ڕۆژی شەممە ١٣ی مانگی گەلاوێژ مەسعوود پزیشکیان بە بەشداری لە کۆبوونەوەی ستادی ئەربەعین یەکێک لە فەرمانە سەرەتاییەکانی سەرۆک کۆماریی دەرکرد و وتی: ”هەموو ئەو ناوەند و بەشە دەوڵەتییانەی کە لە بەڕێوەبردنی ئایینی ڕێپێوانی ئەربەعیندا بەشدار دەبن، ئەرکی سەرشانییانە کە بەڵێنەکانیان لە ئاست ئەربەعین بە باشترین شێوە بەجێ بێنن. دابینکردنی ئەسبابی ئاسایش و ڕەزایەتی زیارەتکارانی ئەربەععین دەبێ لە ئەولەوییەتدا بێت و هیچ پاساوێک سەبارەت بە ناڕەزایەتیی خەڵک قەبووڵ ناکرێت”. سەرۆک کۆماری ملکەچی ولایەت ئەم فەرمانە کۆنەپەرستانەیە لەڕێگەی تاڵانکردنی بژێوی خانەنشینانەوە دەردەکات. ئەو خانەنشینانەی کە زیاتر لە دوو ساڵە هەموو حەفتەیەک دێنە سەر شەقام و هاوار دەکەن “سفرەمان خاڵییە، وەعدە و وەعید کافییە”. هەڵبەت دەوڵەتەکانی پێشووش بە تاڵانکردنی سندووقەکانی تەئمینی ئیجتماعی خانەنشینان بەشێک لە کەسری بوودجەی خۆیان پێ دابین کردووە. ئێستاش پزیشکیان ئەم دکتورە باوەڕمەند بە خۆرافەیە، کە دەوڵەتەکەی بەرەوڕووی کەسری بوودجەی بەرینترە، قەرارە هەزینەی بەڕێوەبردنی مەراسیمی کۆنەپەرستانەی ئەربەعین بەسەر “سفرەی بەتاڵ”ی خانەنشیناندا بسەپێنێ. لە بەڵگەیەکدا کە دوو هەفتە لەمەوبەر ئاشکرا بوو، کارگرووپێکی وەزارەتی بەناو “تەعاون، کار و ڕەفاهی ئیجتماعی” بڕیارێکی دەرکردووە کە بەپێی ئەم بڕیارە دەبێ لە سەرجەم سندووقەکانی خانەنشینی سەربەم وەزارەتخانەیە بڕی ٢٥٠ ملیارد تمەن وەربگیرێت و بۆ ئامانجگەلێکی وەک مەراسیمی ئەربەعین خەرج بکرێت. لەم بڕە پارەیە ١٠٠ ملیارد تمەنی دەدرێتە قەرارگای ئەربەعین، ١١٠ ملیارد تمەنیشی بۆ دابینکردنی هەزینەی میوانیی ١٠ کیلۆمیتریی “غەدیر و ڕاهیانی نوور” خەرج دەکرێت و ٤٠ ملیارد تمەنیش بۆ تەقویەتی مەدرەسەی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی مەبانیی ئەندیشەی ئیسلامی تەرخان دەکرێت.
ئەم دزییە گەورە و بێشەرمانەیەی ڕژیم لە سندووقەکانی خانەنشینی کەوتووەتە بەر ناڕەزایەتیی شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سینفییەکانی موعەلیمان و ڕێکخراوەکانی خانەنشینان و ڕایانگەیاندووە: ”لە بارودۆخێکدا کە زۆرێک لە خانەنشینان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، دەوڵەت سەدان ملیارد تمەنی لە داراییەکانی سندووقی بیمەی خانەنشینی هەڵگرتووە و دەیکاتە هەزینەی مەراسیمی ئەربەعین”. دابینکردنی وەها بوودجەیەک بۆ بەڕێوەبردنی ئەم مەراسیمە خورافی و کۆنەپەرستانەیە لە سندووقەکانی تەئمینی ئیجتماعیی خانەنشینان نیشانەی ئەوپەڕی داماوی و داڕمانی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامییە. پێویستە بوترێ کە بەڕێوەبردنی مەراسیمی خورافیی ئەربەعینیش سەرچاوەیەکە بۆ دزی و گەندەڵیی بەرپرسان و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی. حکوومەتی ئیسلامی ساڵەهایە هەزینەی بەرینی ڕێوڕەسم و تەبلیغ و پەرەپێدانی ئایدیۆلۆژیی پرتووکاوی ئیسلامی بەسەر سفرەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا دەسەپێنێ. بەڵام ڕژیم سەرەڕای هەموو ئەمانە نەتەنیا نەیتوانیوە جەماوەری خەڵک فریو بدات و بەرەو ئەم مەراسیماتە ڕایانکێشێت، بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر کەوتووەتە پەراوێزەوە و تووڕەیی و بێزاریی خەڵکی زیاتر پەرەپێداوە. ئاکامی چوار شانۆی هەڵبژاردنی ئەم دواییەی ڕژیم بە ڕوونی ئەم ڕاستییەی سەلماند. سەرەڕای هەموو ئەم هەزینانە و تەرخانکردنی وام و خزمەتگوزاریی بێبەرامبەر و هەموو ئیمکاناتێکی دیکە، ئامارەکان نیشانی دەدەن کە ساڵی ڕابردوو داواکاری بۆ بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ئەربەعین لە چاو ساڵی پێشتری یەک لەسەر سێ کەمی کردووە.
دەوڵەتی مەسعوود پزیشکیان لە کاتێکدا فەرمانی تەرخانکردنی بوودجەی ٢٥٠ ملیارد تمەنی بۆ ڕێپێوانی ئەربەعین دەردەکات کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانی ڕیشەیی و دزی و گەندەڵیی سیستماتیک لە هەموو ئۆرگانەکانی حکوومەت بەرەوڕووە. لە زۆرێک لە پارێزگاکان توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا تەنانەت بەخاتری کەمبوونی ئاوی خواردنەوە کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە و دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بۆ دابیکردنی پێداویستییانی ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش کارێک بکات. بێگومان ئەم بارودۆخە فەلاکەتبارە درێژەی دەبێت و پزیشکیان لە پێگەیەکدا نییە کە بتوانێ لە سیاسەتی ئابووریی ڕژیمدا ئاڵوگۆڕێک پێکبێنێت و توانا و زەرفیەتی ئەوەشی نییە. ئەو ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە بەرنامەیەکی جیا لە بەرنامەی ڕێبەری نییە. خامنەییش لە مەراسیمی تەنفیزی حوکمی سەرۆک کۆماریدا وێڕای هەست بە مەترسیی وەرشکستەیی کامڵی ئابووری تەنیا یەک ڕستەی وت، ئەویش ئەوە بوو: ”ئەولەوییەتی ئەمڕۆی وڵات پرسی ئابوورییە”.
خامنەیی باش دەزانێ کە نە ئەو، نە پزیشکیان، نە ئیسلاح تەڵەب و ئوسوولگەرا و نە هەستەی مەرکەزیی سپای پاسداران، نەتەنیا توانای پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی ڕیشەییان لە بارودۆخی نالەباری ئابووریدا نییە، بەڵکوو تەنانەت ئەگەر بیشیانهەوێ ناتوانن بەربە دزی و گەندەڵیی ماڵیی ڕێبەرانی حکوومەت و فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران بگرن. ڕاپۆرتەکانی “ڕێکخراوی شەفایەتی جیهانی” نیشانی دەدات کە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ڕابردوو لە گەندەڵیی ئابووری، ئیداری و سیاسیدا نوقم بووە. ئاماری بانکی مەرکەزیی ڕژیمیش نیشانی دەدات کە قەرزی دەوڵەت بە نیزامی بانکی لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە گەیشتووەتە هەزار و ٣١٠ تریلیۆن تمەن و لەماوەی سێ ساڵ سەرۆک کۆماریی ڕەئیسیی قاتڵ قەرزی دەوڵەت بە نیزامی بانکی دوو بەرابەر بووە. وەزارتی ئابووری و کاروباری دارایی لە نامەیەکدا بە ڕێکەوتی ٦ی مانگی پووشپەڕ باسی لەوە کردبوو کە گشت خەزێنەی دەوڵەت لە ئێستادا بڕێک زیاتر لە ١٠ هەزار ملیارد تمەنە. لەمبارەوە سایتی ئیعتماد لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کە گشت ئەم پووڵە تەنانەت بەشی حقووقی سێ ڕۆژی کارمەندانی دەوڵەت ناکات.
بنبەستی ئابووریی ڕژیم گەیشتووەتە ئاستێک کە حکوومەتی دەرماندەی ئیسلامی ڕووی کردووەتە هەڕاجکردنی ئەمواڵ و ناوەند و بۆنگا دەوڵەتییەکان کە ئەمواڵی سازمانی تەئمینی ئیجتماعیش دەگرێتەوە. ئەم دەستدرێژییە بۆسەر سندووقەکانی تەئمینی ئیجتماعیی خانەنشینان هێرشێکی دیکەی حکوومەتی ئیسلامییە بۆسەر ژیان و بژێوی کرێکاران و خانەنشینان. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەم ڕێگایانەوە هەوڵ دەدات خۆی لەسەر پێ ڕابگرێ. هێنانە سەر کاری پزیشکیان و دانانی مۆرەی وەک جەوادی زەریف لە کابینەشدا هەوڵێکی دیکەیە لەلایەن ناوەندی ڕێبەریی سپای پاسداران و خامنەییەوە. تا بەڵکوو بتوانن بەستێنێکی گونجاوتر بۆ چوونە ناو وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا بە ئامانجی لابردنی گەمارۆکان و دەستڕاگەیشتن بە پارەی فرۆشی نەوت پێکبێنن.
بەلەبەرچاوگرتنی قەیرانی قووڵی ئابووری، سیاسی و ناوچەیی و درێژەی گەمارۆکان، ئاسۆیەکی ڕوون بۆ باشتروونی بارودۆخی ژیانی کرێکاران و توێژە بەشمەینەتەکانی دیکەی کۆمەڵگا لەبەرچاو نییە. سیاسەتەکانی حکوومەتی ئیسلامی نەتەنیا نەیتوانیوە و ناتوانێ بەرنامەیەک بۆ هێنانە خواری ئاستی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری بەدیبێنێت، بەڵکوو بەردەوام هەژاری و نەهامەتیی ئابووریشی زیاتر پەرەپێداوە. کۆتایی هێنان بە هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و بێ مافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە مەسیری ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی، ئەرکی سەر شانی چینی کرێکاری ڕێکخراو و سازماندراوە.