ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی مانگی گەڵاڕێزان موحاکمەی سەرانی ڕژیمی ئیسلامی لە دادگایەکی سەربەخۆی نێونەتەوەیی دیکە لە لەندەن، بە تاوانی کوشتنی پتر لە ١٥٠٠ کەس لە خەڵکی ئێران لە گەڵاڕێزانی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی دەستیپێکرد. قەرارە ئەم دادگاییە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ درێژەی بێت. ئەم دادگایە بە هەوڵی سێ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لەوانە “ڕێکخراوی پێکەوە دژبە سزای سێدارە”، ڕێکخراوی عەداڵەت بۆ ئێران” و “ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران”، بە بەشداریی قازی و پارێزەر و شارەزایانی بەناوبانگی بواری یاسا و پسپۆڕانی مافی مرۆڤ و پەیوەندی نێونەتەوەیی، پێکهاتووە. ئەم دادگایە ساڵی ڕابردوو بە ئامانجی بەدواداچوونی بنەماڵەی قوربانیانی ئەم کوشتارەی کۆماری ئیسلامی پێکهات و لەم ماوەیەدا ئامادەکاری و لێکۆڵینەوەی سەرەتایی ئەنجام داوە. یەکێک لە دادستانەکانی ئەم دادگایە ساڵی ڕابردوو لەڕێگەی نامەیەکەوە بۆ باڵوێزی ئێران لە لاهە، بانگهێتشی چەندین بەرپرسی حکوومەتی ئیسلامی کرد و خوازیاری پێدانی بەڵگەی ئەم جەنایەتە بوو کە بێ وڵام مایەوە.
وین جرداشکیوسی سەرۆکی ئەم دادگایە سەبارەت بە پێکهاتنی دادگاکە وتی: “دادگای جەنایاتی ئێران(واتە کۆماری ئیسلامی) لە مافناسانی سەربەخۆ و بێ لایەن پێکهاتووە تا حەقیقەتەکان دەرکەون و بەپێی بنەما یاساییەکان و ویژدانی ئینسانی بەرپرسایەتیی ئەم جەنایاتە بسەلمێندرێت و هەرجۆرە خۆدەربازکردن لە سزا بۆ جەنایاتی نێونەتەوەیی کۆتایی پێ بێت و هەوڵ بدرێت خەساراتی قوربانیان قەرەبوو بکرێتەوە”. قەرارە لە ماوەی ئەم پێنج ڕۆژەدا دادگا بە پێی بیستنی شەهادەتی ٤٥ شایەد لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و لێکدانەوەی شەهادەتی بەنووسراوەی ١٢٠ شایەدی دیکە، لەسەر ڕۆڵی ١٣٣ کەس لە سەرانی پایە بەرزی ڕژیمی ئیسلامی لە کوشتاری گەڵاڕێزانی ٩٨ لێکۆڵینەوە بکات و لە دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٢دا دەنگی خۆی لەم پێوەندەدا دەربکات. لەم جەنایەتە وەحشیانەیەدا دەزگا ئەمنییەتی و هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بە فەرمانی کاربەدەستانی حکوومەت لەوانە خامنەیی و بە تەقەی ڕاستەوخۆ بەرەو سەر و سینگی کەسانێک کە لە ئاست چوونەسەرەوەی بێنزین ناڕازی بوون، بێجگەلە کوشتنی زیاتر لە ١٥٠٠ کەس و بریندار کردنی چەندین هەزار ئینسان لەوانە منداڵان، دەستیان دایە دەستگیریی هەزاران کەسی دیکە و ئەشکەنجە و کوشتنی ژمارەیەکیان لەژێر ئەشکەنجەی وەحشیانەدا. بەڕێوەبەرانی دادگاکە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی گەڵاڕێزان لە بەیانییەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە “دادگا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە دەکات کە ئایا تاوانی ئەنجامدراو لە لایەن کۆماری ئیسلامی لەوانە خامنەیی، ڕووحانی سەرۆک کۆماری پێشوو و ئیبراهم ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای قەزایی ئەو سەردەم، شەمخانی سەرۆکی شۆرای ئەمنییەتی میللیی ڕژیم و ڕەحمانی فەزلی وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی ڕووحانی، لە زومرەی جەنایەت دژبە مرۆڤایەتییە یان نا؟”
چەخماخەی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی ساڵی ٩٨ کە ڕۆژی ٢٤ی گەڵاڕێزان دژبە چوونەسەرەوەی سێ بەرابەری قیمەتی بێنزین لێدرا، ئاگری ژێر خوڵەمێشی تووڕەیی و نەفرەتی جەماوەری دژبە ڕژیمی ئیسلامی بۆ جارێکی دیکە گەشاندەوە و بەخێرایی پتر سەد شاری ئێرانی تەنییەوە. ئەم ڕاپەڕینە لە هەلومەرجێکدا دەستپێکرد کە ژیان و گوزەرانی ملیۆنان کەس لە کرێکاران و باقی توێژە هەژارەکانی خەڵکی ئێران و بنەماڵەکانیان بەهۆی قەیرانی قووڵی ئابووریی ڕژیم، لەگەڵ هەژاری و برسیەتیی لەتاقەت بەدەر، بەرەوڕوو ببۆوە. حاکمانی کۆماری ئیسلامی و لە سەروویانەوە خامنەیی کە مانەوەی دەسەڵاتەکەیان لە مەترسیدا دەبینی، بەرنامەی سەرکوتی وەحشیانەیان ئاگاهانە بەئامانجی چاوترسێن کردنی خەڵک لەڕێگەی داسەپاندنی کەشوهەوای ترس و وەحشەت و بەئامانجی ڕێگری لە پەرەسەندن و دووپاتبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان، داڕشتبوو. بەمجۆرە بوو کە لەوپەڕی بێرەحمیدا بە هەموو جۆرە تۆپ و تانک و چەکێک، لە زەوی و ئاسمانەوە لە گیانی ناڕازیان بەربوون. لە شاری سنە و کرماشان ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانیان بەدەستی بەستراوەوە لە دەریاچە هاویشت و خنکاندیانن. بەکرێگیراو و ئەوباش و چەقۆکێشەکانیان بۆ ڕووخاندن و دزی و ئاگرتێبەردانی شوێنە گشتیەکان و قەڵت و بڕکردنی خەڵک نارد تا ناڕازیان بشێوێنەر و تاڵانکەر پێناسە بکەن. بە ڕفاندنی تەرمی قوربانیانی و پچڕاندنی ئینتەرنێت، بە خەیاڵی خۆیان ویستیان ئاستی جەنایەت و ژمارەی کوژراوەکان نهێنی بهێڵنەوە. هەواڵنێریی ڕوویتێرز لەسەر زاری سێ سەرچاوەی نزیک بە خامنەیی ئاشکرای کرد کە ناوبراو وتوویەتی “هەر کارێک پێویستە بۆ ڕاگرتنی ناڕەزایەتییەکان ئەنجامی بدەن”. حەسەن ڕووحانی و باقیی کارگێڕانی ئەم ڕژیمە چەندین مانگ بە درۆ و فریو لە ڕاگەیاندنی ژمارەی قوربانیان و ڕادەست کردنی تەرم بە بنەماڵەکان خۆیان بوارد. خافڵ لەوەیکە لە سەردەمی ئینتەرنێت و وشیاریی خەڵکدا، دەستبەجێ پیلانگێڕیەکەیان ئاشکرا دەبێت و جەنایەتەکانیان لێ لەقاو دەدرێت.
بەڵام ئەوە یەکەم جار نییە کە سەرانی کۆماری ئیسلامی لە دادگا نێونەتەوەییەکاندا بە تۆمەتی کوشتار و جەنایەت و تیرۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات موحاکمە دەکرێن. دادگای میکۆنوس لە ئاڵمان پاش پێنج ساڵ لێکۆڵینەوە لەسەر تیرۆری ڕێبەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٣٧١ لە لایەن کۆماری ئیسلامی، حوکمی خۆی دەرکرد. ئەم دادگایە سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ڕژیم و تەنانەت دزینی بەڵگەکان لە لایەن دەفتەری “هێلموت کۆهێل”، ڕاوێژکاری پێشووی ئاڵمان و ڕێگری لە درێژەدانی، بە هیمەتی قازییە بەڵێندارەکان بە دەرکردنی حوکم، کۆتایی بەکاری خۆی هێنا. ئەم دادگایە بێجگەلە ئەوەیکە چوار کەس لە تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامیی بە زیندانی هەتاهەتایی و درێژماوە مەحکووم کرد، بڕیاری قوڵبەست کردنی عەلی فەلاحیان وەزیری ئەوکاتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیشی دەرکرد. دادگای میکۆنوس هەروەها ڕایگەیاند کە ئەم تیرۆرە بە ئاگاداری و بە فەرمانی عەلی خامنەیی ڕێبەر، ڕەفسەنجانیی سەرۆک کۆمار و وەلایەتی وەزیری دەرەوە ئەنجام دراوە. لە نموونەیەکی دیکەدا دادگای دەرخەری حەقیقەتی “ئیران تریبوناڵ” لە لاهەی هۆلەند لە مانگی ئووتی ٢٠١٢، گشت ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بە خاتری جەنایەت و کوشتاری هەزاران کەس لە ساڵەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی مەحکووم کرد. موحاکمەی حزووریی حەمید نووری لە دەست و پێوەندەکانی کۆماری ئیسلامی هەر بەم تاوانە لە دادگایەک لە ستۆکهۆڵمی سۆئێد لە جەریان دایە.
ئەگەرچی دادگای نێونەتەویی لەندەن بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر کوشتاڕی ڕاپەڕینی ٩٨ سەمبۆلیکە و بەداخەوە لە باروودۆخی ئێستادا زەمانەتی کردەوەیی نییە، بەڵام مەرهەمێکە بۆ زامی بنەماڵە جەرگ سووتاوەکانی ئەم جەنایەتە. ئەم دادگاییە هەم دەبێتە هۆی ڕسوابوونی زیاتری حاکمانی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی و هەم بەدواداچوون و پەیگیری لە دەرەوەی وڵات مومکین دەکات و هیوا بە دادگایی و سزای هەموو جەنایەتکارانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە دڵاندا بەهێز دەکات.