فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

“دادخوازی بە سەرکوت خامۆش نابێت، لە مانگرتن بەردەوام دەبین”
دوشەممە ۰۵-۰۳-۱۴۰۴   |  26-05-2025

لە کاتێکدا کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە قەیرانی قووڵی ئابووریدا دەست و پێ لێدەدات و ناتوانێ پێداویستییەکانی کار تەنانەت ئاو، کارەبا، سووتەمەنی، کەرەستە و ئامێرەکانی بەرهەمهێنان دەستبەسەر بکات، هەموو ڕۆژێ لەگەڵ شەپۆلی نوێی مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاران و خاوەن پیشەکان بەرەوڕوو دەبێتەوە. درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی هاوکاتی کرێکاران، خاوەنانی بارهەڵگر و شۆفیرەکان، خاوەنانی کانگاکان، سیمان کاران، خانەنشینان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شەپۆلێکی نوێی لە ناڕەزایەتی دژبە کۆماری ئیسلامی لە سەرتاسەری ئێران خستووەتە ڕێ کە سەرانی ڕژیمی یەکجار نیگەران کردووە.

لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان، ڕۆژی یەکشەممە چواری مانگی جۆزەردان بۆ چوارەمین ڕۆژی بەردەوام خاوەنانی بارهەڵگر و شۆفیرەکان لە زیاتر لە ٧٠ شاری ئێران لە مانگرتن بەردەوام بوون و گواستنەوەی باریان ڕاگرت. “یەکیەتیی ڕێکخراوەکانی خاوەن بارهەڵگر و شۆفیرانی سەرتاسەری ئێران”، ڕۆژی ٢٤ی مانگی گوڵان لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکەوە ڕایانگەیاند کە لە ناڕەزایەتی بە بارودۆخی نالەباری کار و بژێویان لە ڕۆژی یەکی مانگی جۆزەردانەوە بۆ ماوەی یەک هەفتە مانگرتنی سەرتاسەری بەڕێوە دەبەن. ئەم بەیاننامەیە لەژێرناوی “دادخوازی بە سەرکوت خامۆش نابێت، لە مانگرتن بەردەوام دەبین”، وێڕای مەحکووم کرنی هەڵسووکەوتی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ شۆفیران و خاوەن بارهەڵگرە ناڕازییەکان، ڕایگەیاندووە کە هەتا وەدیهاتنی خواستەکانیان درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان دەدن. ئەم یەکیەتییە لە کۆتایی ڕۆژی چوارەمی مانگرتنەدا، ژمارەی ئەو شارانەی کە بە مانگرتن پەیوەست بوون ١٠٥ شار ڕاگەیاند.

پێویستە بوترێ کە هێزە سەرکوتگەرەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە هێندێک لە شارەکان بۆ نموونە لە تێرمیناڵی سنە، بە ئیسپرێی بیبار هێرشیان کردووەتە سەر خاوەن بارهەڵگر و شۆفیرەکان و ژمارەیەکیان دەستبەسەر کردووە. ئەم بەیاننامەیە وێڕای ئیدانەکردنی ئەم هەڵسووکەوتەی حکوومەتی ئیسلامی، خوازیاری ئازادیی دەستبەجێ و بێ مەرجی شۆفیرانی دەستبەسەرکراو بووە و هۆشداری داوە کە”ئەو شۆفیرەی بۆ نان و کەرامەت ئیعتراز دەکات، ئاژاوەگێر نییە. دەربڕینی ناڕەزایەتی تاوان نییە بەڵکوو مافی ئێمەیە.” هەر لەم ڕاستایەدا ڕۆژی شەممە ٣ی مانگی جۆزەردان هاوکات لە مەشهەد و ژمارەیەکی تر لە شارەکانیش نانەوایان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. لە مەشهەد نانەوایان لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵاتی ئیسلامییەوە هێرشیان کرایە سەر و بە گازی فرمێسکڕێژ و ئیسپرێی بیبار و باتوم هەڵیان کوتایە سەر ناڕازییان.

بێگومان پەرەسەندنی مانگرن و ناڕەزایەتیی شۆفیرانی بارهەڵگرەکان کاریگەری لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی زۆرێک لە بەرهەم و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان هەبووە و چالاکیی ئەم بەشانەی ڕاگرتووە. ئەم مانگرتنە لەناو دامودەزگاکانی حکوومەتیشدا نیگەرانی و ئاڵۆزی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. نیگەرانی لە پەرەسەندنی مانگرتنەکان، ئیعتراز و ناڕەزایەتییەکان، مەجلیسی شۆرای ئیسلامیشی گرتووەوە. لەم پەیوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی جۆزەردان، سەرپاسدار قالیباف سەرۆکی مەجلیسی ئیسلامی لە هەوڵ بۆ سادە نیشان دانی ناڕەزایەتییەکان و فریودانی شۆفیران و خاوەنانی بارهەڵگرەکان، ئەوانی بە بەشێک لە ئاڵقەی کاریگەری ڕەوتی بەرهەمهێنان و دابینکردنی کاڵا وەسف کرد و خوازیاری هەڵگرتنی هەنگاوی “خێرا و کاریگەر” بۆ جێبەجێ کردنی داخوازییەکانیان بوو. ناوبراو دانی بەوە دانا کە “شۆفیران و خاوەن بارهەڵگرە ناڕازییەکان لەگەڵ کێشەی جۆراوجۆر لەوانە نەبوونی ئۆتۆمبێلی گونجاو و کارا، خەرجی زۆری کەرەستە و پێداویستیەکانیان، دەست و پەنجە نەرم دەکەن”. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ناڕەزایەتیی خاوەنانی بارهەڵگر و شۆفیرەکان بێجگەلە ئەمانە لەدژی هاتنەخواری سەهمییەی گازۆیل و بەرزبوونەوەی نرخەکەی، چوونەسەری ٤٥%ی حەقی بیمەی شۆفیران، لەخوارێ بوونی کرێی بار و دابەش کردنی ناعادڵانەی بارە.

جواد نیک بین، ئەندامی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بوودجەی مەجلیسیش وێڕای دان پێدانان بە بەرزبوونەوەی زۆری نرخەکان، بڕانی کارەبا  و کەمبوونی گاز وتی: “لە هەموو شوێنێک ناڕەزایەتی هەیە. خاوەن بارهەڵگرەکان، خاوەن کانگاکان، کارخانەدارەکان، شۆفیرانی بارهەڵگرەکان، نانەوایان، خانەنیشان، هەر هەموویان ناڕازین. ئەم ئاستە لە ناڕەزایەتی ئاسایی نییە. دەڵێی لەم ڕۆژانەدا دەستێکی پشتی پەردە خەڵک بەرەو ئاژاوە و ناڕەزایەتی و کۆبوونەوە دەبات”.

ئەم ئاخوندە مفتەخۆرەی ئەندامی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بوودجە، کە هیچ شارەزاییەکی نییە بێجگەلە تەبلیغی خورافە و هەوڵ بۆ فریودان و بەڵاڕێدابردنی بیروڕای گشتی، دەیهەوێ ناڕەزایەتیی ڕوو لە گەشەی شۆفیران و خاوەن بارهەڵگرەکان، نانەوایان و کرێکارانی نانەواخانەکان، خانەنشنان و توێژەکانی دیکە لە وەها ئاستێکی بەریندا، نائاسایی نیشان بدات. بۆ ئەوەی وەک هەمیشە مانگرتن و ئیعترازی ئەم ئینسانە زەحمەتکێش و بێبەشانە، بە دەستی پشتی پەردە و بە پیلانی دوژمنانی دەرەکی و ناوخۆیی حکوومەتی ئیسلامییەوە گرێ بدات. تا بە خەیاڵی خۆی بتوانێ ئەوان لە داخوازی و درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتی پاشگەز بکات و هەڕەشە لە شۆفیران و خاوەن بارهەڵگرەکان بکات کە ئەگەر لە مانگرتن و ناڕەزایەتی بەردەوام بن، بۆ سەرکوت کردنیان پاساویان هەیە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە خاوەن بارهەڵگر و شۆفیرەکان، نانەواکان، خانەنشینان و توێژەکانی دیکە دەمێکە داواکاری و خواستی ڕوونی خۆیان بە دروشم و بەنێر لەسەر شەقامەکان هاوار دەکەن و خوازیاری وەدیهاتنی داخوازییەکانیانن. بەڵام هەتا ئێستا هیچ وڵامێکیان لەلایەن دەسەڵاتی ئیفلاسی ئیسلامییەوە پێنەدراوەتەوە.

لە وڵام بە فریوکارییەکانی قالیباف و بەڵێنە بێبنەماکانی دیکەی کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسلامی واتە کەم نەکردنەوەی سەهمییەی پایەی سوومەتەمەنیی شۆفیران، چارەسەرکردنی کێشەی بیمەی خاوەن بارهەڵگرەکان و هیتر، “یەکیەتیی ڕێکخراوە سەرتاسەرییەکانی خاوەنانی بارهەڵگر و شۆفیرەکان” لە بیاننامەکەی خۆیاندا ڕایانگەیاند: “ئەوەیکە قالیباف و جێگری سازمانی ڕاهداری و جێگری سازمانی تەئمینی ئیجتماعی خویان خستووەتە نێو ئەم مەسەلەیەوە، نەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەڵکوو بۆ کپ کردنی دەنگی مافخوازیی شۆفیرەکانە. لە پشت بزە و بەڵێنە میدیاییەکانیان، سەرکوت وەستاوە. بەڵام ئێمە شۆفیران فریوی ئەم شانۆیانە ناخۆین، نە ئەمڕۆ، نە سبەی”. لە کۆتایی بەیاننامەکەدا لە پێگەی هێزەوە هۆشدار بە حکوومەتی ئیسلامی دراوە کە: “هەتا زەمانەتێکی واقعی نەدەن، ئیستارت لێ نادەین. ئێستا نۆرەی ئێوەیە کە بۆ ڕازی کردنی شۆفیرەکان بپاڕێنەوە.

کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی لاوازی و داماویدایە. بەلەبەرچاوگرتنی ئەو بنبەستە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵامەتییانەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵی بەرەوڕووە، پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و توێژە زەحمەتکێشەکانی دیکەی کۆمەڵگا، چارەهەڵنەگر و حەتمییە. بەڵام کرێکاران، شۆفیران و زەحمەتکێشانی دیکە بۆ ڕزگاربوونیان لەم بارودۆخە فەلاکەتبارە ئابووری و بژێوییە، ڕێگایەکیان بێجگەلە خۆڕێکخستن بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و دژەکرێکارە لەپێش نییە. ڕێکخراوەی جەماوەری و چینایەتیی کرێکاران، پێکهێنانی ڕێبەریی سەرتاسەری، هاوپشتی و یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی دیکەی کۆمەڵگا، لە پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامییە.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv