کە بڕیارە پارێزگار بێت بۆ ئێرە، داخستنی ئەو جادەیە درێژەی هەیە.
شایانی باسە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ئەمساڵ وەرگەڕان و تەقینەوەی تانکەرێکی سووتەمەنی لەسەر ئەو جادەیە و ڕژان و بەرەوخواربونەوەی ماددە سوتەمەنییەکە بۆ نێو گوندەکە، بووە هۆی سووتانی ٣٠ خانووی هاووڵاتیان و چەندین ماشێن و هەروەها گیانلەدەستدانی ٣ کەس و بریندابوونی ٩ کەس.