لە چوارچێوەی گرتنەبەری ڕێکارێکی توندی ئەمنی، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی جۆزەردان، لە لقی یەکی دادگای تاوانەانی جۆلەمێرگ، یەکەم دانیشتنی دادگایی کردنی “محەممەدسدیق ئاکش” سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ کە لە پشکی دەم پارتییە بەتۆمەتی سکاڵایەک کەگوایە لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکوو ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە دەستگیرکراوە و دادگایی دەکرێت. بە گوێرەی مێدیاکانی تورکییە بڕیارە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگای جۆلەمێرگ دوایین دانیشتن بێت بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو دۆسیەی سەرۆکی شاروانی جۆلەمێرگ. شایانی باسە، دوو ڕۆژە سەرۆکێکی شارەوانی بە بڕیاری قەیوم لە جۆلەمێرگ دەستبەکاربووە، هاوکات ناڕەزایی دەربڕینی هاووڵاتییانی باکووری کوردستان بە تایبەت لە جۆلەمێرگ لە دژی سەپاندنی قەیوم لەو پارێزگایە بەردەوامە. هەروەها بۆ ڕێگری لە دروستبوونی خوپیشاندانی فراوانی جەماوەری بڕیاری قەدەغەی چالاکیی و خۆپیشاندان لە دیاربەکر و وان درێژکرانەوە. بڕیارەکانی درێژکردنەوەی قەدەغەکردنی هەموو چالاکییەک دوای ئەوە دێت کە دەم پارتی داوای لە لایەنگرانیی و هاووڵاتییانی باکووری کوردستان کردووە بە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی بڕیاری سەپاندنی قەیوم ڕەت بکەنەوە.