
لە کاتێکدا کە ناڕەزایەتیی کرێکاران، خانەنشینان، مامۆسایان، پەرستاران، خوێندکاران و توێژە هەژارەکانی دیکەی کۆمەڵگا لە دژی بارودۆخی فەلاکەتباری ژیان، کە کۆماری ئیسلامی بەسەریانیدا سەپاندووە، بووەتە بەشێک لە حەقیقەتی کۆمەڵگای ئێران، نانەواکانیش کە ساڵەهایە لەئاست کێشە و گرفتەکانی کارەکەیان دژبە حکوومەتی ئیسلامی ناڕازی بوون، لەگەڵ پەرەسەندنی کێشە و ئاستەنگەکانیان، لەئاستی سەرتاسەریدا دەستیان داوەتە ئیعتراز. نانەواکان لە بانگەوازێکدا لەژێرناوی “دادپەروەری یانی نان لەسەر سفرەی خەڵک، نەک سەرکوتی دەنگی بژێو” کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویان کردەوە، داوایان کرد کە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی مانگی گوڵان لە سەعات ١١ی بەیانییەوە لە بەرامبەر فەرمانداری و ئۆستانداریی شارەکان کۆبوونەوەی ئیعترازی بەڕێوەبەرن. لە وڵام بەم بانگەوازە، ڕۆژی سێشەممە نانەواکان لە زۆرێک لە شارەکان لەوانە ئیسفەهان، تاران، کرماشان، سنە، مازەندەران، قەزوین، بەندەرعەباس، و چەند شاری دیکە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. لەم کۆبوونەوانەدا نانەواکان لەڕێگەی بەدەستەوەگرتنی بەنێر و پلاکارد و بە وتنەوەی دروشم لەدژی سیاسەتە ئابوورییەکانی ڕژیمی ئیسلامی و لەدژی بایەخ نەدانی بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی بە کێشەکانیان، هاتنە سەر شەقامەکان.
کێشە و گرفتی نانەواکان کە لە دروشمەکانیشاندا دەوترایەوە، بریتی بوو لە: چەند بەرابەر بوونی کرێی دووکان، چوونەسەری خەرجی بیمە، گران بوونی نرخی بەرق و سووتەمەنی و ئاو، گران بوونی نرخی کەرستە و ئامرازەکانی کار، نەبوونی یارانە و چوونەسەری هەزینەی خزمەتگوزاریی ئیداری، پلۆمب کردنی نانەواخانەکان و هیتر. ئەوان هەروەها لەئاست بێ کفایەتی و وڵام نەداوەی دەوڵەت بە داواکارییەکانیان ناڕازین. حکوومەتی ئیفلاسی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم سینفە کە سەدان هەزار کەس لە کرێکاران تێیدا خەریکی کاری تاقەت پڕووکێنن، یارمەتیی نەداون بەڵکوو بە نەدانی سەری وەختی یارانەکان، بە ئانلاین نەبوونی هەمیشەی سامانەی نان، بە سەقامگیرنەکردنی نرخی نان و بە کەمکردنەوەی سەهمیە، کێشە و گرفتەکانیانی زیاتر کردووە. داخوازیی نانەواکان بریتی بووە لە پێدانی ڕاستەوخۆ و سەری وەختی یارانەکان بە خەڵک، لابردنی کارتخانی هوشمەند، واقعی کردنی قیمەتی نان بەپێی چوونەسەری هەزینە و خواستەکانی دیکە.
لەو ڕۆژەدا نانەواکانی کرماشان لە بەرامبەر دەفتەری ئیتحادیەی سینفیی پەیوەنیدار خوازیاری ڕاگەیاندنی دەستبەجێی نرخی نان، خستنە سەر حیسابی کۆمەک هەزینەی دواخراو، گەڕاندنەوەی موعافیەتی ٢٠%ی سەهمی بیمەی خاوەنکار و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای بردنەسەری حەقی بیمەی نانەواکان بوون کە سازمانی تەئمینی ئیجتماعی ڕۆژی یەکشەممە بۆ هەر یەک کەس ساڵانە، لە یەک و نیو ملیۆن تمەنەوە بۆ ٣ ملیۆن و نیو زیادی کردبوو. ڕاگرتنی گەشتی هاوبەش هەتا کاتی ڕاگەیاندنی نرخی عادڵانەی نان، خواستێکی دیکەی ئەوان بوو. لەسەر بەنێرە ئیعترازییەکەیان نووسرابوو “نانی باش، ئاردی باشی دەوێ، نرخ باشی دەوێ. نیگەرانیی ئێمە کەمبوونی ئارد، کرێی دووکان، خەرجی ئاو، بەرق، گاز، مایەی هەویر، جەریمە و هیترە”. نانەواکانی ئیسفەهانیش ڕۆژی سێشەممە بە وتنەوەی دروشمی “هەتا کەی بەڵێن، هەتا کەی بێ کفایەتی”، “بەرپرسی بێ کفایەت، ئیستعفا، ئیستعفا” داواکاری و ئیعترازی خۆیان بەیان کرد. لەم ڕۆژەدا نانەواکانی تارانیش لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیاندا وێڕای وتنەوەی دروشمی “نانینو حەیا کە، نانەوایی ڕەها کە” دژبە کردەوەی تێکدەرانەی ئەم سیستمە دەوڵەتییە کە بووەتە هۆی وەرشکست بوونی ژمارەیەک لە نانەواییەکانی سەرتاسەری ئێران، ئیعترازیان کرد.
شکستی پڕۆژەکانی ڕژیم لە هەموو بوارەکان بۆ نموونە پڕۆژەکانی وەک “نانینو” یان پڕۆژەی هوشمەند کردنی یارانەی نان، سامانەی دەرمان، سامەنەی هەدەفمەندکردنی یارانەکان و هیتر کە لە ساڵی ١٤٠١ لە سەردەمی دەوڵەتی ڕەئیسیی قاتڵدا وەڕێیان خست، خۆیان بوونەتە هۆی پەرەستاندنی زیاتری کێشەکان لەم بوارانەدا. دەوڵەتی پزشکیان لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەبیانووی ڕانەگەیاندنی قیمەتی ئاردی نانەواخانە “ئازادپەزەکان”، سەهمیەی ئاردی کارخانە و نانەواییەکانی دیکەشی ڕاگرتووە. بەم کارە هەم کرێکارانی نانەواییەکان و هەم خەڵکیان تووشی کێشە کردووە و هەم خاوەنانی نانەواخانەکانیش لەگەڵ چوونەسەری هەزینەکان بەرەوڕوو بوونەتەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە بۆ نموونە لە شارێکی وەک کرماشان لە بەرامبەر هەزار و پەنجا ناوەندی نانەوایی بە سەهمیەی ئاردی دەوڵەتی، کەمتر لە ٣٠ نانەوایی ئازادپەز بوونی هەیە. خاوەنانی نانەواخانەکان دەڵێن: “ناتوانن نرخی نان بەپێی چوونەسەری خەرجییەکان زیاد بکەن چونکە لە بارودۆخی هەژاری و نەهامەیی ئێستادا خەڵکی هەژار ناتوانن نان بکڕن. ئەوان دەڵێن لەژێر باری فشارە ئابوورییەکاندا پشتیان چەماوەتەوە”. خاوەنی نانەواییەکان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە نان بە نرخی ساڵی ١٤٠٠ دەفرۆشن و بە خەرجیی یەکجار زۆری ساڵی ١٤٠٤ نان بەرهەم دێنن.
بەڵام حکوومەتی داماوی کۆماری ئیسلامی، لە جیاتی دابین کردنی پێداویستییەکان بۆ درێژەی کاری ئەم توێژانەی کۆمەڵگا، هەروەک نانەواکان لە سەردێڕی بانگەوازەکەیاندا نووسییان، تەنیا دەنگی داخوازیی بژێوی خەڵک سەرکوت دەکات. بەپێی ئاماری ناوەندە پەیوەندیدارەکان، زیاتر لە ٨٢ هەزار یەکەی بەرهەمهێنانی نان لە ئێراندا هەن. سەدان هەزار کرێکاری نانەواخانە نێوەشەو هەتا نیوەڕۆ بە کەمترین ئیمکانانەتەوە لە گەرمای سووتێنەردا کاردەکەن. بە وتەی بەرپرسی یەکیەتی نانەواکانی بۆجنوورد، “کرێکارانی نانەواخانە بە حەقدەستی ٧ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەن کار دەکەن”. ئەم حەقدەستە کەمە کە چوار بۆ پێنج بەرابەر لە ژێر هێڵی هەژارییدایە، لە بەرامبەر دە سەعات کار لە بارودۆخێکی سەخت و تاقەت پڕووکێن، بە بێ بیمەکردن لەلایەن خاوەن نانەواخانەکانەوە دەدرێتە کرێکاران. بەپێی یاسای دژەکرێکاری سازمانی “تەئمینی ئیجتماعی”ی ڕژیم، لە نانەواخانەکاندا تەنیا کاری شاتر وەک کاری سەخت لەبەرچاو دەگیرێت و باقیی کارەکانی دیکەی کرێکاران کە لە بەردەم نەخۆشی و زیانەکانی ئەم پیشەیەدان، بیمە نایانگرێتەوە و خاوەنانی نانەواخانەکانیش بۆ بیمەی کرێکاران هەزینەیەک نادەن. بەڵام لە بارودۆخی قەیرانی ئابووریی دەوڵەتی ئیسلامی و بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، کرێکارانی نانەواخانەکان بۆ درێژەدان بە ژیانی مەمرە و مەژییان، ناچارن ئەم بارودۆخە زیانبارە قبوڵ بکەن. بارودۆخی فەلاکەتباری کرێکارانی نانەواخانە لە کاتێکدایە کە ئەگەر ئەوان تەنانەت یەک ڕۆژ کار نەکەن، چەرخی کۆمەڵگا دەوەستێت. هەتا کاتێک کە کرێکاران لە ڕێکخراوە سەربەخۆ چینایەتییەکانیاندا خۆیان ڕێکنەخەن و دەست نەدەنە خەباتی یەکگرتووانە و سەرتاسەی لەدژی ئەم بارودۆخە، ژیان و گوزەرانیان هەر بەم شێوە دەبێت و دەسەڵاتدارانی سەرمایە و خاوەنکارانی سەرمایەدار، دەست لە پەرەپێدانی چەوساندنەوەی کرێکاران هەڵناگرن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
alternative-shorai.tv
cpiran.org
komala.co
t.me/peshrawcpiran
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn
t.me/KomalaCpiranTv